هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هەندرێن له‌م وه‌رزه‌ تووشی یەکەم شکست بوو، بەڵام لە پێشەنگی یانەکان مایەوە

ڕۆژنامەی هەولێر خشتەی یارییەکان و ڕیزبەندی یانەکان و گۆڵکار و ئامارەکانی خولەکە دەخاتە ڕوو

لە یارییەکانی گەڕی یازدەیەمی خولی نایابی کوردستان یانەی هەندرێن دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باش لەسەر دەستی ئارارات توشی یەکەم شکست بوو، سیروانی نوێ لەگەڵ دهۆک دۆڕاو لە پلەی دووەم مایەوە، نەورۆز و پێشمەرگەی هەولێریش دوو بردنەوەی گرنگیان بەدەستهێنا، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە، ئامار و زانیارییەکان و ڕیزبەندی یانەکان و گۆڵکار و کۆمەڵێک زانیاری نوێ لەسەر خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو.

هەندرێن لە پلەی یەکەم مایەوە
لەیارییەکانی گەڕی یازدەیەمی خولی نایابی کوردستان، هەندرێن لەسەر دەستی ئارارات توشی یەکەم شکست بوو، بەڵام پارێزگاری لە پێشەنگی یانەکان کرد، سیروانی نوێ نەیتوانی پێشەنگی یانەکان وەربگرێت و لەگەڵ دهۆک دۆڕا، یانەی نەورۆزیش دوای بردنەوەی لە برایەتی لە پێشەنگی یانەکان نزیک بۆوە و خۆی گەیاندە خانەی سێیەمی خولەکە، پێشمەرگەی هەولێر لەیاریگەی خۆی لەیانەی زاخۆی بردەوە، سۆران و شێروانە، چەمچەماڵ و شەقڵاوە لە دوو یاری جیاوازدا یەکسان بوون، دەربەندیخان برینەکانی هەولێری قوڵتر کرد و بە دوو گۆڵ لێی بردەوە.

چەند ئامارێک لەسەر خولەکە
لەکۆی ٧ یاری ئەم گەڕەدا، ١٢ گۆڵ تۆمارکراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک، ١،٩ گۆڵە، بۆ هەر یاریەک، ئەمەیش ڕێژەیەکی کەمترە لە گەڕی دەیەم کە ١٣ گۆڵ تۆمار کرا بوون،دوای تێپەڕبوونی ١١ گەڕ لەیارییەکاندا ١٥ لێدانی سزا بۆ یانەکان هەژمار کراوە.
تا ئێستە ٨٠ یاری ئەنجامدراون، ١٥٤ گۆڵ تۆمارکراوە، ڕێژەوی گۆڵ بۆ هەر یارییەک ١،٩ گۆڵە، گەڕی یەکەم زۆرترین گۆڵی تێدا تۆمارکراوە کە ٢٢ گۆڵە،گەڕی حەوتەم ٩ گۆڵ تۆمارکراوە کە لە هەموو گەڕەکان کەمترە
یانەی هەندرێن دوای ١١ یاری توشی یەکەم شکست بوو، زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە کە ١٥ گۆڵە، سیروانی نوێ و پێشمەرگەی هەولێر کەمترین گۆڵیان لێ تۆمارکراوە کە ٥ گۆڵە، نەورۆز تاکە یانەیە هیچ یاریەکی یەکسان نەکردووە، شێروانە زۆرترین یاری یەکسان بووە کە ٦ یارییە، هەولێر زۆرترین یاری دۆڕاندووە کە ٦ دۆڕانە، شەقڵاوە زۆرترین گۆڵی لێ تۆمارکراوە کە ١٧ گۆڵە، دوای ١١ گەڕ سێ ڕاهێنەر لە ئەرکەکانیان نەماون، ئەوانیش هەر یەک لەشوان ئەنوەر ڕاهێنەری یانەی هەولێر، مستەفا ئافخەمی ڕاهێنەری سۆران و مستەفا بابە زادە ڕاهێنەری شەقڵاوەن.

ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکە
١-هێمن فەرەج – یانەی نەورۆز ٥ گۆڵ
٢- فەرهەنگ وریا – یانەی پێشمەرگەی هەولێر ٥ گۆڵ
٣- پەیام ئەحمەد – یانەی سیروانی نوێ ٤ گۆڵ
٤- عەبدولمونعیم ئەحمەد- یانەی هەولێر ٤ گۆڵ
٥- دانا کامەران – یانەی برایەتی ٤ گۆڵ
٦- بورهان قادر – یانەی دەربەندیخان ٤ گۆڵ
یارییەکانی گەڕی دوازدەیەم:
بڕیار وایە ڕۆژانی چوارشەمە و پێنج شەممە و هەینی داهاتوو، یارییەکانی گەڕی دوازدەیەمی خولەکە بە ئەنجامدانی ٧ یاری بەم شێوەیە بەڕێوەبچن:
چوارشەممە:
هەولێر- ئارارات / یاریگەی فڕانسۆ٢
شەقڵاوە – نەورۆز/ یاریگەی شەقڵاوە
پێنجشەممە:
هەندرێن – چەمچەماڵ/ یاریگەی هەندرێن
دهۆک – پێشمەرگەی هەولێر/ یاریگەی دهۆک
سەیدسادق – سیروانی نوێ/ یاریگەی سەیدسادق
هەینی:
زاخۆ – دەربەندیخان/ یاریگەی زاخۆ
برایەتی – سۆران/ یاریگەی برایەتی

ڕیزبەندی یانەکان بەم شێویەیە:
١- هەندرێن ٢١ خاڵ لە `١٠یاری
٢- سیروانی نوێ ١٩ خاڵ لە ١٠ یاری
٣- نەورۆز ١٨ خاڵ لە ١٠یاری
٤- دهۆک ١٦ خاڵ لە ٩ یاری
٥- سەیدسادق ١٥ خاڵ لە ٩ یاری
٦- چەمچەماڵ ١٤ خاڵ لە ٩ یاری
٧- برایەتی ١٣ خاڵ لە ١٠ یاری
٨- پێشمەرگەی هەولێر ١٣ خاڵ لە ٩ یاری
٩- دەربەندیخان ١٣خاڵ لە ١٠ یاری
١٠- شێروانە ١٢ خاڵ لە ١١ یاری
١١- ئارارات ١١ خاڵ لە ١٠ یاری
١٢- سۆران ١١ خاڵ لە ١١ یاری
١٣- زاخۆ ٩ خاڵ لە ١٠ یاری
١٤- هەولێر ٨ خاڵ لە ١٠ یاری
١٥- شەقڵاوە ٥ خاڵ لە ١٠ یاری