ئه‌مڕۆ له‌ جامی عێراقی نه‌ورۆز ده‌یه‌وێت كاره‌بای به‌غدا بكوژێنێته‌وه

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌، له‌ یارییه‌كانی قۆناغی شازده‌ی جامی عێراقی، نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی كاره‌بای به‌غدا ده‌كات، یارییه‌كه‌ له‌ كاتژمێر (2:00)ـی ئێواره‌ ئه‌نجام ده‌درێت، یارییه‌كان له‌ سه‌ر شێوازی چوون به‌ڕێوه‌ده‌چن و تیپه‌كان به‌ یه‌ك یاریی ماڵئاوای له‌ جامه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

نه‌ورۆز ئاماده‌كارییه‌كی باشی بۆ ئه‌م یارییه‌ كردووه‌، راهێنه‌ر وه‌لی كه‌ریم، ئاستی تیپه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رتای یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كاتانه‌شی خول وه‌ستاوه‌، نه‌ورۆز پشووی نه‌داوه‌ و هه‌وڵیداوه‌ قه‌ره‌بووی ئه‌و كاتانه‌ بكاته‌وه‌، كه‌ دره‌نگ ئاماده‌كارییان بۆ یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ كردووه‌، سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی بۆ ئه‌م یاریزانه‌كانی بۆ ئاماده‌ن، به‌ تایبه‌ت دیاری یاخی له‌ به‌رگری و ئاسۆ رۆسته‌می سێیه‌م گۆڵكه‌ری خولی نایابی عێراقی و گۆڵكه‌ری یه‌كه‌می تیپی نه‌ورۆزه‌، هه‌ره‌ها دیار حه‌مكه‌ی هێرشبه‌ریشی ئاماده‌یه‌.
سوورپۆشه‌كه‌ی سلێمانی له‌ خولی نایابی عێراقی ئێسته‌ دۆخی باشتره‌ وه‌ك له‌ سه‌ره‌تای خوله‌كه‌، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكی باشه‌ له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ تا به‌سه‌ر كاره‌بادا سه‌ربكه‌ون، چونكه‌ له‌ خولی نایابی عێراقی ئێسته‌ خاوه‌نی 10 خاڵه‌ له‌كۆی یازده‌ یاریی، كه‌ ئه‌نجامی داوه‌.
نه‌ورۆز نایه‌وێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست بدات، چونكه‌ له‌ ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی له‌ یاریی ئه‌مڕۆ له‌ دژی كاره‌با، ئه‌وا له‌گه‌ڵ براوه‌ی سلێخ و مه‌سافی باشور یاریی ده‌كات، به‌راورد به‌م یارییه‌ ئه‌ركی ئاسانتره‌ و نزیك ده‌بێته‌وه‌ بگاته‌ قۆناغی پێشكۆتایی جامی عێراق.
كاره‌با، به‌راهێنه‌رایه‌تی لوئه‌ی سه‌ڵاح ئه‌م وه‌رزه‌ ئاستێكی ناوه‌ند پێشه‌كه‌ش ده‌كه‌ن، له‌ كۆی یازده‌ یاریی رابردوویان له‌ خولی نایابی عێراقی، خاوه‌نی 14 خاڵن و له‌ خانه‌ی ده‌یه‌می خوله‌كه‌ دێن، لوئه‌ی پشتی به‌ چه‌ند یاریزانێك به‌ستووه‌ له‌وانه‌ ئیڤان خالیدی یاریزانی وه‌رزی رابردووی هه‌ولێر و فه‌رحان شوكری هێرشبه‌ری یانه‌ی داڵكور، هه‌روه‌ها دوو یاریزانی پیشه‌كه‌ریشی هه‌یه‌، ره‌حیم ئۆلابی نێجیری له‌ هێلی هێرشبه‌ر یاریی ده‌كات ، و ئاسان مه‌نسای سه‌نیگالیش له‌ هێلی ناوه‌ڕاست یاریی ده‌كات، ئه‌مانه‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی لوئه‌ی سه‌ڵاحن له‌ یاریی ئه‌مڕۆ.
هه‌ردوو یانه‌كه‌ ئه‌مڕۆ بیر له‌ بردنه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ پێانوایه‌ ئه‌ركی داهاووتیان له‌گه‌ڵ دوو یانه‌یه‌ له‌ خولی پله‌ یه‌كه‌كانی عێراقی یاریی ده‌كه‌ن، كه‌ سلێخ و مه‌سافی باشورن، به‌مه‌ش یارییه‌كی پڕ له‌ هه‌ستیار و وشك چاوه‌ڕێی هه‌وادارای یانه‌كان ده‌كات، نایه‌نه‌وێت به‌ ئاسانی له‌ جام بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ خاوه‌نی پله‌ی یه‌كه‌می جام له‌ پاڵاوتنه‌كانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا یاریی ده‌كات و پله‌ی دووه‌می جامی عێراقیش، له‌ جامی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی عه‌ره‌ب یاریی ده‌كات.