سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

کاروان کازم ناوبژیوانی کورد لە خولی پلەیەکی نەرویج لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا: لەماوەیەکی کەمدا گەیشتمە ئاستی پلەیەکی کاری ناوبژیوانی و هەوڵی گەیشتن بە ئاستی نایاب دەدەم

کاروان کازم ناوبژیوانێکی کوردی دانیشتووی وڵاتی نەریجە، ماوەی ١٢ ساڵە کاری ناوبژیوانی دەکات، بەهۆی بەرزی ئاستیەوە ساڵ دوای ساڵ قۆناغەکانی کاری ناوبژیوانی لە وڵاتی نەرویج بڕیوە و لە ئێستەدا لە ئاستی پلە یەکی ئەو وڵاتە کاری ناوبژیوانی دەکات، ساڵی ٢٠٢٠ وەک باشترین ناوبژیوانی ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دەست نیشانکراوە و بڕوانامەی یەکەم بوونی وەرگرتووە، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا باسی کاری ناوبژیوانی لە نەرویج دەکات.

کەی دەستی پێکردووە؟
دەربارەی کاری ناوبژیوانی و دەسپێکی کارەکەی، ئەو ناوبژیوانە کوردە گووتی: خۆم لە ساڵی ١٩٩٧ لەشاری کۆیە لەدایک بووم، دوای ئەوەی ڕومکردە تاراوگە لە تەمەنی سێ ساڵیەوە دانیشتووی ئۆسلۆین، لە تەمەنی ١٤ ساڵیەوە دەستم کردووە بە کاری ناوبژیوانی و هەنگاو بە هەنگاو لەو بوارەدا بەرەو پێش چووم، لە ئێستەدا ناوبژیوانی پلە یەکی نەرویجم و کار بۆ ئەوە دەکەم بگەمە بەرزترین ئاستی ناوبژیوانی کە پلە نایابە.

باوکی پاڵپشتیەکی باشی دەکات
کاروان کازم کوڕی کازم کۆییە، لەڕابردودا باوکی یەکێک بووە لەیاریزانەکانی هەڵبژاردەی کۆیە و یانەی هێرشی کۆیە بووە، ئەو هاندەرێکی باشی ئەو ناوبژیوانە کوردەیە بۆ ئەوەی لەکارەکەیدا بەرەو پێش چوونی باشتر بەخۆیەوە ببینێت و سەرکەوتوو بێت.

پاڵێوراوە بۆ ئاستێکی بەرزتر
خۆشویستنی بۆ کاری ناوبژیوانی ئەو ناوبژیوانە کوردەی زیاتر ناساندووە و هەردەم لە ناوبژیوانە باشەکانی نەرویج ناوی دەهێندرێت، ئەو ناوبژیوانە هۆکارەکەی بۆ پابەند بوونی بە پیشەکەی دەگەڕێنێتەوە، لەو بارەیەوە گووتی: سوربونم لەسەر کارەکەم و بەرەو پێش چونم وایکردووە بە ماوەیەکی کەم لە پلەی ٧ بگەم بە پلە یەکی ناوبژیوانی و پاڵێواراویشم بۆ ئەوەی بگەم بە ئاستی پلە نایابی نەرویج.

پلەی یەکەمی وەرگرت
کاروان ئەمساڵ پلەی یەکەمی هەموو ئەو ناوبژیوانانەی وەرگرت کە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کاری ناوبژیوانی دەکەن و بڕوانامەی پێدراو خەڵاتیش کرا، لەو بارەیەوە گووتی: بونم بە باشترین ناوبژیوانی ئۆسلۆ پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ من کە لە تەمەنی ٢٤ ساڵی بگەم بەو ئاستە ئەمە وا لە من دەکات کە بەردەوام بم و هەوڵی زیاتر بدەم کە بگەم بە بەرزترین ئاست ئەویش ناوبژیوانی پلە نایابی نەرویجە، ڕەنگە ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو ببم بە ناوبژیوانی پلە نایابی نەرویج.

قۆناغەکانی ناوبژیوانی لە نەرویج
بۆ ئەوەی هەر کەسێک دەستبەکاری ناوبژیوانی بکات لە وڵاتی نەرویج پێویستە چەند هەنگاوێک بنێت، ئەو ناوبژیوانە بەمجۆرە باسی کرد و گووتی: لێرە وەرگرتنی بڕوانامەی ناوبژیوانی و قۆناغەکانی ئەو بوارە بەبەراورد بە هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی جیاوازە، من لە تەمەنی ١٦ ساڵیوە داوای ئەوەم کرد کە بڕوانامەی ناوبژیوانی بەدەست بهێنم، ساڵێک ناوبژیوانی منداڵان دواتر لە پلە حەوت دەستم پێکرد، لەبەر ئەوەی ئاستم بەرز بوو لە پلە حەوت یەکسەر سەرکەوتم بۆ پلە چوار، دواتر لەبەر ئەوەی توانایەکی باشم هەبوو لە پلەی چواری ناوبژیوانی سەرخرام بۆ پلە دوو، لە ئێستەیشدا لە ئاستی پلەیەکی کاری ناوبژیوانیم و هەوڵی گەیشتن بە ئاستی نایابی نەرویج دەدەم.

کاری ناوبژیوانی لێرە سەختە
لەبەشێکی تری دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا ئەو ناوبژیوانە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، کە لە وڵاتی نەرویج ساڵا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ناوبژیوانان هەر ناوبژیوانێک دوو یاری لە یەکێک لە وڵاتانی تر بەڕێوەدەبن بۆ ئەوەی توانای زیاتر ناوبژیوانەکان ببیندرێت، گوتیشی ساڵانە لە نەرویج هەر ناوبژیوانێک ٢ تێستی پڕاکتیکی و تیۆری دەکات کە زۆر زەحمەتە، هەر ناوبژیوانێک لەو تێستانە دەرنەچێت، پلەیەک دادەبەزێت، بۆیە پێویستە خواردن و خەو مەشقەکانت بەباشی ئەنجام بدەیت.

ئامۆژگاری بۆ ناوبژیوانان چیە؟
لەکۆتایی دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا ناوبژیوانە کوردەکە گووتی: بەبۆچوونی من لەهەموو دونیا هەر کارێک یان ناوبژیوانی بێت، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبیت و بگەیت بە ئامانج دەبێت کاتی بۆ تەرخان بکەیت، دەبێت لە زۆر شتی تر خۆش بیت بۆ ئەوەی بگەی بەو ئامانجەی کە مەبەستتە، بۆیە ئامۆژگاریم بۆ ناوبژیوانانی کوردستانیش ئەوەیە کە کات تەخان بکەن بۆ مەشق کردن و دوربن لە فشاری دەرونی لەکاتی بەڕێوەبردنی یارییەکان و خواردن و خەو، هەروەها هەڵسەنگاندی ساڵانە زۆر پێویستە بۆ ئەوەی هەڵەو کەم و کورتیەکانت چاک بکەیەوە.