هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

گه‌ڕێكی تری خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێ

ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ له‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی حه‌وته‌می خولی نایابی كوردستان، چه‌ند یارییه‌كی گرینگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كاتژمێر(2:30)، به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌شێك له‌ یانه‌كان هه‌وڵی پێشه‌نگ ده‌ده‌ن، ئه‌وانیتریش جه‌نگی رزگاربوون له‌ ناوچه‌ی دابه‌زین و مه‌ترسیدار ده‌كه‌ن، له‌ گرنگترین یاریدا پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و ئارارات له‌ به‌رزاییه‌كانی پیرمام رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، شێروانه‌ش له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا میوانداری سه‌ید سادق ده‌كات، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی سه‌رجه‌م یارییه‌كان ده‌كات.

ده‌ربه‌ندیخان و شه‌قڵاوه‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
شین پۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند له‌ یاریگه‌ی خۆیان میوانداری شه‌قڵاوه‌ ده‌كه‌ن، ده‌ربه‌ندییه‌كان ئاستیان جێگیر نییه‌، گه‌ڕی رابردووش له‌ یاریگه‌ی خۆیان نه‌یانبردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ میوانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیان به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانن تا جارێكیتر به‌ بردنه‌وه‌ شاد ببنه‌وه‌، چونكه‌ شه‌قڵاوه‌ له‌ دوای بردنه‌وه‌ی له‌ گه‌ڕی به‌كه‌می خوله‌كه‌، هیچ سه‌ركه‌وتنیكی دیكه‌ی تۆمار نه‌كردووه‌، دۆخیان باش نییه‌، ده‌ربه‌ندیخان به‌ 8 خاڵ له‌ پله‌ی نۆیه‌م دێت و شه‌قڵاوه‌ش به‌ 4 خاڵ له‌ خانه‌ی چوارده‌یه‌م دێت.

شێروانه‌ میوانداری سه‌ید سادق ده‌كات
تیپه‌كه‌ی كه‌لار ئاستی باش نییه‌، له‌ سه‌ره‌تای خوله‌كه‌ چاوه‌ڕوانی ئاست و ئه‌نجامێكی باشی لێ ده‌كرا، به‌ڵام له‌ دوای 6 گه‌ڕ ته‌نها یه‌ك بردنه‌وه‌ی هه‌یه، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌مڕۆ به‌ بردنه‌وه‌ له‌ یاریگه‌ی خۆیان و له‌ یانه‌ی سه‌ید سادق دڵی هانده‌رانی تیپه‌كه‌یان ئاشتبكه‌نه‌وه‌، ته‌نها 5 خاڵیان هه‌یه‌ وله‌ خانه‌ی سێزده‌یه‌من.
سه‌ید سادق، یاریگه‌ی خۆی كردووه‌ته‌ جه‌هه‌نه‌م بۆ میوانه‌كانی، به‌ڵام ئه‌مه‌ دووه‌مه‌ گه‌ڕه‌ به‌دوای یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ یاریی ده‌كات، چاویان له‌وه‌یه‌ بردنه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان له‌ خوله‌كه‌ تۆمار بكه‌ن، هه‌رچه‌ند ئاماده‌كاری تیپه‌كه‌ دواكه‌ت و له‌ رووی مادییه‌وه‌ خراپن، به‌ڵام ئاستێكی باشیان پێشكه‌ش كردووه‌، به‌ 11 خاڵ له‌ خانه‌ی له‌ پله‌ی پێنجه‌م دێن

نه‌ورۆز له‌گه‌ڵ زاخۆ یاری ده‌كات
نه‌ورۆز، ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ بوونی كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاو ئاستێكی باش پێشكه‌ش ده‌كات، كامه‌ران عه‌لی راهێنه‌ر جێی ده‌ست و پلانه‌كانی به‌ڕوونی به‌سه‌ر تیپه‌كه‌وه‌ دیاره‌، 3 بردنه‌وه‌ی تۆماركردووه‌، هیچ یه‌كسانێكی نییه‌، به‌ 9 خاڵ له‌ پله‌ی هه‌شته‌م دێن.
زاخۆ، تیپێكه‌ سروشتی یاریكردنی جێگیره‌ و به‌ ئاسانی نایگۆڕێت، به‌رگریه‌كی به‌هێز و پشت به‌ستن به‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ و سوود بینین له‌ تۆپه‌ جێگیره‌كان و هه‌ڵه‌ی به‌رگریكارانی تیپی به‌رانبه‌ر، شێوازی یاریكردنیانه‌، تا ئێسته‌ 9 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی حه‌وته‌م دێن.

سۆران و هه‌ولێر له‌ دێربی سۆران به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
سۆران له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ولێر ده‌كات، سۆران گه‌ڕی رابردوو تووشی گه‌وره‌ترین شكستی له‌م وه‌رزه‌ی هات، كاتێك 4 -0 به‌ هه‌ندرێن دۆڕا، ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌ولێر ببه‌نه‌وه‌ سارێژی برینه‌كانی یاریی رابردوویان بكه‌ن، 6 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دوازده‌یه‌من.
هه‌ولێر، ستافێكی نوێی راهێنه‌رانی ده‌ستنیشانكردووه‌، ده‌یه‌وێت خۆی رێكبخاته‌وه‌، یونس سلێمان بووه‌ته‌ راهێنه‌ر، هه‌موو كات له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی یاریزانانی لاو ئه‌نجامی باش ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌م پێكهاته‌ی هه‌ولێریش بۆ پلانه‌كانی یونس سلێمان گونجاوه‌، ته‌نها 4 خاڵیان هه‌یه‌.
یارییه‌كانی رۆژی پێنج شه‌ممه‌
یاریی ئاگرین له‌ نیوان پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و ئارارات دایه‌
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ پیرمام میوانداری ئاراراتی دراوسێی ده‌كات، به‌هۆی نزیكی یاریزانه‌كان له‌یه‌كه‌وه‌ و شاره‌زابوونی یاریزانه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتری یارییه‌كه‌ بۆ هه‌ردوولا قووڕس و زه‌حمه‌ت ده‌بێت، هه‌موو كات یاری ئه‌م دوو تیپه‌ جیاواز و تایبه‌ت بووه‌ بۆ هانده‌ران و جه‌ماوه‌ری تۆپی پێ و ئه‌نجامی چاوه‌ڕواننه‌كراوی تێدا رووداوه‌، ئاست و ئه‌نجامی پێشمه‌رگه‌ی هه‌لێر له‌ دوای 6 گه‌ڕی رابردوو له‌ ئارارات باشتره‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ ئاسانی ئه‌م تیپه‌ تێپه‌ڕ بكات، 11 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی چواره‌من.
ئارارات، به‌ هۆی زۆری پێكانی یاریزانه‌كانی له‌ یارییه‌كانی رابردوو، ئاتسێكی جێگیری پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر باری لاسه‌نگی خۆی راستبكاته‌وه‌، ته‌نها 7 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی ده‌یه‌م دێت.

سیروانی نوێ چاوی له‌ پێشه‌نگه‌
سیروانی نوێ، له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات، تیپه‌كه‌ی رزگار عه‌لی رێكخراوترین تیپی نێو خوله‌كه‌یه‌، هه‌موو یاریزانه‌كان پابه‌ندی رێنمایه‌كانی راهێنه‌رن، ئه‌مه‌ش وه‌ك خاڵێكی به‌هێز بۆ تیپه‌كه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت، بوونی كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاوی به‌توانا كاری رزگاری راهینه‌ری ئاسن كردووه‌، ئه‌وان له‌ دوای شكستیان له‌یه‌كه‌م یاریی 5 بردنه‌وه‌یان تۆماركردووه‌، به‌ 15 خال له‌ خانه‌ی دووه‌ن، چاوه‌ڕێی شكستێكی هه‌ندرێن، تا پێشه‌نگ وه‌ربگرنه‌وه‌.
چه‌مچه‌ماڵ، ئاستی وه‌ك پێویست نییه‌، هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینیت، هێشربه‌ری كاریگه‌ری نییه‌ تا هێرشه‌كانی تیپه‌كه‌ی ئه‌رسه‌لان جه‌لال له‌ كۆتا قۆناغی هێرشبردندا به‌ ئامانج بگه‌ینێت و گۆڵ تۆمار بكات، كه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی تیپه‌كه‌یه‌، 9 خالیان هه‌یه و له‌ پله‌ی شه‌شه‌من.

هه‌ڵۆ میوانیكی گه‌وره‌ و به‌هێزی هه‌یه‌
هه‌ڵۆ له‌ یاریگه‌ی سۆران میوانداری هه‌ندرێنی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ ده‌كات، هه‌ڵۆ 6 دۆڕانی هه‌یه‌ و 14 گۆڵی لێ كراوه‌، ته‌نها یه‌ك گۆڵی كردووه‌، چه‌ند گرێبه‌ستێكیان بۆ خوله‌كه‌ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌و دۆخه‌ دژواره‌ی تێیدان رزگار بكه‌ن، ده‌یانه‌وێت به‌ ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕواننه‌كرا و هه‌ندرێن شۆك بكه‌ن و لێی ببه‌نه‌وه‌، بێ خالن و له‌ كۆتا ریزبه‌ندین.
هه‌ندرێن، تاكه‌ یانه‌ی خوله‌كه‌یه‌ هیچ دۆڕانێكی نییه‌، به‌ 16 خاڵ پێشه‌نگی گرتووه‌، ته‌نها یه‌ك یه‌كسانی هه‌یه‌، 12 گۆڵی كردووه‌، كه‌ زۆرترین ریژه‌ی گۆڵكردنه‌ تا ئێسته‌، به‌ بردنه‌وه‌ی له‌م یارییه‌ پێشه‌نگی خوله‌كه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی باش له‌م قۆناغه‌ مسۆگه‌ر ده‌كات.

برایه‌تی بۆ دهۆك ئاماده‌یه‌
سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆیان میوانداری دهۆكییه‌كان ده‌كه‌ن، تیپه‌كه‌ی سه‌مه‌د جه‌وهه‌ری راهێنه‌ر، یاری دوای یاری ئاستی باشتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی دڵخۆشه‌كه‌ره‌ بۆ هانده‌رانی تیپه‌كه‌، له‌م یاریه‌ش پێشبینی ئاستێكی به‌رز له‌م تیپه‌ ده‌كرێت، گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆتان ده‌هامی ناوه‌ڕاستكاریشی هێنده‌ی دیكه‌ هێز به‌ تیه‌كه‌ ده‌به‌خشێت، 6 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی یازده‌من.
دهۆك، دهۆك 4 بردنه‌وه‌ و 2 دۆڕانی هه‌یه‌، ئاستی تیپه‌كه‌ باشه‌، خاڵی به‌هیزی ئه‌وان هه‌لسانه‌وه‌یه‌ دوای شكست، 12 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێیه‌می خوله‌كه‌ دێن