له‌ یه‌ك كاتدا سەرجەم یارییەکانی گەڕی 11ی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چن

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا سەرجەم یارییەکانی گەڕی یازدەیەمی خولی یانە پلە یەکەکان لەڕۆژی سێشەممە بەڕێوەبچن، لە کۆمەڵەی یەکەمدا یانەی ئاکرێی پێشەنگی یانەکان دەبێتە میوانی یانەی گارە، گرنگترین یاری کۆمەڵەی دووەمیش بەیەک گەیشتنی یانەکانی بازیان و خانەقینە، کە یارییەکە لە شارۆچکەی بازیان بەڕێوەدەچێت، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە بارودۆخی یانەکان و خشتە و ڕیزبەندی یانەکان دەخاتە ڕوو.

گەڕێکی تر بەڕێوەدەچێت
بەئەنجامدانی ٩ یاری سبەی سێشەممە یارییەکانی گەڕی یازدەیەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەڕێوەدەچن، تا ئێستە هەر یەک لە یانەکانی ئاکرێ و خانەقین پێشەنگی یانەکانی هەردوو کۆمەڵەکەیان گرتووە و ڕکەبەری لە نێوان یانەکان بەهێزە و جیاوازی خاڵەکانی نێوانیان زۆر نیە، لەم گەڕەدا کۆمەڵێک یاری بەهێز بەڕێوەدەچن، کە گرنگترینیان ڕوبەڕوبونەوەی یانەکانی ئاکرێ و گارەیە لە کۆمەڵەی یەکەم کە یارییەکە لەشاری دهۆک ئەنجامدەدرێت، هەر لەو کۆمەڵەیە لەپێناو مانەوە لەخولەکە یانەی سێمێل میوانداری یانەی بەردەڕەش دەکات.
لەیارییەکانی کۆمەڵەی دووەمیش یانەی خانەقینی پێشەنگی یانەکان لەم گەڕەدا لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ڕووبەڕوی یانەی بازیان دەبێتەوە، یانەی ڕانیەیش لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی کۆیە دەکات.
خشتەو کاتی یارییەکانی گەڕی یازدەیەم بەمشێوەیە دەبێت:
کۆمەڵەیە یەکەم: سێشەممە/ ٢٥/١/٢٠٢٢ کاتژمێر ٢:٠٠
بروسک – شۆڕیجە/ یاریگەی فڕانسۆ٢
گارە – ئاکرێ/ یاریگەی گارە
خاک – پیشەسازی/ یاریگەی خاک
سێمێل – بەردەڕەش/ یاریگەی سێمێل
کۆمەڵەیە دووەم: سێشەممە/ ٢٥/١/٢٠٢٢ کاتژمێر ٢:٠٠
ڕانیە – کۆیە/ یاریگەی ڕانیە
بازیان – خانەقین/ یاریگەی بازیان
چوارقوڕنە – سلێمانی/ یاریگەی چوارقوڕنە
بابان – ڕزگاری/ یاریگەی بابان
هەڵەبجەی شەهید – قەڵادزێ/ یاریگەی شاهۆ حەمە فەرەج

ڕیزبەندی یانەکانی هەردوو کۆمەڵەکە بەمشێوەیەیە:
کۆمەڵەی یەکەم:
١-ئاکرێ ١٧خاڵ لە ٨ یاری
٢- پیشەسازی ١٥ خاڵ لە ٨ یاری
٣- بروسک ١٥ خاڵ لە ٨ یاری
٤- خاک ١١ خاڵ لە ٨ یاری
٥- سێمێل ٨ خاڵ لە ٨ یاری
٦-شۆڕیجە ٨ خاڵ لە ٨ یاری
٧- گارە ٧ خاڵ لە ٨ یاری
٨- بەردەڕەش ٥ خاڵ لە ٨ یاری
کۆمەڵەی دووەم:
١-خانەقین ١٩ خاڵ لە ١٠ یاری
٢- ڕانیە ١٨ خاڵ لە ١٠ یاری
٣- چوارقوڕنە ١٧ خاڵ لە ١٠ یاری
٤- قەڵادزێ ١٧ خاڵ لە ١٠ یاری
٥- بازیان ١٧ خاڵ لە ١٠ یاری
٦- ڕزگاری ١٥ خاڵ لە ١٠ یاری
٧- بابان ١١ خاڵ لە ١٠ یاری
٨- هەڵەبجەی شەهید ٨ خاڵ لە ١٠ یاری
٩- کۆیە ٨ خاڵ لە ١٠ یاری
١٠- سلێمانی ٤ خاڵ لە ١٠ یاری
ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان بەبەشداری ١٩ یانە بەڕێوەدەچێت، بەڵام یانەی ئاڵتون کۆپری لە کۆمەڵەی یەکەم کشایەوە، یانەکان بەشێوازی ناوچەی جوگرافی بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون، یارییەکان بەشێوەی چوون و هاتن ئەنجام دەدرێن و دوو یانە خاوەن پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە ڕاستەوخۆ دەگەنە خولی نایابی کوردستان و دوو یانە ڕیزبەندی کۆتایی هەردوو کۆمەڵەکەیش بۆ ڕیزی یانە پلە دووەکان دادەبەزن.