هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ده‌سته‌ی كارگێڕی تازه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر رووبه‌ڕووی كێشه‌ی چاره‌سه‌رنه‌كراوی ده‌سته‌ی پێشووی یانه‌كه‌ بوونه‌وته‌وه‌

ده‌سته‌ی كارگێری ئێستای یانه‌ی هه‌ولێر به‌ پشتگیری پارێزگاری هه‌ولێر توانیان یانه‌كه‌ له‌ دابه‌زین بۆ خولی پله‌یه‌ك رازگار بكه‌ن و كۆتاییان به‌ كێشه‌ی راهێنه‌ری گۆڵپارێزانی پێشووی یانه‌كه‌ هێنا، به‌ڵام به‌ گوته‌ی خۆیان له‌به‌رده‌م چه‌ندان كێشه‌ی دیكه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوودان.

رۆژی دووشه‌ممه‌، 27 نۆڤێمبه‌ری 2021، یانەی هەولێر له‌ راگه‌یاندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ کۆتاییان بە کێشەی راهێنەری گۆڵپارێزانی پێشووی یانه‌كه‌ (جه‌لیل زێدان) هێنا كه‌ پێشتر گرێبەستێكی به‌ به‌های 110 ملیۆن دیناری عێراقی لە ساڵی 2014 لەگەڵ یانەی هەولێر هه‌بوو، تا ئێستا پاره‌كه‌ی وه‌رنه‌گرتبوو، سكاڵای له‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ئاسیا تۆمار كرد بوو، ئه‌گه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر به‌منزیكانه‌ ئه‌م قه‌رزه‌ی نه‌دابایه‌وه‌ یانه‌كه‌ بۆ خولی پله‌یه‌كی عێراق داده‌به‌زی.
ته‌ها قادر سكرتێری یانه‌ی هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر رایگه‌یاند، كه‌ یانه‌ی هه‌ولێر به‌ پشتگیری دارایی پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ هه‌وڵی عه‌بدولخالق مه‌سعوود سه‌رۆكی فیدراسیۆنی پێشووی تۆپی پێی عێراق توانیان جه‌لیل زێدان رازیبكه‌ن به‌ لێخۆشبوونی له‌ 40 ملیۆن دینار و له‌ به‌رامبه‌ردا به‌ پێدانی 70 ملیۆن دینار سكاڵایه‌كه‌ی بكشێنێته‌وه‌ و كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر كرا، له‌ كاتێكدا چه‌ند یاریزان و راهێنه‌رێكی دیكه‌ داوای قه‌رزه‌كانیان له‌ یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌نه‌وه‌.
ته‌ها قادر به‌ هه‌ولێری راگه‌یاند كه‌ قه‌رزێكی زۆر له‌سه‌ر یانه‌كه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌، له‌ داهاتووشدا چه‌ندان به‌ربه‌ستی دیكه‌ دێته‌ پێشیان، له‌ ئێستا یانه‌كه‌ 99 ملیۆن دیناری هۆتێل وڵات قه‌رزداره‌، كه‌ له‌ شاری هه‌ولێره‌، كه‌ پێشتر له‌ نێوان ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 یاریزانه‌كان تێیدا خه‌وتوون و ماونه‌ته‌وه‌.
سكرتێری یانه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان ده‌توانن داهاتی یانه‌كه‌ زیاد بكه‌ن، به‌ڵام ده‌سته‌ی كارگێری پێشووی یانه‌كه‌ قاسه‌یه‌كی به‌تاڵیان بۆجێهێشتوون له‌گه‌ڵ قه‌رزێكی گه‌وره‌ی كه‌ڵه‌كه‌ بوو.
ته‌ها قادر گوتیشی: یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر كافتریا و چێشتخانه‌ی توده‌یه‌، كه‌چی گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كراوه‌ و پاره‌ی 2022 و 2023 به‌ پێشه‌كی وه‌رگیراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ‌گرێبه‌ستی تابلۆ مۆڵ به‌شێوه‌یه‌ك ناڕوون و ئاڵۆزه‌، مه‌گه‌ر ته‌نیا حكوومه‌ت و دادگا بۆمان یه‌كلایی بكاته‌وه‌.
ته‌ها قادر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا سه‌رجه‌م راستی و كێشه‌ و گرفته‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر بۆ حكوومه‌ت و ڕای گشتی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رای گشتی له‌سه‌رجه‌م ورده‌كارییه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر ئاگاداربێت، مه‌به‌ست و ئامانجی سه‌ره‌كی ئێمه‌ كاركردنه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فافانه‌ له‌ یانه‌ی هه‌ولێر نیشاندانی وێنه‌یه‌كی جوانی به‌ڕێوه‌بردنه‌ له‌ كایه‌كی گرینگی وه‌رزشی كوردستان.
له‌ رۆژی 7ـی ئه‌م مانگه‌، هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر كرا، له‌ كۆی 9 به‌ربژێر ته‌نیا دوو كه‌س له‌ ئه‌ندامانی پێشووی ده‌سته‌ی كارگێری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌رچوون و 7 كه‌سی نوێ هاتنه‌ نێو ستافی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر، عه‌بدوڵڵا مه‌جید سه‌رۆكی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر، زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام دوو رۆژ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، وازهێنانی خۆی له‌ یانه‌ی هه‌ولێر راگه‌یاند.