چه‌ند به‌ربژێرێكی نوێی ده‌سته‌ی كارگێڕی داوای چاكسازی له‌ یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌ن

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، له‌ پرێس كۆنفڕانسێكی رۆژانه‌مه‌وانیدا، به‌شێك له‌ به‌ربژێرانی لاوی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ی هه‌ولێر، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌رزش له‌ شاری هه‌ولێر، هۆشدارییه‌كیان دایه‌ پارێزگاری هه‌ولێر و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ لێ نه‌گه‌ڕێن هه‌ڵبژاردنی یانه‌ی هه‌ولێر دوابخرێت.

“ئیبراهیم قادر: ته‌نیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆم بۆ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر به‌ربژێر كردووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌و یاریزانانه‌ش ده‌كرێت له‌ سۆشیاڵ میدیا لایك و كۆمێنتمان بۆ ده‌كه‌ن”

چه‌ند به‌ربژێرێكی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كارنامه‌ و پڕۆگرامی خۆیان بۆ داهاتووی یانه‌كه‌ خسته‌ڕوو له‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنیان له‌ پڕۆسه‌ی هه‌لبژاردنه‌كه‌دا، له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌یاندا سه‌رجه‌م خاڵ و پلانه‌كانی خۆیان بۆ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان خوێنده‌وه‌.
ته‌ها قادر یه‌كێك له‌ به‌ربژیره‌كانی تازی یانه‌كه‌یه‌، له‌ وه‌ڵامێكی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر، سه‌باره‌ت به‌ گومانی دواخستن یا ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژارده‌نه‌كه‌ ده‌بوو، رۆژی 24ـی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام دواتر بۆ رۆژی 27ـی ئه‌م مانگه‌ دواخرا، ئێسته‌ش گومان ده‌كرێت، كه‌ جارێكیتر و به‌ بیانووی دیكه‌ ئه‌م پڕۆسه‌ دیموكراسیه‌ی نێو یانه‌كه‌ نه‌كرێت، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین، كه‌ له‌ كات و ساتی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت، وه‌ك چۆن له‌ سه‌رتا سه‌ری كوردستان له‌سه‌رجه‌م یانه‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌ هه‌ولێریش پێویسته‌ بكرێت، گرینگ نییه‌ كێ و كامه‌ كاندید بۆ ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ ده‌رده‌چێت، گرینگ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامبدرێت.
ته‌ها قادر كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی هه‌ولێر راگه‌یاند و خۆی بۆ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كه‌ به‌ربژێر كرد.
ته‌ها قادر زیاتری گوت: ئه‌گه‌ر بیانووشیان گه‌شتكردنی تیپی ده‌ستی كچانه‌ بۆ وڵاتی توونس و به‌شدرایكردینیان له‌ پاڵه‌وانێتی تۆپی ده‌ستی كچانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ئه‌وا كێشه‌مان نییه‌ با بۆ رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو دوایبخه‌ن، تا تیپی ده‌ستی كچانی هه‌ولێر دێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی مافی ده‌نگدانی ئه‌وانیش نه‌سووتێ و له‌ و پرۆسه‌ دیموكراسییه‌ سه‌ركه‌وتووبن، به‌ڵام نه‌ك بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ و ساڵیك دوابخرێت یا ده‌سته‌ی كاتی بۆ دابنرێت.
ته‌ها قادر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دوابخرێت له‌ داهاتوودا كاردانه‌وه‌ی توندیان ده‌بێت.

ئیبراهیم قادر: هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌كرێت
له‌ وه‌ڵامێكی رۆژنامه‌ی هه‌ولێردا له‌سه‌ر رێگریكردن و دروستكردنی كێشه بۆ به‌ربژێره‌ نوێیه‌كان‌ له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی كارگێری ئێستا یانه‌كه‌، ئیبراهیم قادر راهینه‌ری پێشووی تیپی ده‌ستی كچان كه‌ ئێستا خۆی بۆ ده‌سته‌ی كارگێری به‌ربژێر كردووه‌، گوتی: ده‌بوو ئێسته‌ من له‌گه‌ل تیپی ده‌ستی كچان بۆ وڵاتی تونس گه‌شتم كردبا، به‌ڵام به‌هۆی خۆكاندید كردنم، له‌ راهێنه‌رایه‌تی تیپه‌كه‌ دووریانخستمه‌وه‌، له‌ كاتێكدا من ئه‌و تیپه‌م كرده‌ پاڵه‌وانی عێراق و راهینه‌ریان بووم، جگه‌ له‌وه‌ش ئێسته‌ به‌شێكیان هه‌ڕه‌شه‌ له‌و یاریزانانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ رۆژانه‌ لایك یا كۆمێنتمان له‌ سۆشیال میدیا بۆ ده‌كه‌ن و پشتگیرمان ده‌كه‌ن، هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كه‌ن، ئه‌م لایك و كۆمێنتانه‌یان ره‌شبكه‌ونه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌ دژایه‌تی كردنی ئێمه‌، له‌ كاتێكدا ته‌مه‌نێكی زۆری خۆمان له‌ خزمه‌تكردنی ئه‌و یانه‌یه‌ برده‌سه‌ر.

وه‌لید عاره‌ب: ده‌مانه‌وێت یانه‌ی هه‌ولێر راست بكه‌ینه‌وه‌
وه‌لید عاره‌ب، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ ناوداره‌كانی باله‌ی عێراق و كوردستان، كه‌ ساڵانێكی زۆر له‌ یانه‌ی هه‌ولێر یاریی كردووه‌، ئێسته‌ش خۆی به‌ربژێركردوو، تیشكی خسته‌ سه‌ر هۆكاری خۆكاندیدكردنی بۆ ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ی هه‌ولێر و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ ئه‌وان هه‌ستده‌كه‌ن، شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی ئێسته‌ی هه‌ولێر گونجاو نییه‌ و باش نییه‌، كێشه‌ و گرفتی زۆر له‌ تیپه‌كان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ گۆڕانكاری بكرێت و هه‌ولێرێكی جیاواز ببینرێت و بتوانێت كێبڕكێی یانه‌كانی عێراق بكات.
گوتیشی: ئێمه‌ پێمانوایه‌ هه‌ولێر به‌و داهاته‌ی یانه‌ی هه‌ولێر هه‌یه‌تی ده‌توانێت له‌هه‌موو یارییه‌كان ئاماده‌كارییه‌كی باش بكات، ئه‌نجامی باشیشی هه‌بێت، به‌ بێ ئه‌وه‌ی چاوی له‌ ده‌ستی حكومه‌تبێت، تا خۆی بژیینێت، ئه‌و خۆی ده‌توانیت به‌و داهاته‌ی له‌به‌ر ده‌سته‌ ئه‌م كاره‌ بكات و خۆی به‌ڕێوه‌ببات.
وه‌لید، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئێمه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ لاوه‌ هه‌ست به‌ بۆشایه‌كی زۆر له‌ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی یانه‌كه‌ ده‌كه‌ین، بۆیه‌ بڕاوامان وایه‌، پێویسته‌ له‌ كات و ساتی خۆیدا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بكریت و ده‌سته‌یه‌كی تازه‌ بۆ ئه‌و یانه‌یه‌ هه‌ڵبژێردرێت، تا رێڕه‌وه‌ی به‌ڕێوبردنی یانه‌كه‌ له‌ سه‌ر ڕێگای راست دابنرێته‌وه‌ و خزمه‌تی لاو گه‌نجانی شاری هه‌ولێر و كوردستانی پێبكه‌ین، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ گه‌یشتن به‌ یانه‌ی هه‌ولێر و هێنانه‌دی خه‌ونه‌كانیان له‌و یانه‌یه‌ گرفتی زۆریانی بۆ درووستكرده‌كرێت.
هه‌ڵبژاردنی یانه‌كان به‌ پێی هه‌ندێ ڕێنمای، كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌رزشی كوردستان ده‌رده‌كرێت، تا چوار ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن بۆ یانه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت، له‌وه‌تی ساڵی 2017، ستافێك له‌ كارگێڕی یانه‌ی هه‌ولێرن، ئه‌گه‌ر به‌ پێی ماوه‌ی دیاركراوی هه‌ڵبژاردن بێت، ئه‌وا ئه‌و كاته‌ كۆتایی هاتووه‌ و پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن به‌رێوه‌بچێته‌وه‌، كه‌ 9 ئه‌ندام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵده‌بژێردرێن، بۆ ئه‌مساڵی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ی هه‌ولێر 24 كاندید هه‌ن و كێبڕكێ له‌سه‌ر 9 كورسی ده‌سته‌كه‌ ده‌كه‌ن، بڕیاریشه‌ رۆژی 27ـی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت.