یانه‌ی هه‌ولێر میوانداری تیپێك ده‌كات هه‌رگیز لێی نه‌بردووه‌ته‌وه

ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ له‌ گه‌ڕی نۆیه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی، كاتژمێر (6:30)ـی ئێواره‌، هه‌ولێر میوانداری نه‌فتی به‌سره‌ ده‌كات، له‌ كاتێكدا دوو یاریزانی سه‌ره‌كی یانه‌ی هه‌ولێر به‌هۆی بانگهێشتكردنیان بۆ هه‌ڵبژارده‌كانیان له‌م یارییه‌ بێبه‌ش ده‌بن.

ئه‌مه‌ یه‌كه‌م یارییه‌ له‌ خولی نایابی عێراقی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌ی كارگێڕی تازه‌ی یانه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، پێنجه‌م یارییشه‌ بۆ راهێنه‌ر تاریق جه‌رایه‌، ئاستی تیپه‌كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و گۆڕانكاری له‌ رووی هونه‌ریه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، هه‌ولێر له‌م یارییه‌ یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی نه‌فتی به‌سره‌ له‌ یارییه‌ فه‌رمییه‌كان تۆماربكات.
سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی هه‌ولێر بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، ته‌نها شێركۆ كه‌ریم و فرانكۆ به‌هۆی په‌یوه‌ندیكردنیان به‌ هه‌ڵبژارده‌كانیان ناتوانن له‌م یارییه‌ به‌شداری بكه‌ن، هه‌موو یاریزانه‌كانی دیكه‌ی یانه‌كه‌ ئاماده‌ن بۆ یاریكردن. یاریزانان هه‌ردی سیامه‌ند و كۆسره‌ت بایز و شوان مامۆ و بارزان شێرزاد و سه‌فین مه‌نسور و ره‌وا یوسف بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ن، ئاكار هاشمیش یاریی رابردوو له‌ جامی عێراق یاریكردووه‌ و به‌ رێژه‌یه‌كی باش بۆ یاریكردن ئاماده‌یه‌، شافیۆ مامۆنی هێرشبه‌ریشی ئاماده‌یه‌.
هه‌ولێر، له‌ 8 یاری رابردووی خاوه‌نی یه‌ك بردنه‌وه و 4 یه‌كسان و 3 دۆڕانه‌، 6 گۆڵی كردووه‌ و 9 گۆڵیشی لێ تۆماركراوه‌، به‌ 7 خاڵ له‌ پله‌ی چوارده‌یه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دایه‌.
نه‌فتی به‌سره‌، له‌ 8 یاری رابردوو 4 بردنه‌وه‌ و 2 یه‌كسان و 2 دۆڕانی هه‌یه‌، 15 گۆڵی تۆماركردووه‌ و 10 گۆڵی لێ تۆماركراوه‌، به‌ 14 خاڵ له‌ خانه‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه‌ دێن.
له‌ 10 یاری رابدرووی نێوانیان، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌نجام درابێت، هه‌ولێر هیچ یارییه‌كی نه‌بردووته‌وه‌ و نه‌فتی به‌سره‌ش خاوه‌نی 6 بردنه‌وه‌یه‌، ته‌نها له‌ 4 یاری یه‌كسان بوونه‌، نه‌فتی به‌سره‌ به‌ 15 گۆڵ خاوه‌ن دووه‌م به‌هێزترین هێلی هێرشبردنه‌ له‌ خوله‌كه‌، كه‌ ته‌نها یانه‌ی شورته‌ به‌ 16 گۆڵ زۆرترین گۆڵی له‌ خوله‌كه‌ تۆماركردووه‌.
شورته‌ خاوه‌نی 22 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ دێت، قوه‌ی جه‌ویه‌ش به‌ 19 گۆڵ له‌ پله‌ی دووه‌م دیت، زه‌وراش به‌ 18 خاڵ له‌ خانه‌ی سێیه‌م دیت، یانه‌ی دیوانیه‌ 14 گۆڵی لێكراوه‌، كه‌ زۆرترین ژماره‌ی گۆڵ لێكرانه‌ له‌ نێو یانه‌كانی به‌شدار له‌ خوله‌كه‌، یانه‌ی سامه‌ڕاش به‌ 2 خاڵ له‌ خانه‌ی بیسته‌م و كۆتایی دێت.
یانه‌ی شورته‌ به‌ حه‌وت بردنه‌وه‌ خاوه‌نی زۆرترین بردنه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌، یانه‌كانی قاسم و كه‌رخ و نه‌فت، به‌ 5 یه‌كسان زۆرترین یه‌كسانیان هه‌یه‌، یانه‌ی سامه‌راش به‌ 6 دۆڕان زۆرترین دۆڕانی هه‌یه‌.
یارییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ به‌مشێوه‌یه‌
سناعه‌ × شورته‌
ته‌ڵه‌به‌ × نه‌فت
دیوانیه‌ × نه‌فتی وه‌سه‌ت
سامه‌را × مینا
نه‌فتی میسان × كه‌رخ

رۆژی سێشه‌مه‌ ئه‌م یارییانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن
قاسم × ئه‌مانه‌ی به‌غدا
كاره‌با × زاخۆ
زه‌ورا × نه‌ورۆز
نه‌جه‌ف × قوه‌ی جه‌ویه‌

ھەواڵی زیاتر