کریستیانۆ رۆناڵدۆ: بە هیچ شێوەیەک بیر لە وازهێنان لە یاریکردنی نێودەوڵەتی ناکەمەوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک بیر لە وازهێنان لە یاریکردنی نێودەوڵەتی ناکاتەوە، گوتیشی “مانچێستەر یونایتد پێویستی بە هەندێک کاتە بۆ ئەوەی یاریزانەکانی باشتر لەگەڵ یەکدی بگونجێن”. 

کریستیانۆ لە نوێترین هەڤپەیڤیندا، رەتیکردەوە بە هیچ شێوەیەک بیر لە وازهێنان لە یاریی نێودەوڵەتی بکاتەوە و کاتێک ئەو پرسیارەیان رووبەڕووی کردەوە، بەو پێیەی تەمەنی نزیک دەکەوێتەوە لە 37 ساڵ؟ دۆن بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە وەڵامی دایەوە و گوتی “بۆچی بیر لە وازهێنان بکەمەوە؟ پێموایە هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە”. 

دۆن زیاتر گوتی “خەڵکی ئەوەی ناوێت، من ئەوەم دەوێت، بەڵام ئەوکاتەی هەستدەکەم ناتوانم رابکەم، ناتوانم یاری بە یاریزانی بەرامبەرم بکەم، هێزی خۆم لەدەستداوە، بەڵام هێشتا من ئەو توانایانەم هەیە، بۆیە دەمەوێت بەردەوام بم و هێشتا زۆر بەپەرۆشم”.

 ئەستێرەی مانچێستەر یونایتد، لە بەردەوامی قسەکانیدا، دووپاتیکردەوە “ئەوەی هانمدەدات بەردەوام بم لە یاریکردن ئەوەیە کە دەمەوێت دڵی خەڵکی و دڵی خێزانەکەم و هاندەرانم خۆش بکەم، هەمیشە دەمەوێت بگەمە بەرزترین ئاست”. 

ئەو گوتیشی “تۆ باسی پۆرتوگال دەکەی، بەڵام لە چامپیۆنزلیگدا من زۆرترین گۆڵم هەیە، زۆرترین سەرکەوتن، زۆرترین ئاسیست و هەموو شتێک، بەڵام دەمەوێت بەردەوام بم. حەزدەکەم یاریی تۆپی پێ بکەم، هەست بەدڵخۆشی دەکەم کاتێک دڵی خەڵکی خۆشدەکەم”. 

کریس باسی پێکهاتە و رەوشی مانچێستەر یونایتدیشی کرد و گوتی “پێموایە پێکهاتەی مانچێستەر یونایتد هێشتا پێویستی بە هەندێک کاتە بۆ ئەوەی زیاتر لە گەڵ یەکدی بگونجێین، دەبێت ئێمە ئەو راستییە بزانین کە هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە”. 

رۆناڵدۆ قسەکانی خۆی زیاتر روونکردەوە و گوتی “پێویستە هەمووان رۆڵی خۆیان بزانن، من رۆڵی خۆم لە تیپەکەمدا دەزانم، رۆڵی من گۆڵکردن و یارمەتیدانی تیپەکەمە بە یارمەتی ئەزموون و تێگەیشتنم لە یارییەکە”.

 ئەو گوتیشی “ئەگەر هەمووان بەمشێوەیە بیر بکەنەوە و قوربانی لەپێناو تیپەکەدا بدەن، پێموایە ئێمە ئەوکات تیپێکی باشتر دەبین، ئێمە لە پشتمانەوە جەماوەرێکی گەورەمان هەیە، تیپێکی باشین، بۆیە پێویستە لەسەر ئەم شێوازە بەردەوام بین”. 

کریستیانۆ لە دوایین رۆژی مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا ریزەکانی یوڤێنتوسی جێهێشت و بەرامبەر بە 15 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە کرد، کە پێشتریش یاری بۆ کردووە. ئەو لە هەفتەیەکدا 485 هەزار پاوەند بە مووچە لە مان یونایتد وەردەگرێت.

 سبەی یەکشەممە، مانچێستەر یونایتد بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە دوایین یاریی گەڕی 9ـی پرێمەرلیگدا، لەسەر یاریگەی ئۆڵترافۆرد میوانداری لیڤەرپوول دەکات و هەوڵدەدات هاوسەنگیی خۆی لە خولەکەدا بەدەستبێنێتەوە، کە لە دوایین 3 یاریی پرێمەرلیگدا نەیتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبێنێت، دوو یاری دۆڕاوە و لە یەکێکیشیاندا یەکسانبووە. مانچێستەر یونایتد، تاوەکو ئێستا 14 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی شەشەمی ریزبەندیی گرتووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆش 3 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە.