چواس خالید – هەولێر
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وامه له فراوانكردنی تۆڕه‌كان و بونیادنانی وێستگه و دانانی گۆڕه‌ڕ و ڕشتانه كار له ژێرخانی كاره‌بای نیشتمانی ده‌كات، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌تێچووی دوو ملیار دیناری عێراقی، وێستگه‌ی كاره‌بای مۆبایلی حاجیاوه ده‌خرێته گه‌ڕ و به گوژمه‌ی سه‌د و دوازده ملیۆن دیناری عێراقیش پڕۆژه‌یه‌كی كاره‌با له بازیان جێبه‌جێ ده‌كرێت.
وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ، وێستگه‌ی مۆبایلی سه‌د و سی و دوو كه‌یڤی له حاجیاوا خسته گه‌ڕ، كه پڕۆژه‌كه به پێنج فیده‌ری جیاوازه‌وه كار ده‌كات و به‌شێكی سه‌ره‌كی گرفته‌كانی كاره‌با له‌و ناوچه‌یه بنبڕ ده‌كات.
پڕۆژه‌ی دانان و وه‌گه‌ڕخستنی وێستگه‌ی سه‌د و سی و دوو كه‌یڤی له حاجیاوا، به تێچووی نزیكه‌ی دوو ملیار دیناری عێراقی جێبه‌جێكراوه، كه به وه‌گه‌ڕكه‌وتنی وێستگه‌كه، گرفتی بارزۆریی سه‌ر وێستگه‌ی كاره‌بای چوارقوڕنه و فیده‌ره‌كانی حاجیاوا و چوارقوڕنه به ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش ئه‌و گوندانه‌ی پێشتر به‌هۆی بارزۆرییه‌وه به ناچاری و به نۆره كاره‌بایان پێده‌درا، له‌وانه‌ش وه‌ك گونده‌كانی قه‌مته‌ران و قه‌ره‌نیاغا و گردجان و زۆربه‌ی گونده‌كانی دیكه‌ی سنووری حاجیاوا و چوارقوڕنه، كێشه‌كه‌یان به‌یه‌كجاری چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
جیاله‌وانه و هه‌ر به دانان و وه‌گه‌ڕخستنی وێستگه‌ی سه‌د و سی و دوو كه‌یڤی، چیدی له سنووری ناوچه‌كانی حاجیاوا و چوارقوڕنه، گرفتی دابه‌زینی ڤۆڵتییه‌ی كاره‌با نامێنێت و بۆ له‌مه‌ودوا كاره‌بایه‌كی جێگیرتر و باشتریان پێده‌گات.
هاوكات هه‌ر له سنووری پارێزگای سلێمانی، به گوژمه‌ی زیادتر له سه‌د و دوازده ملیۆن دیناری عێراقی، له‌سه‌ر بودجه‌ی ٨%ی داهاتی كاره‌با، پڕۆژه‌یه‌كی گرنگی كاره‌با له بازیان جێبه‌جێ ده‌كرێت.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانی ڕایده‌گه‌یه‌نێ، به گوژمه‌ی سه‌د و دوازده ملیۆن و دوو سه‌د و سی و دوو هه‌زار دیناری عێراقی، پڕۆژه‌ی دانانی گۆڕه‌ری دوو سه‌د و په‌نجا كه‌یڤی وه‌ك گۆڕه‌ری یاریده‌ده‌ر له گه‌ره‌كه‌كانی ئاشتی و ئازادی و گه‌ڕه‌كی ئه‌ڵڵایی به سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی دابه‌شكردنی كاره‌بای دووكان جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ماوه‌ی دانانی گۆڕه‌ره‌كان په‌نجا ڕۆژه و بڕیاره له‌و ماوه‌یه‌دا كاره‌كان ته‌واو ببن و به‌هۆشیانه‌وه گرفتی بارزۆری له‌سه‌ر گۆڕه‌ره‌كانی بازیان چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
په‌ره‌پێدان و ڕۆنان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كه‌رتی كاره‌با به‌رده‌وامه و له ماوه‌ی ڕابردوودا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندان پڕۆژه‌ی سێكته‌ری گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی كاره‌بای له شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنیاتناوه و چه‌ندانی نۆژه‌نكردووه‌ته‌وه.
دوای پته‌وكردنی ژێرخانی كاره‌با، دواجار له تشرینی دووه‌می ٢٠٢٤، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاره‌كی گرفتی كاره‌بای دا، كه به په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كاره‌با و جێبه‌جێكردنی چه‌ندان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له سێكته‌ری وه‌به‌رهێنان و گواستنه‌وه و دابه‌شكردن له هه‌موو كوردستان و فراوانكردنی تۆڕه‌كان و بونیادنانی ده‌یان وێستگه، له‌گه‌ڵ دانانی پێوه‌ری زیره‌ك به‌تێچووی دوو سه‌د و په‌نجا ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، ژێرخانی كاره‌بای له هه‌رێمی كوردستان پته‌وكرد، ئێستاش به‌جێبه‌جێكردنی ‘پڕۆژه‌ی ڕووناكی’، خه‌ونی بوونی كاره‌بای ٢٤ كاتی له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان هێنایه دی.
پڕۆژه‌ی ڕووناكی له كۆتاییه‌كانی ٢٠٢٤ كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه به‌هۆیه‌وه كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری بۆ هاوبه‌شانی دابین ده‌كرێت و به‌پێی پلانه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵدا كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری ده‌گاته هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان و بۆ له‌مه‌ودوا چیدی كاره‌با له هه‌رێمی كوردستان ناكوژێته‌وه.

