رۆژنامەی ھەولێر

پەیامی فازڵ میرانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئافرەتان

ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، ڕێکەوتی ٨ی مارس، لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان و جیهان پیرۆز بێت. ئەم ڕۆژە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرز ڕادەگیرێت و گەل و نەتەوەکان لە سەرانسەری جیهاندا یادی دەکەنەوە؛ هەمووان هەڵوەستە لەسەر ڕۆڵی ئافرەت لە نێو کۆمەڵگەدا دەکەن و ئەوە بە بیر دەهێننەوە، کە ژیان بەبێ ئافرەت نەبووە و نابێت. ئەوان تەواوکەری ڕەگەزی بەرامبەرن؛ ئافرەت و پیاو پێکەوە ڕەوڕەوەی ژیان بەرەو ئامانجە پیرۆزەکان دەبەن.

لە وڵاتی ئێمەدا، هەردەم ئافرەتانی کوردستان خاوەن پێگەیەکی ڕێزدار بوون؛ ئەوان لە هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواریدا، بە کاریگەرییەوە ئامادە بوون و جێدەستی کاری بەرهەمداریان بە هەموو لایەنەکانی ژیانی ئێمەوە دیارە. ئەمڕۆش ئافرەتانی کوردستان بەشێکی کارا و کاریگەرن لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواری، هاوکات ڕەوڕەوەی ڕوو لە گەشە و پێشکەوتنی وڵاتەکەمان، هاوشانی پیاوان بەرەو پێش دەبەن.
بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە هەموو دایک، خوشک، هاوڕێ، هاوژین و کچانی کوردستان دەکەم؛ وەک هەمیشە ئافرەتان بناغەی پتەوی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و کایە کاریگەرەکانی وڵاتمانن.

فازڵ میرانی
بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی
8/3/2026