رۆژنامەی ھەولێر

بازاڕ لەژێر چاودێرییە و هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخ دروست نەبووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لیژنەکانی بازرگانی و چاودێریکردنی بازاڕ بەوردی بەدواداچوون دەکەن لە ھەر شوێنێک سەرپێچی و قۆرخکارییەک ببینن، ڕووبەڕووی سزایان دەکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە تەواوی فرۆشگا و کۆگای پێداویستییە خۆراکییەکانی بازاڕ بەسەر دەکەنەوە. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سۆران، دەڵێت: کۆگاکانی خۆراک پڕن و ھیچ مەترسییەک نییە.

ھێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکا دڵەڕاوکێی لەلای بەشێک لە ھاووڵاتییان دروست کردووە، سەبارەت بە گرانکردنی کاڵا و شتوومەک، بەڵام لیژنەکانی چاودێری بازاڕ ھۆشداری دەدەنە ھاووڵاتییان کە نەکەونە ژێر کاریگەری دەنگۆکان و بەشێوەیەکی ئاسایی دەتوانن پێداویستییەکانیان بەدەست بخەن.
لیژنەکانی بازرگانی و چاودێریکردنی بازاڕ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئامانجیان دڵنیایی دانە بە ھاووڵاتییان لە ھەبوونی ئەو بەرھەمە خۆراکیانەی لە کۆگاکانی بازاڕدا ھەن، لەگەڵ سزادانی ھەر کەسێک و شوێنێک کە ھەوڵی ھەڵاوسان و قۆرخکاری لە بازاڕ بکات.
بازاڕ لەژێر چاودێری لیژنەکانە و ھیچ گۆڕانکارییەک لە نرخ دروست نەبووە، ھاووڵاتییان دەتوانن وەکو ڕۆژانی ڕابردوو بازاڕ بکەن، ھاووڵاتییان و دووکانداران، دەڵێن ئەو بارودۆخەی کە ھەیە ھیچ کاریگەری لەسەر بازاڕی کوردستان نەبووە و ھیوادارین ھیچ کەسێک خۆی نەترسێنێت. خاوەنی فرۆشگە و کۆگاکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، شەڕ و ئالۆزییەکانی ناوچەکە ھیچ کاریگەری لە بازاڕی ئەوان نەکردووە و کۆگاکان ھەموو پڕن و ھیچ مەترسیەک لەسەر کەمی کاڵا نییە.
سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە مانگی ڕەمەزاندا لێژنەکانی چاودێری بازرگانی زۆر فراوان کراون و ڕۆژانە بە سێ کاتی جیاواز لەنێو تەواوی بازاڕدا دەسوورێنەوە و چاودێری دەکەن.
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سۆران، دەشڵێ: ھەروەھا ژمارەیەک ڕێنمایی بە دوکاندارانی چەرەزاتفرۆشان دەدەن و لەوانە، ھەر جۆرە چوکلاتێک، لەکاتی فەلدەکردندا دەبێت نموونەی کیسەکەی بەردەست بێت و ڕێکەوتی بەسەرچوونی دیاربێت، ھەر جۆرە چەرەزاتێک کەوا بە مەبەستی تێکەڵکردنی لەگەڵ جۆرەکانی دیکە فەلدەکرێت، دەبێت گووش یاخود کارتۆنی بەردەست بێت، بۆ ئەوەی ڕێکەوتی ماوەبەسەرچوونی دیاربێت، لە ھەمان کاتدا بەشێوەیەکی ڕێکوپێک بۆ گشت کەلوپەلەکان پابەندی ھەڵواسینی نرخ بن، ھیچ کەلوپەلێک بێ لۆگۆ و بێ ناونیشان لە شوێنەکە نەبێت.
سەفا سەیدخان، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سۆران، ئەوەشی گوت: ئەو شەڕەی ڕوویداوە ھیچ کاریگەری لەسەر بازاڕ و بەرھەمە خۆراکییەکان نەبووە، چونکە ئێستا ھەموو کۆگاکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی کۆگاکانی ھەولێر بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ خۆراکیان تێدایە، بۆیە پێویست ناکات خەڵک دوو دڵ بیت، یان لەو مانگەدا پارەیەکی زۆر بخەنە بازاڕەوە بۆ کڕینی خۆراک، لەگەڵ ئەوەش ئێمە بە بەردەوامی چاودێری بازاڕ دەکەین لەڕووی نرخەوە ھەر شوێنێک بزانین نرخەکەی بەرز دەکاتەوە ئەوەی پێویست بێت ئیجرائاتی لەگەڵ دەکەین.