چه‌ند یاریزانێكی کورد لە پاڵەوانیەتیی لەشجوانیی ئاسیا ئەنجامی باش و میدالیای جۆراو جۆریان بەدەست هێنا

لەبەیروتی پایتەختی لوبنان پاڵەوانیەتی لەشجوانی وڵاتانی ئاسیا بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی عێڕاق بە ٨٠ یاریزان کە لە کێش و تەمەنی جیاواز بوون بەشدارییان کرد بوو، عێڕاق لەو پاڵەوانیەتیەدا ژمارەیەکی زۆر میدالیای زێڕ و زیو و بڕۆنزی بەدەستهێنا، ژمارەیەک یاریزانی کوردیش لە ڕێزی شاندی هەڵبژاردەکە هەبوون، کە لەسەت ئاستی کێش و تەمەنی خۆیان ئەنجامی باشیان بەدەستهێنا.

عێڕاق بە ٨٠ یاریزان بەشداری کردووە
پاڵەوانیەتیەکە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بەردەوام دەبێت، ژمارەیەکی زۆر یاریزان و وڵات لەسەر ئاستی کیشوەرەکە لەسەر ئاستی تەمەن و کێش و باڵای جیاواز بەشدارییان کردووە و ڕکەبەریەکی بەهێزی دەست خستنی میدلیاکانیش هەیە، شاندی هەڵبژاردەی عێڕاق کە لە ٨٠ یاریزان پێکهاتووە و یەکێکە لە شاندە گەورەکانی پاڵەوانیەتیەکە، بەشداری کردووە و ئەنجام و دەسکەوتی زۆریشی بەدەستهێناوە، کە تا ئێستە ٣٣ میدالیای زێڕ و ١٩ میدالیای زیو و ١٧ میدالیای بڕۆنزی بەدەستهێناوە.
بەشداری یاریزانانی عێڕاق لەسەر ئاستی یارییەکانی فیزیک، ماسکلەر، کلاسیک، بەدی بۆڵدینگن، کە لەسەر ئاستی یاریزانانی پێشکەوتووان لاوان بەشداری کردووە، لەو ژمارە زۆرەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێڕاق ژمارەیەکی زۆری یاریزانی کوردیش هەن، کە توانیویانە ئەنجام و دەسکەوتی بەرچاو بەدەسبهێنن.

ئەنجامی یاریزانە کوردەکان لە پاڵەوانیەتی ئاسیا
ئەنجام و دەسکەوتەکانی یاریزانە کوردەکان بەمشێوەیە بووە، یەکێک لە یاریزانە کوردەکانی بەشدار بوو لە پاڵەوانیەتی ئاسیا، یاریزان ڕێدار هاشمە، ئەو پاڵەوانە توانی پلە یەکەم و میدالیای زێڕ لەسەر ئاستی تەمەن و باڵا و کێشی خۆی بەدەستبهێنێت، ئەو پاڵەوانەی شاری هەولێر دەڵێت: بەدەستهێنانی ئەو ئەنجام بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە و ماندوبوون و شەونخونی زۆری بینیوە تا گەیشتووە بەم ئەنجامە.
جەمال هەمزانی پاڵەوانی شاری دهۆک یەکێکی تر بوو لەو پاڵەوانانەی کە توانی لە پاڵەوانیەتی ئاسیاو لەکێشی ٦٨کگم پلەی چوارەم بەدەسبهێنێت، هەر لەو پاڵەوانیەتیەدا پاڵەوانی شاری ڕانیە کارزان سالح لەیاری ڕشتەی فیزیک توانی پلەی دووەم بەدەستبهێنێت، یاریزانێکی تر لە ڕانیە کە ئەویش کارزان مەحموودە توانی پلەی دووەم و میدالیای زیو لەسەر ئاست و کێشی خۆی بەدەسبهێنێت لەیاری کلاسیک، ئەو پاڵەوانە پێشتر لە پاڵەوانیەتی ئارنۆڵد کلاسیک کە ساڵانە لە وڵاتی ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت، بەهەمان شێوە توانی بووی پلەی دووەم بەدەستبهێنێت.

ھەواڵی زیاتر