دووباره‌كردنه‌وه‌ی تیروپشكی چامپیۆنزلیگ كاردانه‌وه‌ی توندی لێكه‌وته‌وه‌

لیۆنێل مێسی به‌ پاڵپشتی رامۆس به‌ره‌نگاری ریال مه‌درید ده‌بێته‌وه‌

لە شاری نیۆن و لە بارەگای یوێفا بە دوو جار تیروپشکی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ راکێشرا، لە ئەنجامی تیروپشکی یەکەمدا دەبوو پاریس سانجێرمان و مانچێستەر یونایتد رووبەڕوو ببنەوە و هاندەرانی تۆپی پێ چاوەڕێی بینینی رووبەڕووبوونەوەی مێسی و کریستیانۆیان دەکرد، بەڵام دوای چەند خولەکێک هەموو شتێک گۆڕا، بەهۆی چەند هەڵەیەکی تەکنیکی یوێفا بڕیاریدا تیروپشکەکە دووبارە بکاتەوە.
لە تیروپشکی یەکەمدا دەبوو پاریس سانجێرمان و مانچێستەر یونایتد یاریی ئاگرین بکەن بەڵام دۆخەکە لە تیروپشکی دووەم گۆڕا و پاریس سانجێرمان رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە، ئەم یارییە تایبەت دەبێت بۆ سێرخیۆ رامۆس و رووبەڕووی یانەکەی پێشووی دەبێتەوە، لەلایەکی دیکە مانچێستەر یونایتد لە تیروپشکی دووەمیش به‌ختی نه‌بوو، چونکە ئەمجارە بەر ئاتڵێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی کەوت و چاوەڕێ دەکرێت کریستیانۆ و هاوڕێکانی لەلایەن جەنگاوەرانی سیمیۆنی رووبەڕووی رکابەرییەکی سەخت ببنەوە. لە یارییەکی دیکەی ئاگرینی قۆناغی شازدە لیڤەرپوولی ئینگلیزی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی رووبەڕوو دەبنەوە، کە ئەم دوو یانەیە بە پێی تیروپشکی یەکەم دەبوو بەرامبەر ساڵزبێرگ و ئەیاکس ئامستردام یاریی بکەن.
لەلایەن خۆیەوە یوڤێنتۆسی ئیتاڵی بەرامبەر ڤیاریالی ئیسپانی یاریی دەکات و بێنفیکاش لە چنگی ریال مەدرید رزگاری بوو، لە ئەنجامی تیروپشکی دووەم رووبەڕووی ئەیاکس ئامستردامی هۆڵەندی دەبێتەوە.
مانچێستەر سیتیش بەرامبەر سپۆرتینگ لێسبۆنی پۆرتوگالی یاریی دەکات و بایرن میونشنیش رووبەڕووی ساڵزبێرگی نەمسایی دەبێتەوە، لەلایەن خۆیەوە چێڵسی پاڵەوان و هەڵگری ناسناوەکە چانسەکەی هەر لەگەڵ لیلی فەرەنسی بوو، لە تیروپشکی دووەمیش کەوەتە بەرامبەر ئەم یانەیە و لە قۆناغی شازدە رووبەڕوو دەبنەوە.
بەپێی راگەیێندراوی یوێفا یارییەکانی چوونی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ لە رۆژانی 15 و 16 و 22 و 23ی مانگی دووی ساڵی داهاتوو دەکرێن، یارییەکانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 8 و 9 و 15 و 16 و مانگی سێی ساڵی داهاتوو دەکرێن، سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر 10ی شەو بەڕێوەدەچن.
یوێفا بڕیاریداوە یاسای گۆڵ لە دەرەوەی یاریگا هەڵبوەشێنێتەوە و لە ئەگەری یەکسان بوونی دوو یانە لە ئەنجامی هەردوو یاریی، ئەوا پەنا بۆ گێمە زیادکراوەکان دەبردرێت و ئەگەر لەوێش یەکسان بوون یارییەکە دەچێتە نێو لێدانە یەکلاکەرەوەکان و براوەی یاریی دەستنیشان دەکرێت.

3 یانه‌ داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی تیروپشكه‌كه‌یان كردبوو
یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد كه‌ له‌ تیروپشكه‌كه‌ رووبه‌ڕووی پاریس سانجێرمان بووه‌وه‌، داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی تیروپشكه‌كه‌ی كرد بوو، یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌دریدیش كه‌ ده‌بوو به‌رامبه‌ر بایرن میونشن یاری بكات داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی له‌ به‌رپرسانی یوفا كرد بوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ یانه‌ی ڤیاریالی ئیسپانیاش فشاری بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی تیروپشكه‌كه‌ دروست كرد.

ریال مه‌درید به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕازی بڵاوكرده‌وه‌
یانه‌ی ریال مه‌درید به‌خێرایی له‌ دژی بڕیاری دووباره‌كردنه‌وه‌ی تیروپشكی چامپیۆنزلیگ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی تیروپشكه‌كه‌ كارێكی زۆر نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ و ناڕازیی خۆیان له‌م بڕیاره‌ی یوفا ده‌ربڕیوه‌. ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ریال مه‌درید ده‌بوو به‌رامبه‌ر بێنفیكا یاری بكات.

تیروپشكی یۆرۆپالیگیش راكێشرا
تیروپشكی پاشكۆی قۆناخی 16ـی یۆرۆپالیگ راكێشرا، یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ ئه‌ركێكی قورس رووبه‌ڕووی یانه‌ی ناپۆلی ئیتاڵی ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌نجامی تیروپشكه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بوو:
سێڤیای ئیسپانیا ـ دینامۆ زگره‌بی كرواتیا
ئاتاڵانتا ئیتاڵیا ـ ئۆڵێمپیاكۆس یۆنان
لایپزیگ ئه‌ڵمانیا ـ ریال سوسیداد ئیسپانیا
بارسێلۆنا ئیسپانیا ـ ناپۆلی ئیتاڵیا
زینت رووسیا ـ ریال بێتیس ئیسپانیا
بوروسیا دۆرتمۆند ئه‌ڵمانیا ـ رێنجه‌رز سكۆتله‌ندا
پۆرتۆ پورتوگال ـ لازیۆ ئیتاڵیا
یارییه‌كانی چوونی پاشكۆی قۆناخی 16ـی یۆرۆپالیگ له‌ رۆژی 17ـی مانگی 2ـی ساڵی داهاتوو ده‌كرێت، یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ش له‌ رۆژی 24ـی هه‌مان مانگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ھەواڵی زیاتر