رۆژنامەی ھەولێر

ئیمارات سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کونسوڵخانەکەی لە هەرێمی کوردستان دەکات

ئیماڕات سەرکۆنەی هێرشی سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی دەکات لە هەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە بکرێت و بکەرانی هێرشەکە دەستبەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە “تێرۆریستییە ناپاکە”ی کرد کە بە درۆن کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان، کە بووەتە هۆی زیانی لاوەکی بێ ئەوەی هیچ بریندارێکی لێ بکەوێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانجگرتنی نێردە و بارەگا دیپلۆماسییەکان “پێشێلکارییەکی ئاشکرای” هەموو عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی رێککەوتننامەی ڤیێنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، کە پارێزبەندیی تەواو بۆ باڵەخانە دیپلۆماسییەکان و کارمەندەکانیان دەستەبەر دەکات، ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندووە، دەوڵەتی ئیمارات داوا لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم هێرشە بکەن بۆ دیاریکردنی لایەنە بەرپرسەکان و گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە پێویستەکان بۆ دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوە دووپاتی کردەوە کە دەوڵەتی ئیمارات بە توندی ئەم جۆرە هێرشە ناپاکانە ڕەت دەکاتەوە کە ئامانجیان تێکدانی ئاسایش و سەقامگیرییە، و جەختی لە پێویستی پاراستنی بارەگا و نێردە دیپلۆماسییەکان و کارمەندەکانیان کردەوە بەپێی یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەکان.