هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئه‌ستێره‌ ناوداره‌كانی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر سه‌رنج و پێشنیاره‌كانیان بۆ ده‌سته‌ی كارگێڕی تازه‌ی یانه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو

ئه‌ستێره‌یه‌كی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر: پێویسته‌ ئه‌و ده‌سته‌ی كارگێرییه‌ی ئێستا سیسته‌مێكی هاوشێوه‌ی ئاتڵتێك بلباوی ئیسپانیا له‌ یانه‌كه‌ په‌یڕه‌و بكات.

رۆژی 7ـی مانگی رابردوو، دوای 17 ساڵ له‌ كێبڕكێیه‌كی تووندی هه‌ڵبژاردن دا، گۆڕانكاری به‌سه‌ر یانه‌ی هه‌ولێدا هات، له‌ وه‌ته‌ی 1968ـه‌وه‌، كه‌ یانه‌ی هه‌ولێر درووستبووه‌، ئه‌مه‌ سه‌خترین هه‌ڵبژاردنی مێژوویی بووه‌، كه‌ یانه‌كه‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیبێتی، له‌ كۆتاییدا نـه‌وه‌ نوێیه‌كه‌ گره‌وه‌كه‌یان له‌و ده‌سته‌یه‌ برده‌وه‌، كه‌ 17 ساڵ ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌م یانه‌یه‌دا گرتبوو، دوای تێپه‌ڕبوونی مانگێك به‌سه‌ر ده‌ستبه‌ركابوونی ده‌سته‌ نوێیه‌كه‌، چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی كۆنی یانه‌كه‌، له‌ رێگه‌ی رۆژنامه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ پێشنیاره‌كانیان بۆ ده‌سته‌ی كارگێڕی تازه‌ی یانه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو، وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن سه‌رنجه‌كانیان بۆ راستكردنه‌وه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر و به‌ گه‌وه‌ری هێشتنه‌وه‌ی مێژووی یانه‌ی قه‌ڵا و مناره‌یه‌.

فازڵ عه‌باس: پێویسته‌ كاره‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ نه‌بێت
فازڵ عه‌باس ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ساڵانه‌ی هه‌شتاكان، له‌ باره‌ی ئه‌م پرسه‌ له‌ ده‌ستپێكی قسه‌كانیدا به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر راگه‌یاند، كه‌ یانه‌ی هه‌ولێر موڵكی هه‌موومانه‌ و كه‌س به‌ته‌نها نابێت خۆی بكاته‌ خاوه‌نی، ده‌شڵێت: ئه‌و‌ گۆڕنكارییانه‌شی له‌م دوایه‌ روویاندا، كارێكی زۆر باش بوو، چونكه‌ گۆڕانكاری بۆ هه‌ر توێژ و ده‌سته‌یه‌ك له‌ كایه‌ی وه‌رزشی بكرێت باشه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ به‌ چاكه‌ و باش بۆ یانه‌كه‌ بشكێته‌وه‌، نه‌ك به‌زیان، له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ نوێیه‌ش پێویسته‌ كاره‌كانیان له‌سه‌ر بنه‌مای تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌وانه‌ی دژیان بوونه‌ و پاداشت دانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیان بوونه‌ له‌ كاتی هه‌ڵبژاردن نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌م بنه‌مایه‌ دووره‌ له‌ بنه‌مای زانستی كاركردن، وه‌ پێوسته‌ ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆژه‌ كار بكه‌ن.
فازڵ عه‌باس پێشتر یاریزان و راهێنه‌ری یانه‌ی برایه‌تیش بووه‌، هۆشداریی ده‌داته‌ ده‌سته‌ نوێیه‌كه‌ی ئێستای یانه‌ی هه‌ولێر و داوایان لێده‌كات‌ هه‌ڵه‌ی ده‌سته‌ی كارگێڕی پێشوو دووباره‌نه‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی یانه‌كه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ رووی دارایه‌وه‌ ده‌بێت به‌شێویه‌كی شه‌فاف و روون كاره‌كانیان بكه‌ن.

داواكارییه‌كی له‌ ده‌سته‌ی كارگێری ئێستا هه‌یه‌
فازڵ عه‌باس ئه‌ستێره‌ی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر كه‌ پێشتر یاریی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیش كردووه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نابێت هیچ پێچ و په‌نایه‌ك له‌ كاره‌كانیان دا هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ش پێویسته‌ كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن، بناغه‌یه‌كی باش له‌ هه‌موو یارییه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ تۆپی پێ بۆ یانه‌كه‌ دابنێن، چونكه‌ له‌ هه‌ولێر ئێمه‌ خاوه‌نی چه‌ندین راهێنه‌ر و كه‌سایه‌تی وه‌رزشوانی باشین تا بیانهێنن و راهێنه‌رایه‌تی ئه‌م یانه‌یان بخه‌نه‌ ئه‌ستۆ، كه‌ زۆر له‌ راهێنه‌ره‌ بێگانه‌كان باشتر و پاكترین خاوه‌ن كه‌سایه‌تی به‌هێزترن.
فازڵ گوتیشی: داواكارییه‌كی دیكه‌ی سه‌ره‌كیم له‌ ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، چه‌ند كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یانه‌كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان بخزێنه‌ نێو یانه‌كه‌ و ده‌ست له‌ كاروباریان وه‌ربده‌ن، چونكه‌ ئه‌وان كه‌سی به‌رژه‌وه‌ندخوازن و به‌ دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان دا ده‌گه‌ڕێن، له‌ كاتێكدا پێشووتر له‌ ده‌زگاكانی خۆیان شكستیان خواردووه‌ و هیچ ده‌سته‌كه‌وتیكی گه‌وره‌یان له‌ شوینه‌كه‌ی خۆیان نه‌بووه‌، ده‌بێت ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ئاگاداری ئه‌و ده‌رفه‌ته‌بن، كه‌ بۆیان ره‌خساوه‌ تا كار بكه‌ن و خزمه‌ت به‌ یانه‌كه‌ بكه‌ن، ره‌نگه‌ كه‌سانی دیكه‌ی به‌توانا له‌ ده‌ره‌وه‌ی یانه‌كه‌ هه‌بن و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ نه‌ره‌خسابێت تا خزمه‌تی یانه‌كه‌ بكه‌ن.

هێرشبه‌ره‌ مێژووییه‌كه‌ی هه‌ولێر پێشنیازی هه‌یه‌
سه‌ركار عه‌لی خان، ئه‌و هێرشبه‌ره‌ مێژوویه‌كی گه‌وره‌ی له‌ تیپه‌كه‌ی قه‌ڵاومناره‌ هه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌ گۆڕانكارییه‌كان و داهاتووی یانه‌كه‌ قسه‌ پێیوایه‌‌ ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌كان ته‌نها شكلی بێت و شێوه‌ی كه‌سه‌كان بگۆڕدرێت، ئه‌مه‌ هیچ گرینگییه‌كی نییه‌، ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ نوێیه‌ هه‌وڵبده‌ن و كاربكه‌ن و پشوو درێژبن، ئه‌وا ده‌توانن گۆڕانكارییه‌كان به‌لایه‌نی باش بۆ یانه‌كه‌ بگێڕنه‌وه‌، ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن له‌ براده‌رانی پێشتر باشتر كار بكه‌ن و هه‌ڵه‌كانی ئه‌وان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی یانه‌كه‌ دووباره‌نه‌كه‌نه‌وه‌، داوا له‌ ده‌سته‌ی كارگێری تازه‌ ده‌كه‌م، هه‌ر یه‌كه‌ و پلانی تایبه‌تی یانه‌كه‌ پێشكه‌ش بكات، دواتر به‌كۆی گشتی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی له‌سه‌ربه‌رنامه‌ و پڕۆگرامیكی هاوبه‌ش رێككبكه‌ون و به‌شێویه‌كی جدی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، تا ئامانجی یانه‌كه‌ بهێننه‌ دی.
سه‌ركار گوتیشی: من حه‌زده‌كه‌م ئه‌ندامانی تازه‌ پرس و ڕا به‌ كه‌سانی شاره‌زا و دڵسۆزی یانه‌كه‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریان بن له‌ پێشخستنی یانه‌كه‌، پێویسته‌ بوێربن له‌ به‌هه‌ند وه‌رگرتنی پێشنیار و تێبینییه‌كانی كه‌سانی شاره‌زا و به‌ ئه‌زموون، تا هه‌ولێر بگه‌ڕێنه‌وه‌ ریزی گه‌وره‌كانی عێراق، پێمباشه‌ گرینگی به‌ هه‌موو جۆره‌كانی وه‌رزش له‌ یانه‌كه‌ بدرێت، راسته‌ هه‌ولێر به‌ تۆپی پێ به‌ناوبانگه‌، به‌ڵام ده‌بێت یارییه‌كای دیكه‌ش فه‌رامۆش نه‌كرێن و گرینگیان پێبدرێت، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری ئه‌م ده‌سته‌ نوییه‌ ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

فه‌یزۆ به‌ كاره‌كانی ده‌ستپێكی ده‌سته‌ نوێیه‌كه‌ هیچ دڵخۆش نییه‌
فه‌یزوڵڵا عوسمان، ناوه‌ڕاستكاره‌ مێژووییه‌كه‌ی هه‌ولێری ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان، له‌ ده‌ستپێكی قسه‌كانیدا به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند كه‌ هیچ به‌و كارانه‌ی ده‌ستپێكی ده‌سته‌ نوێیه‌كه‌ دڵخۆش نییه‌، ده‌شڵێت: به‌و كارانه‌ی ده‌ستپێكی ئه‌م ده‌سته‌یه‌ هیچ دڵخۆش و گه‌شبین نیم، چونكه‌ خه‌ریكن هه‌مان ئه‌و هه‌ڵانه‌ی ده‌سته‌ی كۆن كردوویانه‌ دووباره‌ی بكه‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ بابه‌تی پاره‌، نابێت له‌ ئێسته‌وه‌ بیر له‌ پركردنی گیرفانه‌كانی خۆیان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ بیستوومه‌ هه‌ندێكیان له‌ ئێسته‌وه‌ نه‌خشه‌ و پلانیان داڕشتووه‌، چۆن پاره‌ی كۆنی خۆیان له‌ یانه‌كه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌، كه‌ به‌ ڕاستی كارێكی نادرووسته‌ و به‌ زیان بۆ ئه‌م ده‌سته‌ نوێیه‌ ده‌شكێته‌وه‌، له‌ كۆتاییدا سه‌ریان ده‌خوات.
فه‌یزۆ گوتیشی: ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی ئێستا ده‌بێت به‌ شێوه‌ی باش و دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كاره‌كان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دوای ماوه‌یه‌كی دیكه‌ خۆزگه‌ به‌وانه‌ی پێشوو نه‌خوازین، ده‌بێ ئه‌وه‌ باش بزانن هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر قه‌بووڵ ناكات، ئه‌م براده‌رانه‌ هه‌مان هه‌ڵه‌ی ده‌سته‌ی پێشوو دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، یانه‌كه‌ له‌ بری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ردمی زێڕینی، خه‌ریكی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان بن، ئه‌وكات هه‌موومان داوا له‌ خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ین فریای یانه‌كه‌ بكه‌ون و رزگاری بكه‌ن.
هه‌ولێر 20 ساڵه‌ ده‌ناڵێنێت
فه‌یزۆ ئه‌ستێره‌ ناوداره‌كه‌ی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد ماوه‌ی بیست ساڵه‌ هه‌ولێربه‌ده‌ست نه‌بوونی بناغه‌یه‌كی باش بۆ تیپه‌كه‌ ده‌ناڵێنێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: پێویسته‌ بناغه‌یه‌كی ئه‌كادیم له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی دابمه‌زرێنن و كه‌سانی خاوه‌ن شاره‌ زا و ده‌ستپاك و داوێنپاك بكه‌نه‌ راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ و بۆ ساڵانی داهاتوو تیپێكی به‌هێز و یاریزانی ئاست به‌رز دروست بكه‌ن، كه‌ ئێمه‌ خاوه‌ن چه‌ندین كه‌سایه‌تین تا ئه‌و كاره‌ یاخود ئه‌و ئه‌ركه‌یان پێبسپێردرێت.

باڵی راستی مێژوویی یانه‌ی هه‌ولێر بۆچوونی جیاوازی هه‌یه‌
ئیبراهیم محه‌مه‌د، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ میژوویییه‌كانی باڵی راستی نه‌وه‌ده‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر، رایگه‌یاند كه‌ به‌ داخه‌وه‌ هێشتا كورد فێری ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ دوای چوار یان هه‌شت ساڵ كورسییه‌كه‌ی بۆ كه‌سێكی دیكه‌ چۆل بكات، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و ماوه‌ درێژه‌یه‌، گۆڕانكارییه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر پێشخستنی وه‌رزش و شاره‌كه‌.
ئه‌و یاریزانه‌ی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر پێیوایه‌ ئه‌م ده‌سته‌ تازه‌یه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر‌ پێویستیان به‌ ماوه‌یه‌كی درێژه‌ تا بكه‌ونه‌ سه‌ر رێگه‌یه‌كی درووستی كاركردن، ده‌شڵێت: ده‌بێت به‌ وردی و ژیریه‌وه‌ كار بكه‌ن و بڕیار بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی هه‌ڵه‌ نه‌بن، چونكه‌ هه‌ندێ له‌ بڕیاره‌كانیان په‌له‌كردنی پێوه‌ دیاره‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانین ئه‌و لاوانه‌ له‌ ساته‌ ناخۆشه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی یانه‌كه‌ دان، بۆیه‌ پێویسته‌ یاریزانه‌كانی پێشووی یانه‌كه‌ و هانده‌ران پاریزگا و راگه‌یاندكاره‌كان له‌م دۆخه‌دا پاڵپشتی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ بن، ئه‌گه‌ر نا ده‌رگای یانه‌كه‌ داده‌خرێت و له‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ رزگاریان نابێت به‌تایه‌بتی كێشه‌ی دارای یانه‌كه‌، كه‌ به‌رۆكی گرتوون و به‌ میرات له‌ ده‌سته‌ی پێشوو بۆیان ماوه‌ته‌وه‌.

ئامۆژگاری ده‌سته‌ نوێیه‌كه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات
ئیبراهیم محه‌مه‌د كه‌ ئێستای مامۆستای زانكۆیه‌، له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ هه‌ولێر ئامۆژگاری ئه‌م ده‌سته‌ تازه‌یه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: پێویسته‌ به‌شیوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا كاره‌كانیان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و هیچ شتێكی ژێر په‌رده‌ و شاراوه‌یان نه‌بێت به‌ تایبه‌تی له‌ رووی داراییه‌وه‌، ده‌بێت هه‌رچی هه‌یه‌ له‌ هه‌ر دۆخێك بن، له‌ رێگای كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی بۆ ڕای گشتی بیخه‌نه‌ روو ده‌نا به‌ هه‌مان ده‌ردی پێشوو ده‌چن.

هیواداره‌ وه‌كو ئه‌وانه‌ی پێشووی خۆیان زوڵم نه‌كه‌ن
نزار سڵێوه‌، به‌رگریكاری پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت له‌ باره‌ی ئه‌م پرسه‌ هیوای ئه‌وه‌ی خواست ئه‌و ده‌سته‌ نوێیه‌كه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر هاوشێوه‌ی ده‌سته‌كه‌ی پێشوو زوڵم له‌ یاریزانه‌ مێژووییه‌كانی یانه‌كه‌ نه‌كات. نزار زیاتر ده‌ڵێت: پێش ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌و ده‌سته‌ نوێیه‌،‌ یاریزان و ئه‌ستێره‌كانی پێشووی هه‌ولێر زۆڵمیان لێكراوه‌، چونكه‌ زۆربه‌یان هیچ ده‌ره‌فتێكی باشی كاركردنیان پێنه‌ده‌درا، یه‌كێك له‌وانه‌ خۆمم، به‌ر ئه‌م شاڵاوه‌ی زوڵمه‌ كه‌وتم و هیچ ده‌ره‌فه‌تیكی كاركردنم له‌ یانه‌ی دایك پێنه‌درا، له‌ كاتێكدا به‌ مێژوو به‌ بڕوانامه‌ی راهێنه‌رایه‌تی مافی خۆم بوو، كار له‌وێ بكه‌م، بۆیه‌ داوا له‌و ده‌سته‌ نوێیه‌ ده‌كه‌م ده‌ره‌فتێك به‌ هه‌ركه‌سێك بده‌ن مافی كاركردنی له‌و یانه‌یه‌هه‌بێت. سڵێوه‌ ده‌شڵێت: پێمباشه‌ هه‌ولێر بناغه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی په‌یڕه‌ و پڕۆگرامه‌كانی یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ بلباوی ئیسپانی دابرێژێت و سوود له‌ ئه‌زموونی ئه‌وان وه‌ربگرێت تا تیپیكی ته‌واو له‌ پێكهاته‌ی یاریزانی خۆمان درووست بكه‌ین، ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ به‌رنامه‌ و پلانی درێژ خایه‌ن هه‌یه‌.

یاریزانه‌ خێراكه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر چی ده‌ڵێت؟
سرود غازی یاریزانه‌ خیراكه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ پیوسته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌رزش و لاوانی هه‌ولێر، یاسایه‌ك یاخود سیسته‌میك دابڕیژێ، بۆ هه‌ڵبژاردنی یانه‌كان، دوای هه‌شت ساڵ هیچ كه‌سیك بۆی نه‌بێت جارێكیتر خۆی هه‌ڵبژێریته‌وه‌ و له‌ شوینه‌كه‌ی خۆی بمێنێته‌وه‌ و چۆڵی نه‌كات، چونكه‌ ئه‌مه‌ هۆكارێكی خراپه‌ بۆ دواخستنی وه‌رزشی كوردستان.
سرود ده‌شڵێت: داوا له‌و ده‌سته‌ تازه‌یه‌ ده‌كه‌م، سوود له‌ توانای كه‌سانی شاره‌زا و به‌ ئه‌زموونی پێشووی یانه‌كه‌ وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان له‌ خزمه‌تكردنی یانه‌كه‌ و به‌ره‌و پیشبردنی یانه‌كه‌ به‌شداربببن، پێشنیارێكی ترم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر راهینه‌رێكی بیانیش بۆ یانه‌كه‌ داده‌نێن، با یاریده‌درێكی كوردی له‌گه‌ڵ دابێت، تا بۆ داهاتوو ئاماده‌بێت یانه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ببات

جێگری یه‌كه‌می یانه‌ی هه‌ولێر وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌
سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند، ئه‌ستیره‌ی پێشووی یانه‌كه‌ و جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی یانه‌كه‌ له‌ ئێسته‌دا، له‌سه‌ر كار و بڕیاره‌كانی یانه‌كه‌ی بۆ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان له‌سه‌رتاوه‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌كیان بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كان پێكهیناوه‌، هه‌ر یه‌كێك له‌و لێژنانه‌ ئه‌رك و كاری خۆی جێبه‌جێ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌ و پلانه‌ی پێشووتر قسه‌مان له‌سه‌ری كردووه‌، به‌ كردار بیهێنینه‌ دی.
سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند كاپتی پێشووی یانه‌كه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ به‌ ستافی نوێی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر هه‌ڵبژێردرا له‌ رێگه‌ی رۆژنامه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ دڵنیایی ده‌داته‌ هانده‌ران و وه‌رزشوانان، كه‌ به‌هیچ جۆرێك له‌و په‌یڕه‌ و پرۆگرامه‌ی پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان لاناده‌ن، ده‌شڵێت: به‌ڵام پێویسته‌ هه‌موولایه‌ك پشوو درێژبن له‌گه‌ڵمان، تاوه‌كو ئه‌و كاره‌ جوانانه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت بیكه‌ن ئه‌نجامی بده‌ن، بۆ ئه‌م كاره‌ش پێوستمان به ‌كاته‌، تا ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی له‌به‌رده‌می ئێمه‌دایه‌ به‌سه‌ری دا زاڵبین.
سه‌ڵاحه‌دین سیامه‌ند كاپتنی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان پڵانیان داڕشتووه‌، بناغه‌یه‌كی به‌هێز و پته‌و بۆ یانه‌كه‌ دروست بكه‌ین، تا له‌ داهاتوو چه‌ندین یاریزانی لیهاتوو ئاست به‌رز له‌سه‌رجه‌م یارییه‌كان بۆ یانه‌كه‌ پێبگه‌یه‌نین.
سه‌ڵاحه‌دین كه‌ یه‌كه‌مین یاریزانی كورده‌ له‌ مۆندیالی لاوان گۆڵی له‌ كه‌نه‌دا كردووه‌، ده‌شڵێت: سوپاسی پاڵپشتی و خۆڕاگری هانده‌رانی هه‌ولێر ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتیمان ده‌كه‌ن، په‌نا به‌خوا هه‌ولێر ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ سه‌رده‌می فڕه‌نسۆ هه‌ریری، كه‌ یاریگه‌ پرا و پڕ ده‌بوو له‌ هانده‌ره‌ جوانه‌كه‌ی یانه‌كه‌مان.