ئه‌مڕۆ لە خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان دوو یاری لوتكه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن

ئەمڕۆ و سبەی بە ئەنجامدانی ٥ یاری کۆتایی بە قۆناغی یەکەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان دێت، دوای ئەوەی دوێنی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم بەڕێوەچوون، ئەمڕۆ ٥ یاری لە کۆمەڵەی دووەم بەڕێوەدەچن، کە هەموویان گرنگن، لە دوو یاری لوتکەی ئەم گەڕەدا، یانەی چوارقوڕنەی پێشەنگی ئەم کۆمەڵەیە دەبێتە میوانی یانەی خانەقینی خاوەن پلەی دووەم، یانەی ڕزگاریش میواننداریی یانەی ڕانیە دەکات، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە بارودۆخی یانەکان و خشتە و ڕیزبەندی یانەکان و گۆڵکارانی خولەکە دەخاتە ڕوو.

گەڕێکی تر بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ کۆتایی بە یارییەکانی قۆناغی یەکەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان دێت، لە کۆمەڵەی دووەمدا ٥ یاری بەڕێوەدەچن، لەیاری لوتکەی خولەکەدا یانەی خانەقین کە بە ١٥ خاڵ لەپلەی دووەم دێت، میوانداری یانەی چوارقوڕنە دەکات کە ١٦ خاڵی هەیە و لە پێشەنگی یانەکانە، براوەی ئەو یارییە دەبێتە پاڵەوانی کۆمەڵەی دوووەم و هەنگاوێکی گرنگ بۆ قۆناغی دووەم دەچێتە پێش، هەر لە دەڤەری گەرمیان یاریەکی تری بە‌هێز ڕوودەدات، کە تیایدا یانەی ڕزگاری کە ١٣ خاڵی هەیە و پلەی پێنجەمی گرتووە میوانداری یانەی ڕانیە دەکات کە بە ١٤ خاڵ لە خانەی سێیەم دایە، لەو کۆمەڵەیە کە ١٠ یانە لەخۆ دەگرێت ڕکەبەریەکی بەهێز لەنێوان یانەکاندایە، بۆ بڕینی پلیتێکی کۆتایی بۆ سەرکەوتن بۆ خولی یانە نایابەکانی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو.

خشتەی یارییەکانی گەڕی نۆیەمی کۆمەڵەی دووەم:
بازیان – بابان/ یاریگەی بازیان
سلێمانی – هەڵەبجەی شەهید/ یاریگەی سلێمانی
قەڵادزێ – کۆیە/ یاریگەی قەڵادزێ
ڕزگاری- ڕانیە/ یاریگەی ڕزگاری
خانەقین – چوارقوڕنە / یاریگەی خانەقین

ڕیزبەندی یانەکانی کۆمەڵەی دووەم بەمشێوەیەیە:
١- چوارقوڕنە ١٦ خاڵ لە ٨ یاری
٢- خانەقین ١٥خاڵ لە ٨ یاری
٣- ڕانیە ١٤ خاڵ لە ٨ یاری
٤- قەڵادزێ ١٤ خاڵ لە ٨ یاری
٥- ڕزگاری ١٣ خاڵ لە ٨ یاری
٦-بازیان ١١ خاڵ لە ٨ یاری
٧- بابان ١٠ خاڵ لە ٨ یاری
٨- کۆیە ٥ خاڵ لە ٨ یاری
٩- هەڵەبجەی شەهید ٥ خاڵ لە ٨ یاری
١٠- سلێمانی ٤ خاڵ لە ٨ یاری

ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە:
١- سامان شێرزاد – یانەی بازیان ٧ گۆڵ
٢- ئاسۆ مەحەمەد – یانەی چوارقوڕنە ٥ گۆڵ
٣- ئیسماعیل عیزەدین – یانەی پیشەسازی ٥ گۆڵ
٤- کۆسرەت عەلی – یانەی چوارقوڕنە ٤ گۆڵ
٥- یاد عوسمان – یانەی بابان ٤ گۆڵ

ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەبەشداری ١٩ یانە بەڕێوەدەچێت، بەڵام یانەی ئاڵتون کۆپری لە کۆمەڵەی یەکەم کشایەوە، یانەکان بەشێوازی ناوچەی جوگرافی بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون، یارییەکان بەشێوەی چوون و هاتن ئەنجام دەدرێن و دوو یانە خاوەن پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە ڕاستەوخۆ دەگەنە خولی نایابی کوردستان و دوو یانە ڕیزبەندی کۆتایی هەردوو کۆمەڵەکەیش بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکان دادەبەزن.

ھەواڵی زیاتر