رۆژنامەی ھەولێر

پرسی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دۆخی سیاسی و ئابووری عێراقی ئاڵۆز کردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

نووری مالیکی سوورە لەسەر خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق و سەرەڕای ئەوەی کە گوشارێکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەرە بەڵام یەک هەنگاویش لە بڕیارەکەی خۆی پاشەکشەی نەکردووە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا مانگێک دەبێت ڕایگەیاندووە دژی کاندیدبوونی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقە و هەڕەشەی کردووە ئەگەر ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوا ئەمریکا بە شێوەیەکی دیکە مامەڵە لەگەڵ عێراقدا دەکات و بە پێوەندییەکانیدا دەچێتەوە.
ئەمریکا نووری مالیکی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەو کاتەی لە دەسەڵاتدا بووە هۆکار بووە لەوەی وڵات بەرەو پشێوی و هەژاری و نەهامەتی بڕوات و بۆیەش ڕێگە نادات دووبارە ببێتەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
نیگەرانیی سەرەکیی ئەمریکا ئەوەیە هەژموونی ئێران لە عێراق پەرە بستێنێت و پێی وایە لە سەردەمی مالیکیدا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە سەختترین دۆخدا بوون ژمارەیەکی زۆری سەربازی ئەمریکا کوژران، شەڕی تایفی هاتە کایەوە و ژمارەیەک گرووپی چەکدار دژی ئەمریکا دەستیان بە چالاکی سەربازی کرد.
ئەمریکا کە هەموو هەوڵێک دەدات هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا نەهێڵێت و کۆتایی بە گرووپە میلیشیاکان بهێنێت ترسی ئەوەی هەیە بە گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ سەر کورسیی سەرۆک وەزیران ڕیسەکەی ببێتەوە و خوری و نەتوانێت ئەو پلانەی هەیەتی جێبەجێ بکات.
نووری مالیکی، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ فرانس پرێس جارێکی دیکە مکوڕبوونی خۆی بۆ پاڵێوراوبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ڕاگەیاند و گوتی بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو مافەی خۆی بێت. ئەو تەنانەت گوتی هیچ کەسێکیش مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە بڕیاری عێراقییەکاندا بکات.
مالیکی کە خۆیشی لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا تێدەگات لە چاوپێکەوتنەکەدا بەڵێنی داوە ئەگەر ببێتە سەرۆک وەزیران ڕێگری لە هەر هێرش و پێشێلکارییەک دەکات بۆ سەر باڵیۆزخانەکان. لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاساش گوتی ئەگەر ئەمریکا دژی هەبوونی ئەو گرووپانە بێت لە عێراق ئەوا ئەوانیش هەر دژی ئەم گرووپانەن و ناخوازن جگە لە دەوڵەت چەک لە دەستی هیچ کەسێکدا بمێنێنێتەوە و بۆ ئەمەش ڕێکاریان هەیە و باوەڕیان بەوە نییە بە زەبری هێرش ئەم ئامانجە بەدی بێنن بەڵکوو بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ویستەکەیان سەردەخەن.
جێی باسە باراک کە ئێستا جگە لە تورکیا و سووریا نوێنەرایەتی عێراقیشی پێ سپێردراوە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کۆ بووەوە و ڕۆژی دووشەممەش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
سەرۆک بارزانی لە ڕێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی سووریا ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕا و ئەمەش وایکردووە بۆ ئەو پرسە گرنگەی عێراقیش ئەمریکا دەخوازێت گوێی لە قسەکانی سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی هەریمی کوردستان بێت و لەم بارەیەوە ڕۆڵ بگێڕن.
ئەو تەنگژە سیاسییەی بەهۆی کاندیدبوونی مالیکی لە عێراق سەریهەڵداوە هێشتا هیچ نەبووە کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕەکانی عێراق داناوە و بەهای دینار بۆ ئاستێکی نزم دابەزیوە و هەر سەد دۆلار نزیک کەوتۆتەوە لە سەد و پەنجا و سێ هەزار دینار و لەچاو پێش هەڕەشەکانی ئەمریکا دینار بە ڕێژەی نزیکەی لەسەدا حەوت بەهای خۆی بەرامبەر دۆلار لەدەست داوە.
زیاتر لە لەسەدا نەوەدی داهاتی نەوتی عێراق پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و ئەو دۆلارەش کە دەستی عێراق دەکەوێت لە ڕێی بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە دابین دەکرێ و ئەگەر ئەمریکا بخوازێت زیان بەر ئابووریی عێراق بگەیەنێت و ڕێ لەوە بگرێت عێراق دەستی بە دۆلارەکانی بگات ئەوا بەهای دینار زۆر زیاتر دادەبەزێت و دەتوانێت قەیرانێکی گەورەی ئابووری لە عێراق بهێنێتە کایەوە.
چاوەڕوان دەکری لەدوای ئەوە گەڕە لە گفتوگۆیانەی نوێنەرەکەی ترەمپ لەگەڵ ڕێبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیبووە ئەو پرسەش بە لایەکدا بشکێتەوە.