هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

له‌ یارییه‌كانی تۆپی پێی خولی نایابی عێراقدا هه‌ولێر ده‌یه‌وێت له‌ رێگای یانه‌ی سناعه‌ی به‌غداوه‌ لاسه‌نگیی خۆی راست بكاته‌وه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، له‌ گه‌ڕی چوارده‌یه‌می یارییه‌كانی تۆپی پێی خولی نایابی عێراقی، هه‌ولێر میوانی سه‌ناعه‌یه‌، یارییه‌كه‌ش كاتژمێر (2) به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئه‌م یارییه‌ بۆ هه‌ولێرییه‌كان گرینگه‌، چونكه‌ ده‌یانه‌ویت به‌ بردنه‌وه‌ له‌م یارییه‌ خۆیان له‌ ناوچه‌ی سوور و مه‌ترسیدار رزگار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌شێویه‌كی كاتیش بێت، ئه‌و ئاست و ئه‌نجامه‌ی ئێسته‌ی هه‌ولێر ساڵانیك ده‌بێت به‌شێوه‌ خراپه‌ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.

چه‌ند رۆژیك به‌ر له‌ ئێسته‌ هه‌ولێر به‌هۆی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی، راهێنه‌ری تونسی تاریق جه‌رایه‌ی له‌ ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی دوورخسته‌وه‌، ئاشكراشیان كرد، كه‌ نزار مه‌حروسی سووری وه‌ك راهێنه‌ری هه‌ولێر ده‌ستنیشانكراوه‌، دڵشاد ئه‌حمه‌دی یاریزانی پێشووی یانه‌كه‌، وه‌ك یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر دیاركراوه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ ئه‌و سه‌رپه‌رشتی تیپی هه‌ولێر له‌ دژی سناعه‌ ده‌كات، چونكه‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌، نزار مه‌حروس په‌یوه‌ندی به‌ مه‌شق و راهێنانه‌كانی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌كات.
پێشووتر نزار مه‌حروس له‌ 2011-2012، له‌گه‌ڵ هه‌ولێر نازناوی خولی نایابی عێراقی بردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هانده‌رانی هه‌ولێر دڵخۆشن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و راهێنه‌ره‌ بۆ هه‌ولێر و هیوایه‌كی زۆریان پێی هه‌یه‌.
زه‌رد پۆشه‌كانی هه‌ولێر، له‌ 13 یاریی رابردووی یه‌ك بردنه‌وه‌ 5 یه‌كسان و 7 دۆڕانی هه‌یه‌، 7 گۆڵی كردووه‌ و 16 گۆڵی لێ كراوه‌، به‌ 8 خاڵ له‌ خانه‌ی هه‌ژده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێت، بۆ ئه‌م یارییه‌ هه‌ولێر له‌ تواناكانی شوان مامۆ و بارزان شێرزاد بێ به‌ش ده‌بێت، به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كاره‌ته‌ زه‌رده‌كانیانه‌وه‌.
سناعه‌، دۆخی له‌ هه‌ولێر باشتره‌، له‌ 13 یاریی، 4 بردنه‌وه‌ و 4 یه‌كسان و 5 دۆڕانی هه‌یه‌، 9 گۆڵی كردووه‌ و 12 گۆڵی لێ كراوه‌، به‌ 16 خاڵ له‌ خانه‌ی ده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێت.
له‌ كۆی 10 یاریی رابردووی نێوانیان هه‌ولێر باڵاده‌سته‌ و 6 یاریی بردووه‌ته‌وه‌، ته‌نها له‌ 2 یاریی دۆڕاوه‌، 2 یارییش به‌ یه‌كسان بوون كۆتایی هاتووه‌، گه‌وره‌ترین ئه‌نجامی نێوانیان، (3-0) له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ولێر بووه‌.
رۆژی چوار شه‌ممه‌ش دوو یانه‌كه‌ی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شدار له‌ خولی نایابی عێراقی، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان یارییان هه‌یه‌، نه‌ورۆز میوانی نه‌جه‌فه‌ و زاخۆش میوانی نه‌فتی وه‌سه‌ته‌.
یانه‌ی شوڕته‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 35 خاڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ دێت، تاكه‌ یانه‌شه‌ هیچ یارییه‌كی له‌ خوله‌كه‌ نه‌دۆڕاندووه‌، ته‌نها دوو یه‌كسانی هه‌یه‌، به‌ 25 گۆڵ به‌هێزترین هێلی هێرشبه‌ری له‌ خولی نایابی عێراقی هه‌یه‌، یانه‌ی سامه‌ڕا به‌ 4 خاڵ له‌ كۆتا ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دێت، یانه‌ی دیوانیه‌ش 26 گۆڵی لێ كراوه‌، كه‌ زۆرترینه‌ له‌ خوله‌كه‌.
لهواری ته‌ویڵ، له‌ یانه‌ی زه‌وڕا، كه‌ یاریزانێكی پیشه‌گه‌ری جه‌زائیریه‌، به‌ 8 گۆڵ گۆڵكه‌ری خوله‌كه‌یه‌، موهه‌یمن سه‌لیمش به‌ 8 گۆڵ له‌ خانه‌ی دووه‌می گۆڵكه‌ران دێت، كه‌ له‌ یانه‌ی كاره‌با یاریی ده‌كات، ئاسۆ رۆسته‌م به‌ 5 گۆڵ گۆڵكه‌ری یانه‌ی نه‌ورۆزه‌ له‌م وه‌رزه‌، شافیۆ مامۆنی به‌ 3 گۆڵ گۆڵكه‌ری ئێسته‌ی هه‌ولێره‌ له‌ خوله‌كه‌، لۆكاس سانتۆسی به‌رازیلی و هێرشبه‌ری یانه‌ی زاخۆ به‌ 4 گۆڵ گۆڵكه‌ری زاخۆیه‌