رۆژنامەی ھەولێر

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هەرێمی کوردستان رێگا نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی بووە و رێگا نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.

لە میانی لێدوانێکدا لەبارەی گرژییەکانی ناوچەکەوە، سەفین دزەیی، ڕایگەیاند؛ رێگا نادەین خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان، چونکە عێراق خۆی کێشەی زۆرە و نابێت رابکێشرێتە ناو شەڕێک کە شەڕی ئەو نییە.”
ڕاشیگەیاند؛ وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵمان داوە بە هانا و دەنگی هاووڵاتییانمانەوە بچین. بەر لە دوو رۆژ کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەنجامدا و ژوورێکی هاوبەشمان لە JCC پێکهێناوە.
سەفین دزەیی، ئەوەشی خستەڕوو؛ رێکارێکمان داناوە بۆ کردنەوەی دوو هێڵی گەرم، تاوەکو هاووڵاتییانمان لە وڵاتانی کەنداو، ئەوروپا و هەر شوێنێکی دیکە بن، بتوانن پەیوەندی بکەن و زانیارییان لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و زووترین کات بیانگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان.”
ئاماژەی بەوەش کرد، کونسوڵخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کراونەتە ئامانج، کە بەشێکیان درۆن بوون و لە ناوخۆی عێراقەوە لە لایەن هەندێک “میلیشیای لەیاسا دەرچوو” ئاراستە کراون، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندی بە بەغداوە کراوە تاوەکو کۆنتڕۆڵی ئەو میلیشیایانە بکەن.