رۆژنامەی ھەولێر

زیاتر لە ( 6 هەزار ) پارچە زەوی تر بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا

ئەمڕۆچوارشەممە 2026.3.4، لەژێر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە درێژەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و گەشت و گوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر لە ڕێورەسمێکدا بە تیروپشک دەستکرا بە دابەشكردنی ( 6 هەزار و 400 ) پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانى سنوورى سەرۆکایەتیی شارەوانى هەولێر.

لە رێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی، تیشكی خستەسەر ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و تاوەکو ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر پڕۆسەكە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و فەرمانبەرانیان کرد بۆ ڕایککردنى کاروبارەکانى پەیوەست بە دابەشکردنى زەوى.

هەروەها بەناوی پارێزگای هەولێر و فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاكە، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و دەستبەركردنی مافەكانیان و ڕایگەیاند، تا ئێستا لەسنووری پارێزگای هەولێر زۆرترین فەرمانبەران سوودمەند بوونە لەوەرگرتنی زەوی و سوپاسی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزاریشی كرد بۆ هەوڵەكانی لەوبارەیەوە و گوتیشی، بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەردەوامە تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لەوەرگرتنی زەوی.

جێگەى باسە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی دۆخی هاووڵاتییانی کوردستاندا، یەکێک لەو بڕیارانە بەخشینی 200 مەتر زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان، لەو چوارچێوەیەشدا لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر، تاوەكو ئێستا شەش قۆناغ زەویی دابەشكراوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەر و پێشمەرگە و خانەنشینانەى کە بڕیارەکەی حکومەت دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.