رۆژنامەی ھەولێر

فراکسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەڵامی بەها ئەعرەجی دەداتەوە

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەڵامی پەرلەمانتارێک دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات ئەمەتەجاوزی بنەماکانی دەستوورە.

لەبەیاننامەکە هاتووە: فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەمان، بە توندی سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو لێدوانە دەکات کە لەلایەن پەرلەمانتار بهاء الاعرجی داویەتی لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران ، کە بەزاندنێکی ڕاشکاوی دەستووری عێراق و دابەزینێکی قبوڵنەکراوی گوتاری سیاسییە لەژێر چەتري پەرلەماندا.
ئەوەش خراوەتەروو: ئەوەی گوتراوە تەنها جیاوازی بیروبۆچوون نەبووە، بەڵکو گوتارێکی ژەهراوییە و بێڕێزییەکی ڕاشکاو بە بنەما دەستوورییەکان نیشان دەدات، و هەوڵێکی بێهودەیە بۆ بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە سەروەرییەکانی و ناساندنی سەرکردەکانی بە سیفەتی کارگێڕی کە لەگەڵ پێگە دەستوورییەکەیان ناگونجێت. ئەم تێڕوانینە پێشێلکردنی ڕوونی ماددە دەستوورییەکانی (١١٢، ١١٤، ١١٥، ١١٦، ١١٧، ١٢١) کە پەیوەندی نێوان ناوەند و هەرێمیان لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی هاوسەنگ نەک پاشکۆیەتی ڕێکخستووە.
لێرەوە، بۆ ڕای گشتی دووپاتی دەکەینەوە:
1. شەرعییەتی دەستووری (ماددەی ١١٧): دەسەڵاتەکانی هەرێم (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) دەسەڵاتی هەرێمێکی فیدراڵین کە دەستوور چەسپاندوویەتی، و سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزیرەکان ئەرکەکانیان بەپێی ڕاسپاردەیەکی دەستووری تەواو لە گەلەکەیانەوە ئەنجام دەدەن، ئەوان “فەرمانبەر” نین لای هەوسی سیاسییە گۆڕاوەکان.
2. باڵادەستی یاسا (ماددەی ١١٥): دەستوور پێشینەیی داوە بە یاسای هەرێم لە کاتی هەبوونی ناکۆکی لە پسپۆڕییە هاوبەشەکاندا، بۆیە زمانی “فەرمان و ئینزار” زمانێکی دەرچووە لە یاسا و دەستوور و نیشانەی عەقڵییەتێکی ناوەندگەرێتی کۆنە.
3. سەرکۆنەکردنی کەمتەرخەمی سەرۆکایەتی: ئێمە سەرکۆنەی بێدەنگی و کەمتەرخەمی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین لە ئاست ئەم دەستدرێژییە، کە ئەمەش کەمتەرخەمییە لە ئەرکە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی شکۆی دامەزراوەی یاسادانان و پاراستنی دەقەکانی دەستوور لە موزایەدەی سیاسی.

باس لەوەش دەکات هەروەها جەخت دەکەینەوە کە بەردەوامبوون لەم گوتارە دوژمنکارانە تەنها خزمەت بە دوژمنانی عێراق دەکات، و هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکدانی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەی کە کۆمان دەکاتەوە. دەبێت تێبگەن کە سەردەمی “ناوەندگەرێتی چەوسێنەر” بەبێ گەڕانەوە کۆتایی هاتووە، و دەستوور دادوەر و یەکلاکەرەوەیە، هەرکەسێکیش ناتوانێت دەستوور بخوێنێتەوە ولێ تێناگات، با واز لە سیاسەت بهێنێت پێش ئەوەی وڵات تووشی قەیرانێک بکات کە دەرەنجامەکەی باش نابێت.