خولی نایابی کوردستان بە دۆڕانی پاڵەوانی خولەکە و سەرکەوتنی دوو میوانەکەی خولەکە دەستی پێکرد

” شێرکۆ جەبار یاریزانی دەربەندیخان یەکەم گۆڵی ئەم وەرزەی خولی نایابی تۆمار کرد، لەکۆی ٨ یاریدا، ٢٢گۆڵ تۆمارکراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک، ٢.٧٥ گۆڵە، حەمزە حەمید یاریزانی شێروانە خاوەنی خێراترین گۆڵی ئەم وەرزەیە لە خولەکی ٢ دا گۆڵی لەیانەی ئارارات تۆمار کرد”

لە یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستان برایەتی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولەکە بە شکست دەستی بە خولەکە کرد، یانەکانی شەقڵاوە و سەیدسادقی تازەمیوانی خولەکەیش بە بردنەوە شریتی گەڕی یەکەمی خولەکەیان بڕی، ڕۆژنامەی هەولێر هەفتانە، ئامار و زانیارییەکان و ڕیزبەندی یانەکان و گۆڵکار و کۆمەڵێک زانیاری نوێ لەسەر خولی نایابی کوردستان دەخاتە ڕوو.

برایەتی پاڵەوان دۆڕا
یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولی نایابی کوردستان کۆتاییان هات، لەیەکەم گەڕی یارییەکاندا، یانەی برایەتی پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولەکە لەسەر یاریگەی خۆی لەبەرانبەر بە یانەی دەربەندیخان تووشی شکست هات، یانەکانی شەقڵاوە و سەیدسادقیش کە ئەم وەرزە سەرکەوتوون بۆ خولی نایاب، بە بردنەوە دەستیان بە خولەکە کرد و لە یانەکانی هەڵۆ و چەمچەماڵیان بردەوە، پێشمەرگەی هەولێر لەدەرەوەی یاریگەی خۆی شکستی بە یانەی نەورۆز هێنا، یانەی هەندرێنیش دەسپێکێکی باشی هەبوو، کاتێک لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە دهۆکی بردەوە، لەیارییەکی تردا زاخۆ و هەولێر بەگۆڵێک یەکسان بوون، یانەی سۆران بەبردنەوە دەستی پێکرد و لەبەردەم هاندەرانی خۆیدا لە سیروانی نوێی بردەوە، لە دواین یاریشدا یانەی شێروانە بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی ئاراراتی بردەوە.
چەند ئامارێک لەسەر خولەکە
شێرکۆ جەبار یاریزانی دەربەندیخان یەکەم گۆڵی ئەم وەرزەی خولی نایابی تۆمار کرد و لەخولەکی ٣ دا بەلێدانی سزا گۆڵی لە یانەی برایەتی تۆمارکرد، لەکۆی ٨ یاریدا، ٢٢گۆڵ تۆمارکراون ڕێژەی گۆڵ بۆ هەر یارییەک، ٢.٧٥ گۆڵە، بۆ هەر یاریەک، حەمزە حەمید لە یانەی شێروانە و عەلا مەحەمەد لە یانەی دەربەندیخان، خاوەنی زۆرترین گۆڵن و لە یەکەم گەڕدا هەریەکە و دوو گۆڵیان تۆمار کردووە، جارێکی تر بەهۆ نەبوونی ئامبوڵانسەوە کێشەو گرفت لە یاریگەکان دروست بوو، بەهۆیەوە یاری نێوان سۆران و سیروانی نوێ بۆ ماوەی ١ کاتژمێر وەستا، حەمزە حەمید یاریزانی شێروانە خاوەنی خێراترین گۆڵی ئەم وەرزەیە لە خولەکی ٢ دا گۆڵی لەیانەی ئارارات تۆمار کرد.

یارییەکانی گەڕی دەووەم:
بڕیار وایە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی داهاتوو، یارییەکانی گەڕی دوەمی خولەکە بە ئەنجامدانی ٨ یاری لە یەک کاتدا بەم شێوەیە بەڕێوەبچنەوە:
شەقڵاوە – زاخۆ/ یاریگەی شەقڵاوە
سیروانی نوێ – هەڵۆ/ یاریگەی سیروانی نوێ
هەولێر – دهۆک / یاریگەی دووەمی شەهید فڕانسۆ هەریری
پێشمەرگەی هەولێر – سۆران/ یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر
هەندرێن – سەیدسادق / یاریگەی هەندرێن
دەربەندیخان – نەورۆز/ یاریگەی دەربەندیخان
چەمچەماڵ – شێروانە/ یاریگەی چەمچەماڵ
ئارارات – برایەتی/ یاریگەی ئارارات

ڕیزبەندی یانەکان بەم شێویەیە:
دوای تەواو بوونی یارییەکانی گەڕی یەکەم ڕیزبەندی یانەکان بەمشێوەیەیە:
١- هەندرێن ٣ خاڵ
٢- شەقڵاوە ٣ خاڵ
٣- شێروانە ٣ خاڵ
٤- پێشمەرگەی هەولێر ٣ خاڵ
٥- سۆران ٣ خاڵ
٦- سەیدسادق ٣ خاڵ
٧- دەربەندیخان ٣خاڵ
٨- زاخۆ ١ خاڵ
٩- هەولێر ١ خاڵ
١٠- سیروانی نوێ سفر خاڵ
١١- هەڵۆ سفر خاڵ
١٢- دهۆک سفر خاڵ
١٣- ئارارات سفر خاڵ
١٤- چەمچەماڵ سفر خاڵ
١٥- برایەتی سفر خاڵ

ھەواڵی زیاتر