پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و هه‌ندرێن له یارییه‌كی به‌هێزدا رووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه.
ئه‌مڕۆ سبه‌ی گه‌ڕی نۆیه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان بۆ تۆپی پێ له‌سه‌رجه‌م یاریگه جیاوازه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یارییه‌كانیش كاتژمێر(2) ئه‌نجامده‌درێن، له یارییه‌كی به‌هێزدا پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر میونداری هه‌ندرێن ده‌كات، كه ئه‌مه یاریی لوتكه‌ی ئه‌م گهڕهدبێت، شێروانه‌ش چاوی له‌وه‌یه دووه‌م بردنه‌وه له خوله‌كه له‌سه‌ر حسابی برایه‌تی به‌ده‌ستبهێنێت، ئارارات و شه‌قڵاوه‌ش رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، سۆرانیش له یاریگه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت دهۆكیش به ده‌ردی زاخۆی به‌رێت، سیروانی نوێش هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی باری لاسه‌نگی خۆی ده‌دات، كاتێك یاریی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ده‌كات، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری له‌سه‌ر خوله‌كه ده‌خاته‌ڕوو.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌یه‌وێت تاڵاوی یه‌كه‌م شكست به هه‌ندرێن بنۆشێت
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، له یاریگه‌ی خۆی له به‌رزاییه‌كانی پیرمام میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، سه‌میر بابۆی راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره تۆمار بكات و هاوسه‌نگی بۆ تیپه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه، چاوی لهوشه یه‌كه‌م شكست تووشی ههندرێنییهكان بكات، كه تاكه تیپین تا ئێسته نه‌دۆڕاون، بردنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له‌و یارییه هێز و وزیه‌كی زۆر به یاریزانه‌كان تیپه‌كه ده‌به‌خشێت و جارێكی دیكه زه‌نگی مه‌ترسی بۆ سه‌رجه‌م یانه‌كان لێده‌داته‌وه و، له رووی ده‌روونیشه‌وه سوودێكی زۆری بۆ یاریزانه‌كان ده‌بێت، كێشه‌ی تیپه‌كه‌ی بابۆ له نه‌بوونی دروستكه‌ری یاریی دایه، یارییه‌كی دواخراویشی له‌گه‌ڵ چه‌مچه‌ماڵ ماوه، 11 خاڵیان هه‌یه له پله‌ی شه‌شه‌م دێن.
هه‌ندرێن سووپڕایزهكهی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان، له كۆی 8 یاریی رابردووی، تۆماری خۆی له دۆڕان پاڕاستووه، به 22 خاڵ پێشه‌نگی گرتووه، بۆته تۆقێنه‌ری تیپه‌كان، به كۆمه‌ڵ یاریكردن و چه‌ند یاریزانێكی ئاشنا به‌یه‌كتر پاڵپشتییه‌كی باشی دڵشاد مه‌عروفی راهێنه‌رن بۆ ئه‌م ئه‌نجامه باشانه، هه‌موو هه‌وڵێكیان ئه‌وه‌یه له پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ببنه‌وه، چونكه گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستی قۆناغی یه‌كه‌م، تپێدهپهڕێنن، ره‌نگه ببنه پاڵه‌وانی قۆناغی یه‌كه‌م و و نزیكبنه‌وه له بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ش.
چه‌مچه‌ماڵ و ده‌ربه‌ندیخان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی به‌هێزدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
ده‌ربه‌ندیخان له یاریگه‌ی خۆی میوانداری چه‌مچه‌ماڵییه‌كان ده‌كات، شین پۆشه‌كه‌ی ده‌ربه‌ند، له دۆخێكی ده‌روونی باشدان، چونكه گه‌ڕی رابردوو سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یان به‌سه‌ر ئارارات دا تۆماركرد، به‌مه‌ش له‌م فشاره زۆره‌ی هانده‌رانی یانه‌كه، كه له‌سه‌ریان بوو، كه‌مبوویه‌وه، ئێسته ئاسووده‌ترن و ده‌توانن له ههرتیپكی دیكه ببه‌نه‌وه، 12 خاڵیان هه‌یه.
چه‌مچه‌ماڵ، به راهێنه‌رایه‌تی ئه‌رسه‌لان جه‌لال، ئاستێكی ناوه‌ند پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام تیپه‌كه ورده ورده ئاستی به‌ره‌و باشتر ده‌چێت، یاریزانه‌كان گڕوتینیكی باشیان هه‌یه، هانده‌ران پاڵپشتییه‌كی باشی یانه‌كان، بۆیه چاوه‌ڕوای ئه‌نجامی باشتر له تیپه‌كه ده‌كرێت، ته‌نها 10 خاڵیان هه‌یه.
سۆران ده‌یه‌وێت دهۆك به ده‌ردی زاخۆ به‌رێت
سۆران له یاریگه‌ی خۆی میوانداری دهۆك ده‌كات، سۆران له دۆخێكی باش دایه، چونكه گه‌ڕی رابردوو بردنه‌وه‌یه‌كی گرینگی له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌ده‌ستهێناوه، بۆیه ئه‌م یارییه ش چاوی له‌وه‌یه دهۆكییه‌كان وه‌ك زاخۆ لێبكات، سێیه‌م بردنه‌وه له خوله‌كه تۆمار بكات، 9 خالیان هه‌یه.
دهۆكییه‌كان گه‌ڕی رابردوو تووشی شكستهاتوون، بۆیه ده‌یانه‌وێت به بردنه‌وه له سۆران ئاستی خراپیان به‌رز بكه‌نه‌وه، به پاڵپشتی ئه‌نجامه باشه‌كانیان له جامی كوردستان له‌م یارییه چاویان له ئه‌نجامی باشه، 12 خاڵیان هه‌یه و هیچ یهكسانێكیان نییه.
برایه‌تی بۆ شێروانه ئامادیه
برایه‌تی له یاریگه‌ی خۆی یوانداری شێروانه ده‌كات، سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر به راهێنه‌رایه‌تی سه‌مه‌د جه‌وهه‌ر، تا دێت ئاستیان باشتر ده‌بێت، واتا ئاستی تیپه‌كه به‌ره‌و ههڵشكانه، تا دێت یاریزانه‌كان شاره‌زای شێوازی یاریكردنی یه‌كتر و پلانه‌كانی راهینه‌ر ده‌بن، به رێژه‌یه‌كی زۆریش گه‌یشتوونه‌ته پێكهاته‌ی كۆتایی و جێگیری تیپه‌كه، ئاست به‌رزی و متمانه به‌خۆبوونی یاریزانه لاوه‌كانی پاڵنه‌رێكی دیكه‌ی باشتربوونی تیپه‌كه‌یه، بوونی بیلال سالح و دانا كامه‌ران و بۆتان ده‌هام و كاردۆ كه‌مال و ئامانج ئه‌كره‌م، هێنده‌ی دیكه هێزی به تیپه‌كه به‌خشیووه، له ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی ئه‌م یارییه و ره‌شكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی یانه‌ی هه‌ڵۆ ره‌نگه برایه‌تی بگاته خانه‌ی پێنجه‌می خوله‌كه، كه ئێسته له نۆیه‌مه، یارییه‌كی دواخراویشی له دژی سه‌ید سادق ماوه.
شێروانه، دۆخی باش نییه، ئاستیان جێگیر نییه، فشارێكی زۆریان له‌سه‌ره، ئه‌مه‌ش وای كردووه، تیپه‌كه ئاستێكی باش پێشكه‌ش نه‌كات، پێویسته هانده‌ران و ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی هێمن و پلانی ورد مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه بكه‌ن و پشتگیری یاریزانه‌كان بكه‌ن و فشاریان لێنه‌كه‌ن، تا شێروانه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر رێچكه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كانی، خاوه‌نی 6 خاڵن.
دێربی سلێمانی له نێوان نه‌ورۆز و سه‌ید سادق ده‌بێت
نه‌ورۆز له یاریگه‌ی خۆی مویانداری سه‌ید سادق ده‌كات، كامهرن عه‌لی راهێنه‌ر له پلانه‌كانی پشتی به كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاو به‌ستووه، ئه‌مه‌ش هێزێكی زۆری به تیپه‌كه به‌خشیوه، پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كان ئاست و ئه‌نجامیان باشه، ده‌یانه‌وێت به بردنه‌وه له سه‌ید سادق، هه‌نگاوێكی دیكه له ریزبه‌ندی پێشه‌وه نزیك ببنه‌وه، 12 خاڵیان هه‌یه و یارییه‌كی دواخراویشیان هه‌یه.
سه‌ید سادق، تا ئێسته له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی سه‌ركه‌وتنی له خولی نایابی كوردستان تۆمار نه‌كردووه، بۆیه ده‌یه‌وێت ئه‌مجاره له‌سه‌ر حسابی نه‌ورۆز ئه‌م گرێكوێره‌یه بكاته‌وه، ره‌مزی سالحی راهێنه‌ر تا ئێسته ئاست و ئه‌نجامه‌كانی به دڵی هانده‌ره بێ شوومارهكهی سوور و سپی پۆشهكانه، تایبه‌ت له یاریگه‌ی خۆیان كه‌س له ده‌ستیان رزگاری نابێت، خاوه‌نی 12 خاڵن یارییه‌كی دواخراویان هه‌یه.
یارییه‌كانی رۆژی پێنج شه‌ممه
ئارارات میوانداری شه‌قڵاوه‌ی دراوسێی ده‌كات
ئارارات له گه‌ڕی رابردوو له‌سه‌ر ده‌ستی دهربهندیخانییهكان له یاریگه‌ی خۆی تووشی شكست هاتووه، بۆیه ده‌یه‌وێت، به بردنه‌وه له شه‌قڵاوه باری لاسه‌نگی خۆی راست باته‌وه، پشت به تواناكانی عه‌لی عه‌زیز و دلاوه‌ر شینۆ و سه‌فین عه‌بدولخاڵق ده‌به‌ستێ، بۆ بردنه‌وه له‌م یارییه پێویسته به زووی ئه‌نجامه‌كه‌ی گه‌ڕی رابردوو له‌بیر بكه‌ن، ته‌نها 10 خاڵیان هه‌یه.
شه‌قڵاوه له‌وه‌ته‌ی گه‌ڕی یه‌كه‌م له هه‌ڵۆی بردووته‌وه و له بردنه‌وه تۆراوه، گه‌ڕی رابردوو هه‌رچه‌ند یه‌كسان بوون، به‌ڵام باشترین ئاستیان نیشاندا، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت له‌م یارییه ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكه‌ن، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هێلی به‌رگریان رێكبێخنهوه و كه‌مترین هه‌ڵه ئه‌نجام بده‌ن، ته‌نها 6 خاڵیان هه‌یه.
سیروانی نوێ هه‌وڵی هڵسانهوه ده‌دات
سیروانی نوێ میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، ئامنجی رزگار عه‌لی بردنه‌وه‌یه له‌م یارییه، گه‌ڕانه‌وه‌ی یاریزانه دابڕاوه‌كانی یاریی رابردووی پاڵپشتییه‌كی باشه بۆ رزگاری راهێنه‌ر تا دۆڕانی گه‌ڕی رابردوو له‌بیر بكات، ده‌یانه‌وێت بیبه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌یان له هه‌ندرێنی پێشه‌نگی خوله‌كه زۆر نه‌خایه‌نێت، 16 خاڵیان هه‌یه. هه‌ولێر دوای گۆڕینی راهێنه‌ر بردنه‌وه‌یان تۆماركرد، ماوه‌ی دوو هه‌فته‌شه ته‌نها یه‌ك یارییان له جامی كوردستان كردووه، ئه‌وه‌یش دۆڕاون، بۆیه دهرهفت له‌به‌رده‌م یونس سلێمان هه‌بووه، تا پلانه‌كانی خۆی له كاتی راهینانه‌كان بگه‌ینێته یاریزانه‌كانی تا رادیه‌كی زۆریش بیانوو له‌به‌ردم نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی باش تۆمارنه‌كات، ته‌نها 7 خاڵیان هه‌یه.