ریاز محه‌ره‌ز له‌ یوڤی نزیك ده‌بێته‌وه‌

ده‌رگه‌ له‌به‌رده‌م یاریزانی جه‌زائیری ریاز محه‌ره‌زدا ده‌كرێته‌وه‌ بۆ ده‌رچوون له‌ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتیی ئینگلیزی و چوونی بۆ یانه‌ی یوڤی، ئاماده‌یه‌ بۆ گفتوگۆ و ده‌ستخستنی.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 4/10/2021، مێدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌، كه‌ له‌ هاوینی دادێ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی ده‌ستبه‌رداری ریاز محه‌ره‌زی یاریزانی جه‌زائیری ده‌بێ و یانه‌ی یوڤێنتوسیش نیازی ده‌ستخستنی ئه‌و یاریزانه‌ی هه‌یه‌.
هه‌رچه‌نده‌ ئێسته‌ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی چه‌ند جارێك داوای لێ كردووه‌ بۆنده‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌، بۆیه‌ وا داده‌نرێ هاوینی داهاتوو له‌ ریزه‌كانی ئه‌و یانه‌یه‌دا نه‌مێنێ.
هه‌رچه‌نده‌ بۆندی ئه‌و یاریزانه‌ جه‌زائیرییه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی تا ساڵی 2023ـیه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌یه‌ یانه‌ی مان سیتی، له‌ كۆتایی وه‌رزدا ئه‌و یاریزانه‌ بخاته‌ نێو لیستی ئه‌وانه‌ی یانه‌كه‌ جێ ده‌هێڵن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر فرۆشتنه‌كه‌ی بڕه‌پاره‌یه‌كی ده‌ست بكه‌وێ، نه‌ك دوای كۆتاییهاتنی بۆنده‌كه‌ی، به‌بێ به‌رانبه‌ر بیدات به‌ یانه‌یه‌كی دیكه‌.
سایتی كاڵچیۆ مێركاتۆ وێبی ئیتاڵی، بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ ریاز یه‌كێكه‌ له‌و یاریزانانه‌ی جێی سه‌رسامیی ماسیمیلیانۆ ئه‌لێگری، راهێنه‌ری یانه‌ی یوڤێنتوسی ئیتاڵییه‌.
ئه‌لێگری، وای ده‌بینێ كه‌ محه‌ره‌ز، یاریزانێكه‌ خاوه‌ن داهێنان و ده‌توانێ ڕێڕه‌و و ئه‌نجامی یاری بگۆڕێ و ئاستی هێڵی هێرشبردنی یانه‌ی یوڤێنتوس به‌ره‌و پێش ببات.
له‌ پێناو واژۆكردنی بۆند له‌گه‌ڵ ریازدا، یانه‌ی یوڤێنتوس، ئاماده‌یه‌ قوربانی به‌ یاریزانی سوێدی كۆلۆشیڤسكی بدا، كه‌ تا ئێستا هاوڕێكی ته‌تكیك و پلانی ئه‌لێگری ناڕوا. ئه‌و یاریزانه‌ جێی سه‌رسامیی چه‌ند یانه‌یه‌كی ئه‌ورووپییه‌، یانه‌ی تۆتنهام له‌ پێشی هه‌موویانه‌وه‌.
یوڤێنتوس بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ بخاته‌ به‌رده‌م یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ بۆندێكی ئاڵوگۆڕی، موحرزی ده‌ست بكه‌وێ، به‌ تایبه‌ت كه‌ به‌های هه‌ردوو یاریزان ده‌گاته‌ 40 ملیۆن یۆرۆ.
مانچسته‌ر سیتی بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ بۆند له‌گه‌ڵ ئه‌و یاریزانه‌ سوێدییه‌دا واژۆ بكا، به‌ تایبه‌ت كه‌ یاریزانێكی ته‌مه‌ن بچووكه‌ و له‌گه‌ڵ پلانی پێپ گواردیۆلا، راهێنه‌ری یانه‌كه‌دا ده‌گونجێ.
له‌ سه‌ره‌تای وه‌رزی 2021/2022ـدا، ریاز موحریز، نۆ یاریی به‌ درێسی مان سیتییه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌ له‌ كۆی هه‌موو پاڵه‌وانیه‌تییه‌كان، به‌ كۆی گشتی 515 خوله‌ك و له‌و ماوه‌یه‌دا 4 گۆڵی تۆمار كردووه‌ و دوو گۆڵیشی دروست كردووه‌، له‌ گه‌ڕی حه‌وته‌می پرێمه‌ر لیگیشدا وه‌كوو یه‌ده‌گ بینرا، له‌و یارییه‌ی ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌ ئه‌نجام درا و 2-2 گۆڵ یه‌كسان بوو.