هــــەولێر
لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و رایگەیاند، دۆخی بازاڕ جێگیرە و یەدەگی خۆراک لە کۆگاکاندا بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەستە، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات دوور بکەونەوە لە شڵەژان و کڕینی زیاد لە پێویست.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی رای گشتیی کردووە، وردەکاریی دۆخی بازاڕ و خۆراکی خستە روو.
بە پێی راگەیەندراوەکە، دوای چاودێریکردنی وردی بازاڕ و پەیوەندیکردن بە کۆمپانیا گەورەکانی هاوردەکردنەوە، دەرکەوتووە کە بڕێکی زۆر و پێویست لە کاڵا و خۆراکی بنەڕەتی لە کۆگاکاندا هەیە و هیچ مەترسییەک بۆ کەمبوونەوەیان لە ئارادا نییە.
ژووری بازرگانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات وەک رۆژانی ئاسایی مامەڵە بکەن و تووشی دڵەڕاوکێ نەبن، چونکە زنجیرەی دابینکردن و گواستنەوەی خۆراک بەبێ پچڕان بەردەوامە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکە، ژووری بازرگانیی هەولێر ڕووی دەمی کردووەتە بازرگانان و داوای لێ کردوون کە هەستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ئەخلاقییان هەبێت.جەختیش کراوەتەوە کە بازاڕی هەولێر بە دەستپاکی ناسراوە، بۆیە پێویستە دوور بکەونەوە لە قۆرخکاری و گرانکردنی نرخ، بە پێچەوانەوە چاودێرییەکان توند دەبن و پارێزگاری لە هاوسەنگیی بازاڕ دەکرێت.
هەرێمی کوردستان لانی کەم دە ساڵ دەبێت لە پرسی بەرهەمهێنانی گەنم بە خۆبژێوی گەیشتووە و ئەو گەنمەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت لە سەرووی پێداویستییەکانە و تەنانەت ئەو ساڵانەیش کە وشکەساڵی هەبووە لەسەرووی پێداویستییەکان گەنم بەرهەم هاتووە و ڕەوانەی بازاڕەکان و سایلۆکان کراوە.
هەرێمی کوردستان بەهۆی بە پیتی خاکەکەی و زۆری زەوی کشتوکاڵی بە وڵاتێکی دەوڵەمەند دادەنرێت لە بەرهەمی کشتوکاڵی لەسەرووی هەمووان دەوڵەمەندە بە بەرهەمی گەنم کە بە گرنگترین جۆری خۆراک لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی هەر وڵاتێک هەژمار دەکرێت. لەپاڵ بەرهەمهێنانی گەنم لە کوردستان هەبوونی ژمارەیەکی زۆری سایلۆ ئاسایشی خۆراکی کوردستانیان دابین کردووە.
بەپێی لێدوانی شارەزایانی بواری ئاسایشی خۆراک، گەنم یەکێکە لە بەرهەمە هەرە گرینگەکانی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراک و بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆراک بەو بەرهەمە گرێ دراون. مادەی گەنم بۆ ئارد و دەیان و بگرە سەدان جۆر خۆراکی تر دەگۆڕدرێت کە بە پڕۆسەیەکی پیشەسازی دەتوانێت هەموو ئەو پێداویستییانە دابین بکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم سۆنگەیەوە و بە تێگەیشتن لە بایەخەکانی ئاسایشی خۆراک لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە. لەپێناو بەهێزکردنی ژێرخانی خۆراک و پیشەسازی و پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیان پڕۆژەی جێبەجێ کردوون کە هاوکار بوون لە دابینکردنی زیاتری ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر باش لەو بابەتەی ڕوانیوە و جگە لە هاندانی جووتیاران بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ و زیادکردنی بیری لە دروستکردنی سایلۆ و کۆگا و ساردکەرەوە کردووەتەوە و بەپێی زانیاری و ئامارەکان، ئێستا کۆگەکردنی گەنم لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن تۆنە. ساڵی ڕابردوو لە قوشتەپەی نزیک هەولێر سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم جێبەجێ کرا کە بیست و یەک ملیار دیناری تێچوو.
لە کەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانی سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم بە گوژمەی بیست ملیار دینار جێبەجێ کرا. لە بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک سایلۆیەک بە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنم بە گوژمەی هەژدە ملیار دینار جێبەجێ کرا و لە هەڵەبجەش پڕۆژەیەک بە گوژمەی بیست و شەش ملیار دینار لە جێبەجێکردندایە کە توانای هەڵگرتنی چل هەزار تۆن گەنمی هەیە.
پلانی مەسرور بارزانی،سەرۆکی حکوومەت و کارنامەی حکوومەتەکەی بابەتی هەناردەکردن و دۆزینەوەی بازاڕی نێودەوڵەتی بووە بۆ بەرهەمی جووتیاران، چەند ساڵێک بوو لە هەرێمی کوردستان چەندین بەرهەمی ناوخۆیی بەهۆی زۆربوون و ساغ نەبوونەوەیان لە بازاڕ بە هەدەر دەچوون و فڕێ دەدران وەک ناڕەزایی جووتیاران لە بەهەدەرچونی ڕەنج و ماندوو بوونیان. حکوومەتی هەرێم لە ٥ ساڵی ڕابردوو بە تەواوی ئەم گرفتەی چارە کرد و بە چەندین ڕێگا بەرهەمی جووتیاران لە کارگە نێو خۆییەکان و بازاڕی وڵاتانی جیهان ساغ دەکاتەوە و ئەم پلانەش بەردەوامی هەیە و لە چەند ساڵی ئاییندەدا بە تەواوی دەبێتە دەروازیەکی باشی گەشەی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.
یەکێک لەو پرۆژانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەستی داوەتێ، بابەتی هەناردەکاردن و دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرهەمی جووتیارانی کوردستان کە ئەمەش دەستکەوتێکی بێ وێنەیە لە بواری کشتوکاڵی و پیشەسازی خۆراکدا کو لە مازەیەکی کەمدا ئەم بەرەوپێشچوونەی بەدی هێناوە.
یەکێک لە دەستکەوتە گەورە و دیارەکانی ئەم هەنگاوە لە هەرێمی کوردستان کردنەوەی کارگەی زۆمە بۆ بابەتی شیرەمەنی، کارگەکە ئەزموون و تەمەنێکی مەمی کارکردنی هەیە بەڵام بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی بواری پیشەسازی خۆراک و کردنەوەی کارگەکەش ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بوو.
پڕۆژەی زۆم لەسەر ڕووبەری سێزدە ھەزار و چل و شەش مەتر دووجا بنیاد نراوە، ھەموو ئامێرەکانی ناو کارگەکە لە باشترین جۆر دروست کراون و بەرھەمی ڕۆژانە بیست تۆنە و توانای ھەیە بیگەیەنێتە پەنجا تۆن.
بەپێی ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، 30 هەزار خانووی پلاستیکی دروست کراون و 3813 جووتیار لێی سوودمەندبوون، جگە لە 7 کارگە بۆ بەرهەمەکانی پەتاتە، هەروەها 11 کارگەی جۆراوجۆر بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بە کار خرانەوە.
هەر لە ماوەی کاری کابینەی نۆیەم، نزیکەی 600 کۆگای ساردکەرەوە دروست کراون، کە توانای کۆگاکردنیان 75 هەزار تۆنە و وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە 1.8% بۆ 10%ـی زیادی کردووە، هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانی برنج، سماق، تەحین، هەنار، سێو، قارچک و پەتاتەی هەناردەی وڵاتانی ئیمارات و بازاڕەکانی کەنداو و ئەورووپا کرد.
هەروەها 1650 مۆڵەتی کرنەوەی کارگە دراوە، ژمارەی کارگەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 4743 کارگە.

