ئامادەکردن و وەرگێران: شێرکۆ حەبیب
تایبەت بە ڕۆژنامەی هەولێر
بەشی دووەم و کۆتایی
دەنگی عەرەب: مامۆستا ساڵح الیوسفی، شاهیدی هەستی برا کوردەکانمان بووین لە خۆپیشاندانەکانی پێنجشەممەی ڕابردوو لە پایتەختی عێراق. هیوادارم وێنەی هەستی برا کوردەکانمان لە ناوچەی باکوور، لە گوند و دۆڵ و شاخەکانیان بگەیەنن بە برا عەرەبەکان.
ساڵح الیوسفی: سوپاسی ڕادیۆی دەنگی عەرەب دەکەین کە دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ قسەکردن لەسەر هەست و سۆزی ئەرێنی نەتەوەیی لە دەوری ئەو گردبوونەوە و خۆپیشاندانانەی کە بووە هۆی دەرچوون و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە. ئەم خۆپیشاندانە بەرفراوان بەرجەستەی خواستی گەلانی عەرەب و کوردە لەم جەژنە نەتەوەییەدا بۆ گەیشتن بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی گەورە سەبارەت بە چارەنووسی دوو گەلی برای عەرەب و کورد. چارەسەری کێشەی کورد بووەتە هۆی دەرئەنجامی ئەرێنی کە کاریگەری لەسەر هەردوو ئاستی جیهانی و عەرەبی هەبووە. لەسەر ئاستی عێراقیش وزەکانی سوپا و گەلی ئازاد کردووە بۆ ئەوەی تەرخان بکرێت بۆ بنیاتنانەوە و گەشەپێدان و بۆ پرسە چارەنووسسازەکان، هەروەها پەیوەندییەکانی یەکێتی نەتەوەیی بەهێزتر کردووە کە خاڵی دەستپێکی هاوکاری و بەشداریکردنە لە پرسە عەرەبییەکان. بە سروشتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی پێشکەوتنخوازە و بە سروشتی خۆی بەستراوەتەوە بە بزووتنەوە پێشکەوتنخوازە عەرەبییەکانەوە و بزووتنەوەیەکی ڕەسەنە دژ بە کۆلۆنیالیزم، کاردانەوەگەرایی و زایۆنیزم.لە لایەکی ترەوە پێگەی بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی نیشتمانی و نێودەوڵەتی سەبارەت بەم هەرێمە بەهێزتر دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی زۆر هەستیارەکەی. چارەسەرکردنی کێشەی کورد، هەروەک جەختی لەسەر کراوە، پێگەی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی و نێودەوڵەتی سەبارەت بە ناوچەکە بەهێز دەکات. بەم بۆنەیەوە سوپاسی دەسەڵاتی نیشتمانی دەکەین بۆ دەستپێشخەری ئەرێنی بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی گەلی کوردستان و خواستە نەتەوەییەکانیان. هیوادارین براکانمان و هێزە نەتەوەیی و عەرەبی و پێشکەوتنخوازەکان لە هەموو شوێنێک پشتیوانی و هاوکار بن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەو پێیەی بە کێشەی بنەڕەتی خۆیان دادەنرێت، چونکە کێشەی هێزە پێشکەوتنخوازەکان کێشەی یەکگرتوو و بەیەکەوە گرێدراون، هەروەها کێشەی ئەو گەلانەن کە لەگەڵ یەکتردا تێکەڵاون.
دەنگی عەرەب: دکتۆر مەحمود، لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە کۆتایی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا چەکی قورس و ڕادیۆکە ڕادەستی حکوومەتی عێراق دەکرێتەوە. ئەی شەڕڤانان چی؟ چارەنووسیان چی دەبێت؟ بۆ کوێ دەچن؟ وە هەوڵەکانیان ئاراستەی کوێ دەکەن؟
د.مەحمود: بەشێکی زۆر لە چەکداران دەگەڕێنەوە سەر کاری ئاسایی خۆیان، چونکە سروشتییە بۆ چەکداران کە هەلومەرج ناچاری کردوون چەک هەڵبگرن و بەرگری لە مافەکانیان بکەن لە بەرامبەر سیاسەتی چەوساندنەوەی حکوومەتەکانی پێشوودا. لە نێویاندا جووتیار، کرێکار، قوتابی، و فەرمانبەران هەیە. سەبارەت بەوانەی دەمێننەوە، دەبنە هێزێک بۆ دەوڵەت و حکوومەتی عێراق، و لەبەردەستی گەلی عێراق و کۆماری عێراقدان. هەموو ماف و ئەرکەکانی خۆیان وەک هێزە چەکدارەکانی تر جێبەجێ دەکەن و بەرگری لە نیشتمان دەکەن و بەشداری هەموو ئەو شەڕانە دەکەن کە خزمەت بە نەتەوە عەرەب و کورد دەکەن.
دەنگی عەرەب: پێم خۆشە بزانم کاردانەوەی ئەو هێزە دوژمنکارانەی عێراق و میللەتی عەرەب و برایانی کورد لە بەرامبەر ئەم ڕێککەوتنەی ئەم دواییە چییە و ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو هێزە دوژمنکارانە هەوڵی ڕێگری لەم ڕێککەوتنە بدەن؟
دکتۆر مەحمود: بەدڵنیاییەوە هێزە دوژمنکارەکان لە کاتی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی و پارتی پیلانی زۆریان ئەنجامداوە، لەوانەش پیلانگێڕی کۆلۆنیالیزمی کۆنەپەرستانەی ٢١ی کانوونی دووەم. بێگومان لە کاتی دانوستانەکاندا بە دڵنیاییەوە پیلانیان هەبووە؛ پیلانیان دانا، بەڵام شکستیان هێنا.لەو کاتەوەی ڕێککەوتنەکە واژۆ کراوە، پیلانیان لە دژی میللەت داڕشتووە، چونکە حەزیان لە ئاشتی و یەکڕیزی نەتەوەیی نییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت وریا بین و پەلە بکەین لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە. دواخستنی جێبەجێکردنی تەنها ژینگەیەکی گونجاو بۆ پیلانگێڕی ئەوان لە دژی ئێمە دروست دەکات. بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، دیوارێکی زۆر بەهێزمان دروست کردووە کە پیلانی دوژمنان پێی ناچێتە ناویەوە. من پێم وایە شێوازی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە تا ڕادەیەکی زۆر سەرسوڕهێنەر بوو بۆ دوژمنان، بەو پێیەی ئەوان خەیاڵیان کردبوو کە دانوستانەکان شکستی هێناوە و مەحاڵە بتوانن بگەنە چارەسەر. ئەوان لەسەر ئەم گریمانەیە هیواکانیان بنیات دەنا. بەڵام وەک بۆمبێکی کاتیی گەورە و چاوەڕواننەکراو وابوو کە سەریان سوڕما و کاریگەری زۆری لەسەر مۆڕاڵیان هەبوو. ان شاءاللە گەلی عێراق بە عەرەب و کورد و کەمینەکانیەوە لە پیلان و پلانی دوژمنان زیرەکترن. پێکەوە دەتوانین هەر هەوڵێک لە سەرەتای دامەزراندنیدا پووچەڵ بکەینەوە و زەمینە بۆ گەشەسەندن و بەهێزبوون و بەشداریکردنی ئەم وڵاتە لە شەڕە چارەنووسسازەکانی نەتەوەی عەرەبدا خۆش بکەین.
دەنگی عەرەب: دکتۆر مەحمود، وەک سەرۆکی شاند و پەیوەندییەکی نزیک بە برایانمان لە باکوور، هیوادارم بتوانن تێڕوانینێکی گشتی لە گەلی فەلەستین، پێگەی دۆزی فەلەستین، و پرسی خەباتی چارەنووسساز دژی کۆلۆنیالیزم و زایۆنیزم لە دڵی برا کوردەکانماندا بدەن؟
دوکتور مەحمود: گەلی کورد، وەک گەلێک کە بە درێژایی مێژوو خەباتی بۆ مافەکانی کردووە و ناچار بووە چەک هەڵبگرێت، خەباتی بۆ مافەکانی کردووە. بۆیە تێکۆشانی گەلێکی دیکە کە لە پێناو مافە ڕەواکانی خۆیاندا خەبات دەکەن، لەوانە گەلی برای فەلەستین بەرز دەنرخێنن. من پێم وایە هەستی ئێمە وەک هاووڵاتی عێراقی وەک هەستی هەموو عێراقییەک و هەستی کەسێکە کە باوەڕی بە پرسە چارەنووسسازەکانی نەتەوەی عەرەب هەیە و پشتیوانی و لە پاڵ خەباتی قارەمانانەی براکانمان، گەلی فەلەستین، بۆ مافە ڕەواکانیان و بۆ گەڕاندنەوەی ئەوەی لێیان وەرگیراوە، دەوەستینەوە.
دەنگی عەرەب: رەنگە دەرکەوتەکانی ئەم پشتیوانییە چین؟
دکتۆر مەحمود: دەرکەوتەکانی ئەم پشتیوانییە لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد و ئەو یەکڕیزییەی لە نێوان نەتەوەی کورد و عەرەبدا سەریهەڵدا، دەستی پێکرد. سەبارەت بە هەنگاوەکانی تری تایبەت بە سیاسەتی عەرەبی و دەرەوە، ئەمانە سیاسەتی دەوڵەتن، کە دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی شۆڕشگێڕی عێراق پلانیان بۆ دانراوە. هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی شانازی بەو شتانە دەکات کە لەم بوارەدا جێبەجێ دەکرێن.
دەنگی عەرەب: سوپاس

