پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

گه‌ڕێكی دیكه‌ی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ گه‌ڕی چوارده‌یه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كاتژمێر 2ـی ئێواره‌ ئه‌نجامده‌درێن، له‌ گرنگترین یاریی برایه‌تی رووبه‌ڕووی سیروانی نوێ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ بۆ تیپی میوان چاره‌نووسسازه‌ تا به‌رده‌وامبێت له‌ كێبڕكێكردنی یانه‌ی هه‌ندرێن، برایه‌تیش ده‌یه‌وێت هێزی خۆی به‌سه‌ر سیروانی نوێ بسه‌پێنێت، شه‌قڵاوه‌ میوانداری سۆرانی دراوسێی ده‌كات زاخۆش رووبه‌ڕووی چه‌مچه‌ماڵ ده‌بێته‌وه‌، شێروانه‌ش بۆ سارێژی برینه‌كانی یاریی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

برایه‌تی و سیروانی نوێ له‌ یارییه‌كی ئاگرین رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
برایه‌تی له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری سیروانی نوێ ده‌كات، تیپه‌كه‌ی سه‌مه‌د جه‌وهه‌ر بۆ ئه‌و یارییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش ئاماده‌یه‌ ته‌نها ناسر عومه‌ری به‌رگریكاری به‌هۆی پێكان ناتوانێت به‌شداری بكات، به‌ڵام بوونی كۆمه‌ڵه‌ لاویكی به‌هره‌مه‌ند خاڵی به‌هیزی تیپه‌ سه‌وزپۆشه‌كه‌ی هه‌ولێرن، دانا كامه‌رانی هێرشبه‌ری به‌ 5 گۆڵ گۆڵكه‌ری تیپه‌كه‌یه‌ و خاڵی به‌هێزیه‌تی، بیلال ساڵح له‌ ئیسته‌دا له‌ ناوه‌ڕاستی پێكهاته‌كه‌ هۆكارێكی باشی سه‌ركه‌وتنه‌كانی برایه‌تییه‌، 16 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی حه‌وته‌م دێن یارییه‌كی دواخراویشیان له‌گه‌ڵ سه‌ید سادق ماوه‌.
سیروانی نوێ به‌ راهێنه‌رایه‌تی رزگار عه‌لی تا ئێسته‌ له‌ ململانێكردنی یانه‌ی هه‌ندرێن له‌سه‌ر پێشه‌نگی خوله‌كه‌ به‌رده‌وامه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ برایه‌تی ببه‌نه‌وه‌ و درێژه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانیان بده‌ن، خاڵی به‌هێزی ئه‌و تیپه‌ هه‌ڵسانه‌وه‌یانه‌ دوای دۆڕان، ئاریان جه‌وهه‌ر یاریزانێكی لاوی تیپه‌كه‌یه‌ به‌لام پڕ جوله‌ترین یاریزانه‌ و له‌ هه‌موو گۆشه‌یه‌كی یاریگه‌ ده‌بینرێت، رزگار عه‌لی له‌ پلانه‌كانی پشت به‌ باڵه‌كان و هێرشی پێچه‌وانه‌ی قۆزتنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی تیپی به‌رامبه‌ر ده‌به‌ستێ، 25 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌من، ته‌نها 5 گۆڵیان لێ كراوه‌، كه‌ كه‌مترین ریژه‌ی گۆڵ لێكرانه‌ له‌ نێو ریزبه‌ندی یانه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌هیزی هێلی به‌رگری تیپه‌كه‌ نیشان ده‌دات.

شه‌قڵاوه‌ و سۆران له‌ دێربی ناوچه‌ی سۆران به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
شه‌قڵاوه‌ میوانداری سۆرانی دراوسێی ده‌كات، شه‌قلاوه‌ تاكه‌ یانه‌یه‌ هیچ بردنه‌وه‌یه‌كی له‌ خوله‌كه‌ نییه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر ده‌ستی سرود غازی تازه‌ راهینه‌ر له‌ سێیه‌م یارییان له‌گه‌ڵ ئه‌و راهینه‌ره‌ بردنه‌وه‌ تۆمار بكه‌ن، بیكه‌نه‌ دیاری هانده‌رانی یانه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌ركیان ئاسان نییه‌، به‌ بوونی یاریزانی تاك له‌ رووی هونه‌ری و جه‌سته‌یه‌وه‌ شه‌قڵاوه‌ تیپێكی نمونه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ رێگاری سه‌ركه‌وتنیان ونكردووه‌، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ به‌هۆی كه‌م ئه‌زموونی یاریزانه‌كانه‌وه‌بێت له‌ نایاب، جه‌وهه‌ر نه‌جم كاریگه‌رترین یاریزانی هێلی پێشه‌وه‌ی تیپه‌كه‌یه‌ به‌ڵام پێویسته‌ به‌شێویه‌كی ئازاد له‌ یاریگه‌دا یاریی بكات، ته‌نها 6 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی پازده‌م و كۆتایی دێن.
سۆران، به‌راورد به‌ كه‌می توانا داراییه‌كه‌ی یانه‌كه‌ و دۆخی یانه‌كه‌ ئه‌نجامه‌كانیان باشن، به‌ڵام له‌ خواست داواكارییه‌كانی هانده‌رانی ئه‌و یانه‌یه‌ نین، ئه‌مڕۆ رێژه‌ی بردنه‌وه‌ی هه‌ردولا په‌نجا به‌ په‌نجایه‌، گه‌یلان سادقی گۆلپارێز و ئیدریس محه‌مه‌د خاڵی به‌هیزی سۆرانییه‌كانن، 14 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی یازده‌یه‌می ریزبه‌ندی دێن.

شێروانه‌ ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر حسابی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر هه‌ڵسێته‌وه‌
شێروانه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، تیپه‌كه‌ی كه‌لار ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی باش نین، به‌هۆی بوونی پێكانی یاریزانان و رۆیشتنی كۆمه‌ڵێ یاریزانی باش له‌ تیپه‌كه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش له‌ تواناكانی به‌مۆ غه‌ریب و محه‌مه‌د دڵشاد بێبه‌ش ده‌بن، به‌هۆی كه‌له‌كه‌بوونی كارتی زه‌رده‌وه‌، به‌ڵام تواناكانی محه‌مه‌د حه‌میدی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و كه‌ له‌ باڵی هێرشبه‌ر یاریی ده‌كات و نزیكه‌ی دوو مانگه‌ پێكانی هه‌یه‌ و دابڕاوه‌، شێروانه‌یه‌كان ده‌یانه‌وێت ئه‌مڕۆ به‌ بردنه‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر هاوسه‌نگی بۆ پاڵه‌وانه‌كه‌ی سووپه‌ڕی كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌، خاوه‌نی 12 خاڵن و له‌ پله‌ی سێزده‌یه‌م دێن.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، گه‌ڕی رابردوو له‌ سه‌ید سادقی برده‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكی باشه‌ تا ئه‌نجامێكی باش له‌م یارییه‌ش به‌ده‌ست بهێنێت، دۆخی تیپه‌كه‌ له‌ هه‌ڵسانه‌، تا راده‌یه‌ك ئاستی تیپه‌كه‌ جیگیر بووه‌ به‌راورد به‌ سه‌رتای خوله‌كه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی دانا عوسمانیش بۆ رێچكه‌ی گۆڵ تۆماركردن، هێنده‌ی دیكه‌ تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ ی به‌هێز كردووه‌، به‌ 19 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی دێن، یارییه‌كی دواخراویشیان به‌رامبه‌ر چه‌مچه‌ماڵ ماوه‌.

زاخۆ و چه‌مچه‌ماڵ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی خولی نایابی كوردستان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
زاخۆ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات، زاخۆییه‌كان ئاستیان وه‌ك سه‌ره‌تای خوله‌كه‌ باش نه‌ماوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی كه‌می یاریزانی باش و به‌ ئه‌زموون له‌ پێكهاته‌كه‌ و نه‌بوونی یه‌ده‌گی باش له‌ تیپه‌كه‌، ئامانجی یاریكردنیشیان ته‌نها مانه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌، بۆیه‌ له‌م یارییانه‌ی دوایی ئه‌نجامه‌یان خراپ بووه‌، به‌ڵام له‌ یاریگه‌ی خۆیان تیپێكی به‌هێزن و به‌ ئاسانی خاڵ له‌ده‌ست ناده‌ن و دۆڕان قه‌بووڵ ناكه‌ن، 12 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دوازده‌یه‌م دێن.
چه‌مچه‌ماڵ، كێشه‌ی دارای به‌رده‌وام به‌رۆكی ئه‌م تیپه‌ی گرتووه‌، تا ئێسته‌ ستافی راهێنه‌ران و سه‌رپه‌رشیارانی تیپ هیچ بڕێك له‌ بۆنده‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌، رۆیشتن و دووركه‌وتنه‌وه‌ی دوو له‌ برگریكارانی تیپه‌كه‌ هێندی دیكه‌ دۆخی تیپه‌كه‌ی گه‌رمیانی ئاڵۆزتركردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌نجامه‌كانیان زۆر باشه‌ و له‌ پله‌كانی پێشه‌وه‌ دێن، سه‌فین له‌ ناوه‌ڕاستی یاریگه‌ خاڵی به‌هێزی تیپه‌كه‌ی ئه‌رسه‌لان جه‌لاله‌، كه‌ به‌ خێرای و به‌ بڕینی جوان ئه‌نجامه‌كان بۆ تیپه‌كه‌ یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام گرفتی ئه‌و تیپه‌ له‌ به‌رگری باڵی راست و چه‌پ دا هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و یاریزانانه‌ی له‌و شوێنه‌ یاریی ده‌كه‌ن پێشووتر له‌ دڵی به‌رگری بوونه‌، 17 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی شه‌شه‌من، یارییه‌كی دواخراویشیان له‌ یاریگه‌ی خۆیان له‌ دژی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ماوه‌.