بۆ یه‌كه‌مجار شۆفێرێكی هۆڵه‌ندا بووه‌ پاڵه‌وانی فۆرمولا وه‌ن

ماکس ڤێرستاپن بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی فۆرمۆلاوەن و رکابەرییەکەی لە لویس هامیڵتۆنی بەریتانی بردەوە، ڤێرستاپن دەبێتە یەکەمین هۆڵەندی ببێتە پاڵەوان و دوای هەشت ساڵ تیمی ریدبۆلی بە ناسناوی فۆرمۆلا وەن شاد کردەوە و نەیهێشت لویس هامیڵتۆن ریکۆردی مایکڵ شوماخەری ئەڵمانی لە بردنەوەی زۆرترین ناسناوی فۆرمۆلا وەن بشکێنێت.
پێشبرکێی خەڵاتی گەورەی ئەبوزەبی بەڕێوەچوو کە دوا قۆناغی رکابەرییەکانی فۆرمۆلاوەنی 2021ە، جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئەمجارە پاڵەوانێکی نوێ ناسناوەکەی بردەوە.
لە گۆڕەپانی یاس مارینا شوفێری هۆڵەندی ماکس ڤێرستاپن شووفێری تیمی ریدبۆڵ لە پێشەنگی شوفێران دەستی بە پێشبرکێیەکە کرد دوای ئەوەی لە تاقیکردنەوەکاندا خێراترین کاتی تۆمار کرد و پێش لویس هامیڵتۆنی شوفێری تیمی مێرسیدیس و نزیکترین رکابەری کەوتەوە.
ڤێرستاپن و هامیلتۆن لە بیست و دووەمین قۆناغی فۆرمۆلا وەنی 2021 بۆ بردنەوەی ناسناوەکە رکابەرێکی بەهێز بوون، لە کاتێکدا لە ژمارەی خاڵەکان هاوتا بوون و یەکەمجارە لەوەتەی ساڵی 1974 ئەم سیناریۆیە لە فۆرمۆلا وەن روودەدات.
هامیڵتۆن بە ئامانجی بردنەوەی هەشتەمین ناسناو و تێپەڕاندنی ریکۆردی مایکل شوماخەری ئەڵمانی پێچەکانی گۆڕەپانی یاس مارینای دەبڕی، بەڵام پێنج پێچ پێش ئەوەی پێشبرکێیەکە کۆتایی بێت ئەم شوفێرە بەریتانیە تووشی رووداوێک بوو، ڤێرستاپن سوودی لەم دەرفەتە بینی و لە پێشەنگ کۆتایی بە پێشبرکێیەکە هێنا.
بۆ جاری سییەمین لەوکاتەوەی لە ساڵی 1950 پێشبرکێی فۆرمۆلاوەن دەستیپێکردووە ناسنامەی پاڵەوانی لە دوا قۆناغدا دەردەکەوێت، بەڵام جاری دووەمە لە ماوەی 47 ساڵی رابردوو روودەدات،
ڤێرستاپن بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی فۆرمۆلا وەن و یەکەمین هۆڵەندیشە ئەم ناسناوە دەباتەوە، هاوکات دەبێتە یەکەمین ناسناوی تیمی ریدبۆل لەوەتەی ساڵی 2013، کە ئەو کاتە تیپە نەمساییەکە بۆ جاری چوارەم لەسەریەک لەگەڵ سێباستیان ڤیتڵ ناسناوەکەی بردەوە.

ھەواڵی زیاتر