عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی نوێی یانەی دهۆک لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا: قاسه‌یه‌كی به‌تاڵیان بۆ جێهێشتووین و 110 ملیۆنمان له‌ ماڵه‌كانی خۆمان بۆ مووچه‌ی یاریزانان هێناوه‌

کەمتر لە مانگێکە هەڵبژاردن بۆ دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک ئەنجامدراوە، دوای ٨ ساڵ دەستەیەکی نوێ لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، متمانەی دەستەی گشتی یانەکەیان بەدەستهێنا و بوونه‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كه‌، ٨ کەسیان بۆ یەکەمجارە دەبنە کارگێڕی دهۆک، عەبدوڵڵا جەلال کە گەنجێکی دهۆکە بوو بە سەرۆکی یانەکە، لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی هەولێردا سەرۆکە نوێیەکەی یانەی دهۆک باسی کێشە و گرفتەکانی یانەکە و ئامانج و پلانی داهاتووی دەستە نوێیەکەی دهۆک دەکات.

پلانێکی ستراتیجی داناوە
دەربارەی پلان و ئامانج و یانەی دهۆک لە دەسپێکدا (دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال) سەرۆکی یانەی دهۆک ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ دوای ئەوەی کە ئه‌وان وەکو ستافی نوێی یانەی دهۆک هەڵبژێردراین، پلان و کاری خۆیان بۆ شەقامی وەرزشی خستە ڕوو، ده‌شڵێت: ئێمە وەک کارگێڕی نوێی یانەکە، پلانمان بۆ یارییە تاکیەکان و یارییە به‌ كۆمه‌ڵه‌كان و ژێرخانی وەرزشی یانە هه‌یه‌، هەموو ئەمانەمان لە بانگەشەی هەڵبژاردنیش باس کرد بوو، پێش دەسبەکاربونمان پێشبینی ئەوەمان دەکرد کە بودجەی یانەکە ٤ ملیار بێت، بەڵام دوای دەسبەکاربونمان، وەکو سوپرایزێک بوو بۆ ئێمە و شەقامی وەرزشیش بۆمان دەرکەوت کە بودجەی یانەکە ٦ ملیار دینار زیاترە، لە ئەنجامی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیاکان و لایەنەکانی تر وەک سپۆنسەر ئەنجامدراوە.
بۆیە ناچاربووین پلان بەپێی بودجەی ئێستە دابنێین نەک پێشتر، چونکە باری دارایی یانەکە لە ئێستەدا لەوپەڕی خراپیدایە، بۆیە داوامان لە حکومەت و خودی سەرۆکی حکومەت و پارێزگای دهۆک کردووە، کە لە ماوەیەکی کورتدا بێنە سەرخەت و هاوکاری یانەکە بکەن، چونکە دهۆک یەکێکە لە یانە گەورەکان و خاوەن مێژوو دەسکەوتی زۆرە، ناکرێ بەو دۆخەدا تێبپەڕێت.

پارەی لە ماڵی خۆی هێناوە بۆ مووچەی یاریزانان
دوای دەسبەکاربوونی دەستەی نوێی یانەکە، دهۆک بە دۆخی خراپی دارای تێدەپەڕێت و مانگانە زیاتر لە ١٣٠ ملیۆنی پێویستە بۆ دابینکردنی مووچەی یاریزان و فەرمانبەرانی یانەکە، لەو بارەیەوە سەرۆکی یانەی دهۆک گوتی: لەبەر ئەوەی قاسەی یانەکە هیچ پارەیەکی تێدا نیە، ئەو مانگە بڕی ١١٠ ملیۆنمان لەماڵی خۆمان هێناوە بۆ دابینکردنی مووچەی یاریزانان و فەرمانبەران، بەڕێوەبەری گشتی وەرزش بەڵێنی پێداوین کە ئەو بڕە پارەیەی ئەو مانگەمان بۆ دابین بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی دوای هاتنی ئێمە قاسەی یانەکە هیچ پارەیەکی تێدا نەبوو، کارگێڕی پێشووی یانەکە کۆمەڵێک خەرجی تریان کردووە و پارەکەیان نەداوە، جل و بەرگ و کەل و پەلی وەرزشیان کڕیوە پارەکەیان نەداوە، گرێبەستیان لەگەڵ یاریزان ئەنجامداوە پارەیان نەداوە، مووچەی مانگی ڕابردوویان نەداوە.

گۆڕانکاری لە چەند بەشێکی ناو یانەکە دەکەن
باسی داهاتی یانەکەی بەمجۆرە کرد و گووتی: ئەو داهاتەی کە مانگانە یانەکە هەیەتی و لەلایەن سپۆنسەر و ئەو لایەنانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ یانەکە کردووە هەموویان داوە بە یانەکە، تەنانەت ئەو کۆمەڵگە پزیشکیەی کە گرێبەستی لەگەڵ دهۆک هەیە، پارەی ساڵی ٢٠٢٢ داوە بە یانەکە، بەڵام ئەو خەرجی و پارانە دیارنین، لە ئێستەدا لە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بەردەوامین و دەمانەوێت ئەو بابەتە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین.
هێمای بۆ ئەوەیش کرد لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا تەنیا کاریان لەسەر کۆکردنەوەی داتا و ئامار کردووە، بۆ ئەوەی بزانین لەکام بەش بەهێزین، لەکام بەش لاوازین، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لەوشوێنانە بکەین کە لاوازین، هەندێک شوێنیش کە پێویستی بەوە هەیە باشتری بکەین، کاری لەسەر بکەین.

کار لەسەر گەڕانەوەی داهاتی یانەکە دەکەن
دەربارەی لایەنی پاڵپشتی یانەکە لەڕووی دارایی و ئەو شوێن و لایەنانەی کە گرێبەستیان لەگەڵ یانەکە هەیە، دکتۆر عەبدوڵڵا گوتی: یەکێک لەگۆڕانکارییەکانمان دروست کردنی بەشی یاساییە بۆ کاروبارەکانی یانەکە، کە دەمانەوێت لەمەو دوا هەموو ئەرکەکان لەڕێگەی یاسایی جێبەجێ بکەین، پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەیش دەکەین وەکو بەنزیخانەی یانەکە و کۆمەڵگەی وەرزشی کە بەشێک لەداهاتی یانەکە دابین دەکەن، بەپێی گرنگی بۆ یانەکە و باشتر کردنی ئەو گرێبەستانە کاریان لەگەڵ دەکەین، بەڵام هەر کارێک و گرێبەستێک ئەنجام بدەین پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی لێ ئاگادار بکەین، چونکە ئێمە یانەیەکین سەر بە ئەوان، چاوەڕی هەنگاوەکانی پارێزگای دهۆکیش دەکەین بۆ هاوکاری کردن و بەدەمەوە هاتنی یانەکە.

یاریگەی دهۆک پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە
لەبەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆکی یانەی دهۆک باسی یاریگەی یانەکەیشی کرد کە بە یەکێک لە یاریگە جوان و باشەکان دادەندرێت لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق، لەو بارەیەوە گووتی: یانەکە لەڕووی ژێرخانی یاریگەیشەوە وەک پێویست نیە، یاریگەکە ئێستە پێویستی بە ٢٠ هەزار دۆلارە بۆ گۆڕینی چیمەنی یاریگەکە، ئەگەر لەماوەیەکی کورتدا چاک نەکرێت چارەنووسی یاریگەکە وەکو یاریگەکانی تری لێدێت، کە ئەو کاتە ڕەنگە زۆر لەو بڕە پارەیەی زیاتر تێبچێت کە پێویستی پێیەتی.
پلانی چیان هەیە بۆ تیپی لاوان و تازەپێگەیشتوان؟
عەبدوڵڵا جەلال گووتی: نامانەوێت تیپی لاوان و تازەپێگەیشتوانمان تەنیا بۆ کاتێکی دیاریکراو مەشق و ڕاهێنان بکەن و ڕاهێنەر و ستاف بەس بۆ ئەوە دابنێین مووچەیەکی پێبدەین و ماوەی یەک دوو مانگ بێت و دواتر بەجێمان بهێڵێت، بەڵکو دەمانەوێت، لەماوەی ساڵەکەدا تەنیا لەکاتی تاقیکردنەوەکان پشویان پێبدەین و بەردەوام لە مەشق و ڕاهێنان بەردەوام بن و بەشێوازێکی تر کار لەسەر تیپی لاوان و تازەپێگەیشتوان بکەین، بەشیوازی ئەکادیمی یاریزان دروست بکەین و یاریزان لە ئەکادیمیا دەسپێبکات و پلە بە پلە بگات بە ئاستێکی پێشکەوتوو کە پێم وایە ئەمە ڕێگە ڕاستەکەیە.

داوای هاوکاریان لەسەرۆکی حکومەت کردووە
لەبارەی بەدەمەوە هاتنی یانەکە لەلایەن حکومەت و لایەنی بەرپرس، سەرۆکی یانەی دهۆک گووتی: بەر لەچەند ڕۆژێک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، دۆخی ئێستەی یانەکەمان بۆ هەمووان ئاشکرا کرد و خراپی دۆخی یانەکەمان ڕاگەیاند و داوای هاوکاری و بەدەمەوەهاتنمان کردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ هاوکاریەک نەکراوین، گەشبینم کە لە ماوەیەکی کورتدا هاوکاری یانەی دهۆک دەکرێت و دۆخی یانەکە بەرەو باش بوون دەچێت.

گرنگی بە هەموو یارییەکان دەدەین
عەبدوڵڵا جەلال کە یەکێکە لەبچووکترین سەرۆک یانەکان لە کوردستان، باسی گرنگی هەموو یارییە وەرزشیەکانی کردو بەپێی پلان و توانای خۆیان کارلەسەر هەموو یارییەکان دەکەن، بەڵام بەهۆی دورکەوتنەوەی یانەی دهۆک لەخولی نایابی عێڕاق کە ماوەی ٦ ساڵە دابڕاوە، بەگرنگی دەزانێت ئەم وەرزە هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی یانەکە بگەڕێنەوە خولی نایابی عێڕاق، گوتیشی ئەوە بەو مانایە نایە کە یاریەکانی تر فەرامۆش بکەین، دەشڵێت ئێمە ٢٥ یاریزانمان لەهەڵبژاردەی عێڕاق هەیە لە یارییەکانی پایسکیلسواری، یاریە جەنگیەکان، تێنسی سەرزەوی و یارییەکانی تریش، کە بە پشتگیریەکی کەمی دارایی لەگەڵمان بەردەوامن، باسکەی دهۆک کە ٥ جار پاڵەوانی عێڕاق بووە و ئێستە نە لەخولی عێڕاق نە لە کوردستان بەشدارە، بەدڵنیای کەر بۆ گەڕانەوەی تۆپی باسکەیش دەکەین بۆ یانەکە.

وەک سەرۆکێکی گەنج ئامانجی چیە؟
لەبارەی ئامانجی خۆی وەک سەرۆکی یانەکە گووتی: بەرلەوەی ببم بە سەرۆکی یانە پلانم بۆ دانا بوو، ئامانجم ئەوەیە وەکو گەنجێک لەو ئەرکەم سەرکەوتووبم، ئەوەی لەلای من گرنگە کارکردنە بە تیم، مانگی ٣ ی ئەمساڵ بەربژێرکرام بۆ ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، بەڵام ئەوەی ئامانجی من بوو یانەی دهۆک بوو، کارکردن بوو بۆ بەرەو پێش بردنی هەموو یارییەکان لەو شارە، دەمەوێت خۆم زیاتر بەرەو پێش ببەم، بۆ بەرز ڕاگرتنی ناوی دهۆک.

کار بۆ ئاشتکردنەوە و گەڕانەوەی زیاتری هاندەران دەکەین
لە کۆتایی دیمانەکەی ڕۆژنامەی هەولێردا سەرۆکی یانەی دهۆک جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ گرنگترین شت بۆ ئه‌وان به‌رزكردنه‌وه‌ی ناوی دهۆكه‌، ده‌شڵێت: پلانی باش کردنی یانەکەمان هەیە، ئەگەر نەمانتوانی پلانی دووەم بەکاردێنین، لەگەڵ هاوڕێیانم بەیەک دەست و به‌ یه‌كگرتوویی و به‌ یه‌ك تیم كار ده‌كه‌ن و، داوا لەهاندەرانی دهۆک دەکەم پشوو درێژبن و ئارام بگرن، گەشبینم بتوانین بە هەموومان گۆڕانکاری لە یانەکە بکەین، کاردەکەین ژمارەی زۆری هاندەرانیش بگەڕێنینەوە بۆ یاریگەکان و هاندەران لەگەڵ ناوی دهۆک و وەرزش ئاشت بکەینەوە.

ھەواڵی زیاتر