4 یاریزانی ریال مه‌درید له‌ كۆرۆنا رزگاریان بوو به‌ڵام ناتوانن یاریی بكه‌ن

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

“مباپێ له‌ 2022 درێسی ریال مه‌درید ده‌پۆشێت”
له‌ دوێنێوه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین رۆژی ساڵی نوێی 2022، کیلیان مباپێ سەربەستە لە رێککەوتن لەگەڵ هەر یانەیەک کە بیەوێت لە هاوینی داهاتوو بچێتە ریزەکانی.
کیلیان مباپێ تەنیا شەش مانگ لە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان ماوە و تا ئێستا گرێبەستەکەی نوێ نەکردووەتەوە و لەمرۆوە دەتوانێت رێککەوتن لەگەڵ هەر یانەیەک بکات بکات کە لە هاوینی داهاتوو بە سەربەستی رووی تێبکات.
بەپێی کەناڵی ئەی بی سی ئیسپانی کلیان مباپێ بڕیاریداوە پاریس سانجێرمان جیبهێلێت و بۆ ماوەی شەش وەرز پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات و مووچەی ساڵانەشی 21 ملیۆن یۆرۆ دەبێت جگە لە پاداشتە داراییەکان لە کاتی بردنەوەی ناسناوەکان کە دەگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ.
سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە مباپێ لە هاوینی داهاتوو دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان روو لە ریال مەدرید دەکات.

4 یاریزانی ریال مه‌درید له‌ كۆرۆنا رزگاریان بوو به‌ڵام ناتوانن یاریی بكه‌ن
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە 29ی مانگی رابردوو ماڵپەری فەرمی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا تووشبوونی هەر یەکە لە تیبۆ کۆرتوا، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ڤالڤێردی و کاماڤینگای بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، ئەو چوار یاریزانە جارێکی دیکە پشکنینیان کرد وئەنجامی هەر چوار یاریزانەکەش نێگەتیڤ بووە، واتە لە پەتاکە رزگاریان بووە.
ئەو یاریزانانە بە پێ رێنماییە تەندروستیەکانی ئیسپانیا، بۆیان نیە بەشداری یاری داهاتووی یانەکەیان بکەن، کە بریارە ئه‌مڕۆ بکرێت، چونکە پێویستە بۆ ماوەی 10 رۆژ لە کەرەنتین بەردەوام بن.

لاپۆڕتا به‌ڵێنی داوه‌ له‌ 2022 شكۆی بارسێلۆنا بگه‌ڕێنێته‌وه‌
خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، بەڵێنی بە هاندەرانی یانەکەیداوە لە ساڵی 2022 شکۆیان بۆ بگەڕێنێتەوە و یانەکەیان بگەڕێنێتەوە سەر رێچکەی رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان، ئەم هەنگاوەشی ماوەیەکە دەستپێکردووە.
بلاوگرانا لەم ساڵانەی دواییە تووشی قەیرانێکی دارایی گەورە بووەتە، لە ساڵی رابردوو بۆ جاری یەکەم لە مێژووی یانەکەی قەرزەکانیان سنوری یەک ملیار یۆرۆی تێپەراند، بۆیە سەرۆکی یانەکە لە پێناو کەمکردنەوەی قەرزەکان، بریاریدا دەستبەرداری بەشێک لەو یاریزانانە بێت کە مووچەکانیان زۆرە.
یەکەم یاریزان کە خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا بریاریدا بەهۆی مووچە زۆرەکەی دەستتەرداری بێت، لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەو یانەیە بوو، لیۆ هەوڵێکی زۆریدا بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت، بەڵام دواجار سەرۆکی یانەکەی پێشووی وەکو هەنگاوێک لە کەمکردنەوەی قورسایی دارایی، دەستبەرداری ئەو یاریزانە بێت.
ئەندامانی یانەی بارسێلۆنا، بەم دواییە بە زۆرینەی دەنگ کە ژمارەیان 42693 کەس بوو، واژۆیان لەسەر پرۆژەی ئاسپای بارسێلۆنا کرد، ئەم پرۆژەیە لەلایەن کۆمپانیایەکی ژاپۆنی جێبەجێ دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت بەهۆی ئەم پرۆژەیە، یانە کەتەلۆنیەکە زۆرترین کێشەکانیان چارەسەر بێت. ئەم پرۆکەیە لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت.
لەم ماوەیەی سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا، ئەو یانەیە دەستبەرداری چەندین یاریزانی خاوەنی مووچەی بەرز بوو، لە بەرامبەردا چەندین یاریزانیان بەبێ بەرامبەر واتە بەڵاش گواستەوە ریزەکانیان، هەروەها ئەو یانەیە توانی لەم ماوەیە داهاتێکی باش کۆبکاتەوە و ئەمەش وایکرد کە فێران تۆرێس بەرامبەر 55 ملیۆن یۆرۆ بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە.
یەکێک لەو خاڵانەی کە سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا لەم ماوەیە زۆر لەسەری پێداگیر بوو، کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانەکانی بوو، ئەوان توانیان رێژەیەکی باش لە مووچەکان کەم بکەنەوە، هەر ئەمەش وایکردووە ئەوان زیاتر دەست کراوە بن لە گواستنەوەی یاریزانی نوێ.

دوو یاریزانی دیکەی یۆڤێنتۆس تووشی کۆرۆنا بوون
ماڵپەری فەرمی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی پشت راستی کردەوە، دوای ئەنجامی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ بەشێک لە یاریزان و راهێنەرەکانی یانەکەی، ئەنجامی هەردوو یاریزانەکەیان ئارسەر مێلۆ و هەروەها کارلۆ پینسۆلیۆ پۆزەتیڤ بووە، واتە هەردوو یاریزانە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا و خۆیان کەرەنتین کردووە، تا ئەو کاتەش لەم پەتایە رزگاریان نەبێت، بەشداری راهێنان و یارییەکانی یانەکەیان ناکەن.
لەلایەکی دیکەوە کیلینی بەرگریکاری ئەو یانەیەش بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ توشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کەرەنتین کراوە و بریارە ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینەکەی ئاشکرا بکرێت.

ھەواڵی زیاتر