شەممە, تشرینی دووه‌م 16, 2024

ئه‌حمه‌د ماتیاسه‌كه‌ی هه‌ولێر؛ داوای به‌دواداچوون له‌ كار و چالاكییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی وه‌رزشی كوردستان بكرێت

ئه‌حمه‌د فه‌رخۆ ناسراو به‌ ئه‌حمه‌د ماتیاس، نزیكه‌ی 14 ساڵه‌ یاریی تۆپی پێی له‌ یاریگه‌كانی كوردستان ئه‌نجام داوه‌، نیوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی له‌ نێو لاكیشه‌ی سه‌وز به‌سه‌ر بردووه‌، به‌ڵام ئێسته‌ په‌شیمانه‌ له‌وه‌ی رۆژێك له‌ رۆژان درێسی وه‌رزشی پۆشیوه‌، له‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر باسی هۆكاری نیگه‌رانی دووركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ دونیای وه‌رزش ده‌خاته‌ڕوو.

ماتیاسه‌كه‌ی هه‌ولێر له‌سه‌ر كاروچالاكییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌رزش له‌ كوردستان وتی: ئێمه‌ی یاریزان و وه‌رزشوانان ته‌مه‌نێكی زۆری خۆمان له‌وه‌رزشدا به‌سه‌ر برد، به‌ڵام كه‌س رۆژیك له‌ رۆژان له‌كاته‌ پێویسشته‌كان به‌ هانای ئێمه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌شی واز له‌ یاریكردن ده‌هێنیت، كه‌س به‌لاته‌وه‌ نایه‌ت، گله‌یی زۆرم له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌رزشی كوردستانه‌، كه‌ ده‌بێ بزانین تا ئێسته‌ چی بۆ وه‌رزشی كوردستان كردووه؟ پێم وایه‌ خزمه‌تێكی باشی وه‌رزشوانانی نه‌كردووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ حكوومه‌ت له‌م ڕووه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه بكات و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكات، ئایا له‌ خواست داواكارییه‌كانی ئێمه‌ی وه‌رزشوانان بووه‌، یان بزانین وه‌رزشی كوردستانی گه‌یاندووه‌ته‌ چ قۆناغێك؟
ئه‌حمه‌د فه‌رخۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: وه‌ك داواكارییه‌ك له‌ یاریزانه‌كانی ئێسته‌، به‌ بڕه‌ پاریه‌كی كه‌م له‌ یانه‌كان یاریی نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان ده‌بنه‌ رێگه‌ خۆشكه‌ر تا یاریزان به‌ پاره‌یه‌كی باش له‌ یانه‌كان یاری نه‌كه‌ن و پێگه‌ی یاریزان به‌ به‌هێزی له‌ یانه‌كان ده‌رنه‌كه‌ون، دواتر به‌ شێویه‌كی خراپ به‌سه‌ر داهاتووی یاریزانه‌كانه‌ ده‌شكێته‌وه‌.
له‌ ژیانی وه‌رزشی په‌شیمانه‌، ئه‌حمه‌دی یاریزانی پێشووی یانه‌كانی هه‌ولێر، ئارارات، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، بروسك، ئاسۆ، هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی كوردستان، په‌شیمانه‌ له‌وه‌ی رۆژێك له‌ رۆژان یاریی كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌ڵێت: یانه‌كان هیچ رێزێك له‌ ماندووبوونی ئێمه‌ ناگرن و پاداشتێكی ئه‌وتۆمان ناده‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و ته‌مه‌‌نه‌ی، كه‌ خزمه‌تی یانه‌كانمان كردووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی پێكانیش به‌ خراپترین شێوه‌ هه‌ڵسوكه‌وتمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، ئه‌و خه‌رجییه‌ی له‌ نه‌شته‌رگه‌ری و چاره‌سه‌ر خه‌رجی ده‌كه‌ین، یه‌ك دیناریشمان بۆ ناگه‌ڕێنه‌وه‌.
وتیشی: دوایین وه‌رزی یاریكردنم، تووشی پێكانێكی سه‌خت له‌ ئه‌ژنۆم هاتم، به‌ڵام ئێتسه‌شی له‌گه‌ڵ دابێت، كه‌س ئاوڕی لێنه‌دامه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێ كوردستان بگۆڕدرێت، به‌ڵێنی خه‌رجكردنی پاره‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی پێدام، به‌ڵام هێنده‌ی نه‌برد له‌ پۆسته‌كه‌ی نه‌ما، منیش له‌ پاره‌كه‌ بێبه‌ش بووم، ئه‌حمه‌د داواش ده‌كات، كارئاسانی بۆ ئه‌و یاریزانانه‌ بكرێت، كه‌ ئارزووی راهێنه‌رایه‌تیان هه‌یه‌، به‌ڵام بڕوانه‌مه‌ی خوێندنیان نییه‌، رێگه‌ نادرێت به‌شداری خوله‌كانی راهێنه‌رایه‌تی بكه‌ن، حه‌قه‌ ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نێكی زۆر له‌ یاریگه‌كان بوونه‌ و ناسراون، كارئاسانیان بۆ بكرێت و به‌شداری بكه‌ن