تۆنی كرووس به‌ باشترین گرێبه‌ستی مێژووی ریال مه‌درید ده‌ستنیشان ده‌كرێت

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

“تۆنی كروس باشترین گرێبه‌ستی مێژووی ریال مه‌دریده‌”
فلۆرێنتینۆ پێرێز پێیوایه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆی گۆڵكاری مێژوویی یانه‌ی ریال مه‌درید باشترین گرێبه‌ست نه‌بووه‌، به‌ڵكو تۆنی كرووس باشترین گرێبه‌ستی ژیانی ئه‌و بووه‌.
ڤۆڵكێر سترێس به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی تۆنی كروس له‌ دیمانه‌یه‌كدا كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاشكرای كه‌ رۆژێك فلۆرێنتینۆ پێرێز پێی گوتووه‌ باشترین گرێبه‌ست له‌ مێژووی یانه‌كه‌ تۆنی كرووسه‌ نه‌ك كریستیانۆ رۆناڵدۆ. كریستیانۆ رۆناڵدۆ ماوه‌ی 9 ساڵ یاریی بۆ ریال مه‌درید كرد و 4 نازناوی چامپیۆنزلیگی له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ برده‌وه‌ و به‌ 438 گۆڵ بووه‌ گۆڵكاری مێژوویی یانه‌كه‌ و پێش ئالفرێدۆ دێ ستێفانۆ كه‌وته‌وه‌.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، فلۆرێنتینۆ پێرێز سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ گفتووگۆیه‌كدا پێیوایه‌ تۆنی كرووس باشترین گرێبه‌ستی مێژووی یانه‌كه‌یه‌.
ڤۆڵكێر سترێس به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی چه‌ندان یاریزانی گه‌وره‌یه‌ له‌وانه‌ ماركۆ ریۆس، تۆنی كرووس و جۆلیان نایگلیسمانی راهێنه‌ری بایرن میونشن.
ڤۆلكێر سترێس ده‌ڵێت: جارێكیان فلۆرێنتینۆ پێرێز من بۆ خوانێك بانگهێشت كرد و پێی گوتم: تۆنی كرووس لای من گرێبه‌ستی سه‌ده‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و یاریزانه‌ به‌ پاره‌ به‌راورد ناكرێت و نرخی له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌.
تۆنی كرووسی ته‌مه‌ن 31 ساڵ، له‌ هاوینی 2014 له‌ یانه‌ی بایرن میونشنه‌وه‌ به‌ به‌های 25 ملیۆن یۆرۆ روویكرده‌ ریال مه‌درید، له‌گه‌ڵ یانه‌ی شایانه‌ 3 نازناوی چامپیۆنزلیگی به‌ده‌ستهێنا، له‌ كۆی 334 یاری، 25 گۆڵ و 82 ئاسیستی كردووه‌.

چاڤی 5 یاریزان له‌ بارسێلۆنا ده‌رده‌كات
بەپێی سەرچاوەکانی ئیسپانیا و کەتەلۆنیا بارسێلۆنا دوای کرانە دەرەوەی لە چامپیۆنزلیگ بڕیاریداوە دەست بە چاکسازی بکات و لە یەکەمین هەنگاویشدا دەیەوێت دەستبەرداری ئۆمتیتی و لۆك دێ یۆنگ و مینگوێزا و سێرجینۆ دێست و تەنانەت تێر شتیگنی گۆڵپارێزی ببێت، لە یەکەم هەنگاویش بۆ نوێکردنەوەی خوێنی بارسا فێران تۆرێس لە مان سیتیەوە دەگوازێتەوە ریزەکانی.
دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ و شکستە گەورەکەی بەرامبەر بایرن میونشن و تۆمارکردنی خراپترین ریکۆرد لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو، بارسێلۆنا دەست بە چاکسازی دەکات و گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەی دەکات، دوای کرانە دەرەوەشیان لە چامپیۆنزلیگ چاڤی رایگەیاند لە ئێستاوە یانەکەیان دەچێتە نێو سەردەمێکی نوێ و لە سفرەوە دەست پێدەکەنەوە.
بەپێی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بارسا بە کردار دەست بە چاکسازی دەکات و بڕیاریداوە لە قۆناغی یەکەمی چاکسازیەکەدا لە چوار یاریزانی رزگاری ببێت، دەستپێکی گۆڕانکارییەکانیش لە بازاڕی گواستنەوەکانی زستانە دەبێت.
سپۆرت هێمای بۆ ئەوەش کردووە ئەو یاریزانانەی بارسا دەستبەرداریان دەبیت، بریتین لە ساموێل ئۆمتیتی، لۆک دی یۆنگ، مێنگوێزا و سێرجینۆ دێست، لەگەڵ گواستنەوەی چەند یاریزانێکی نوێ بۆ ریزەکانی.
لەلایەن خۆیەوە جێرارد رۆمێرۆی رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراو بڵاویکردەوە جگە لەم چوار یاریزانە بارسا ئامادەیە دەستبەرداری فرانک دێ یۆنگ و تێر شتیگنی گۆڵپارێزیش ببێت کە نرخی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە دەگاتە 40 ملیۆن یۆرۆ.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە هەروەها نووسیویەتی بارسا لەگەڵ دەستبەرداربوون لەم یاریزانانە لە هەمان کاتدا دەچێتە نێو ململانێی گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەک و لە یەکم هەنگاودا هەوڵی یەکلاکردنەوەی گرێبەستی فێران تۆرێسی ئەستێرەی مانچیستەر سیتی دەدات.
سپۆرت ئاماژەی بەوە کردووە چاڤی پێیوایە تۆرێس یەکەم هەنگاو دەبێت بۆ چالاک کردنەوەی خوێنی هێرشبەری بارسا و تەنانەت ئامادەن کۆتینیۆ بۆ ئەم یاریزانە بکەنە قوربانی.
بارسێلۆنا دوای 20 ساڵ بۆ یەکەمجار لە قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ ماڵئاوایی کرد و بۆ بەشداریکردن لە یۆرۆپالیگ بەشداری لە قۆناغی پلەی ئۆف دەکات.

ره‌نگه‌ دیبالا تاکو کۆتایی ئەمساڵ دوور بکەوێتەوە
دیبالای ئارجێنتینی لە یارییەکەی یوڤێنتۆس بەرامبەر ڤینیسیا تووشی پێکان بوو، بەپێی رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی پێکانەکەی بەهۆی ماندووبوونی زۆرەوەیە کە لە رانی راستی هەیەتی،
سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە بەپێی ئەنجامی پشکنینەکان ئەم یاریزانە تاکو سەرەتای ساڵی 2022 دادەبڕێت.
دیبالای 28 ساڵان لەم وەرزە لەگەڵ یوڤێنتۆس بەشداری 17 یاریی کردووە و هەشت گۆڵ و چوار ئەسیستی تۆمار کردووە.

لیڤه‌رپوول گرێبه‌ستێكی خه‌یاڵی بۆ سه‌ڵاح ئاماده‌ كردووه‌
لیڤەرپوول بە گرێبەستێکی گرانبەها لە سەرەتای ساڵی داهاتوو گرێبەستی محەمەد سەڵاح نوێ دەکاتەوە.
بەپێی رۆژنامەی فووتبۆڵ ئینسایدەری بەریتانی لیڤەرپوول و محەمەد سەڵاحی میسری نزیکن لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان.
سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە سەڵاح لە سەرەتای ساڵی داهاتوو واژۆ لەسەر گرێبەستەکەی دەکات و بەهای گرێبەستەکەش دەگاتە 117 ملیۆن پاوەند.
سەڵاح وەرزێکی گەورە لەگەڵ لیڤەرپوول بەڕێ دەکات و لەم وەرزە تا ئێستا لە کۆیی 22 یاریی توانیوییەتی 21 گۆڵ لە سەرجەم خول و پاڵەوانییەتیەکان بکات.

ھەواڵی زیاتر