ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 3/20 ، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمی هەڵکردنی ئاگری جەژنی نەورۆز لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان و نەورۆزی لە سەرۆک بارزانی و خەڵکی کوردستان کرد و گوتی ”جەژنی رەمەزان و نەورۆز لە ڕابەرو سەرکردەی گەورەمان جەنابی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین و جەژنتان پیرۆز بێت“.
سەرۆکی حکومەت لە درێژەی گوتەکەیدا، ئاماژەی بەوە دا کە ” خەڵکی کوردستان بە درێژایی مێژوو بەرانبەر بە زاڵم و ستەمکار وەستاون و هیچ کاتێک خۆیان نەچەماندووە و ئێستاش ئومێدمان وایە لە ژێر سێبەر بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی، گەلی سەربەرزی کوردستان، هەر سەردەکەوێت و بەرانبەر بە هەموو ستەمکارێک دەوەستێت“.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی : ئومێد دەکەین ئاسۆی گەلەکەمان لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی و بە هێز و بازووی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆڕاگری گەلەکەمان پڕشنگدارتر و رووناکتر بێت.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت، سوپاسی خۆڕاگری خەڵکی کوردستانی کرد و گوتی “زۆر زۆر سوپاسی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان دەکەین بە تایبەت لەم کاتەدا کە دەبینین شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەماندا هەیە، ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی کوردستان لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەک بپارێزین و بەدوور بگرین، دڵنیاشم بە پشتیوانی خوای گەورە بەرەو ئاسۆیەکی ڕووناکتر هەنگاو دەنێین”.









