سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 21-2-2026، ئەندازیار کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە یاوەری لەگەڵ بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر و سەرپەرشتیار و ژمارەیەک لە ئەندازیارانی پڕۆژە،” پڕۆژەی کارەکانی باغڵومنارەی لە چەند زۆنێک بەسەرکردەوەو بە وردی لە دوایین کارەکانی پڕۆژەکانی کەرتی ناوبراوی کۆڵیەوە، کە ئەم ماوەیە بەهۆی نا سەقامگیری کەش و هەواو شەپۆلە چڕەکانی باران بارین کارەکان تێیدا سست ببوون .
لە بەسەرکردنەوەکەیدا، سەرۆکی شارەوانی هەولێر جەختی لەسەر پاراستنی زۆنەکانی شوێنەوار و ئاسەوارە مێژوویەکانی ناوچەکە کردەوە بۆ ئەوەی بە وردی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و هەنگاوی کار و پڕۆژەکان کار نەکاتە سەر هەموو ئەو شوێنانەی لە ناو حەرەمی شوێنەواریدان …
هەروەها ئەندازیاران و بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکەی ڕاسپارد لە خێراکردنی کارەکان و هاوکات جێگیری ئێستای کەش و هەوای بە دەرفەت زانی بۆ فراوانکردن و پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژەکان و چڕکردنەوەی ئیش و کارەکان لەپێناو بنیاتنانی ئاوەدانی زیاتر و خزمەتکردنی هاوڵاتیان لە شوێنی نیشتەجێبوون .
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر

