ڕائیب جادر – هەولێر
شڤان محەممەد، سکرتێری یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: یەکگرتنەوەی ھەر دوو ڕێکخراوی قوتابییان و لاوان زۆر گرنگ بوو، ئێستا ڕێکخراوەکە زیاتر لە جاران خزمەت بە ھەر دوو توێژی قوتابییان و لاوان دەکات، بەردەوامیش بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان دەکەین. دەشڵێ: ئەمڕۆ بە بۆنەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمان لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان کار و چالاکی جۆراوجۆرمان دەبێت.
ئەمڕۆ ١٨ی شوبات ٧٣ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٥٣ لەسەر بنەمای خزمەتی قوتابییان و لاوان دامەزرا، ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاویشی ھەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و نەتەوەیی لای چینی قوتابییان و لاوان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگییەی بارزانیی نەمر بە چینی قوتابییان و لاوانی داوە.
ئەو ڕێکخراوە ھیچ کاتێک لە بەرپرسیارەتی ڕانەکردووە و پرسە نیشتمانی و نەتەوەیی و کێشەکانی قوتابییان و لاوانی بە ئەستۆوە گرتووە و بۆ ھەر سەردەمێک وەڵامی تایبەت و گونجاوی خۆی ھەبووە و بووەتە پردێک لە نێوان قوتابییان و لاوان و دەستەڵات بۆ چارەکردنی کێشەکان، ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوی قوتابییان و لاوان بە درێژایی ٧٣ ساڵی تەمەنی گەنجینەیەک لە بەرھەم و دەستکەوت بۆ توێژی قوتابییان و لاوان بەدەستھێناوە.
لە دوای ساڵی ١٩٧٩ ھەلێکی نوێ بۆ ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕەخسا و لە ٢٣ی ئازاری ھەمان ساڵ کۆنفرانسی خۆی لە شاری کەرەج بەست، ھەرچەندە ئەو ڕێکخراوە بە ھۆکاری سیاسی دابڕاوە، بەڵام بە درێژایی مێژوو ھیچ کاتێک لە خەبات و بزاڤی نەتەوەیی کورد دانەبڕاوە و لەناو توێژی قوتابییان لەناو زانکۆ و قوتابخانەکانی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش لە ڕێکخستنی لاوانی کورددا دەوری کارای گێڕاوە.
پاش ساڵی ١٩٩١ و دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەم ڕێکخراوە لەناو لاوان و قوتابییان بەشێوەیەکی ڕژد و چالاک کاری کردووە و گەلێک لاوی بە ئەزموون و کاریگەر و سیاسەتمەداری بەرچاو لەناو ئەو ڕێکخراوەدا پێ گەیشتوون، لە ساڵی ١٩٩٩ پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٨ی شوباتی بە ڕۆژی لاوان و قوتابییانی کوردستان دەستنیشان کردووە.
لە ھەموو شار و شارۆچکەکان کار و چالاکی جۆراوجۆرمان دەبێت
سکرتێری یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، کار و چالاکییەکانی ئێمە جۆراوجۆرن، ئەو چالاکیانەش لە ھەموو نووسینگە و لقەکانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەکرێن، چالاکییەکانیش زیاتر بریتین لە پانێل، ھۆشیاری، پێشبڕکێی زانستی، سەرخستنی توانای قوتابی و لاوان، لەگەڵ چەندین چالاکی دیکەی جیاواز.
یەکگرتنەوەی ئەو دوو ڕێکخراوە کارەکانی ئێمەی قورستر کردووە
شڤان محەممەد، سکرتێری یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، گوتی: یەکگرتنەوەی ھەر دوو ڕێکخراوی قوتابییان و لاوان زۆر گرنگ بوو، ئێستا ڕێکخراوەکە زیاتر لە جاران خزمەت بە ھەر دوو توێژی قوتابییان و لاوان دەکات، لە قوتابییەکی تەمەن ٦ ساڵی بگرە تا دەگاتە لاوێکی ٣٥ ساڵی، پێش ئێستا بەو شێوەیە نەبوو، بۆ نموونە قوتابییەک لە تەمەنی ٢٢ ساڵی زانکۆی تەواو دەکرد ئێدی پەیوەندی بە ڕێکخراوەکەوە نەدەما، بۆیە ھەر لەبەر ئەوەش پلانی ستراتیژی یەکگرتنی ئەو دوو ڕێکخراوە بەستنەوەی جیلەکانە بە یەکدی، واتە بەستنەوەی قوتابی و لاوە، ئەوەی دیکە خزمەتکردنی قوتابییەک، یان لاوێکە لە تەمەنێکی زۆر بچووک ھەتا تەمەنی لاوێتی تێدەپەڕێنێت، ھەروەھا یەکگرتنەوەی ئەو دوو ڕێکخراوە لە ئان و ساتێکدایە کە کۆکردنەوەی ھەموو ھێز و توانای ھەر دوو توێژی قوتابییان و لاوان لەژێر چەتری یەک ڕێکخراودا، ڕاستە یەکگرتنەوەی ئەو دوو ڕێکخراوە کارەکانی ئێمەی قورستر کردووە، شەو و ڕۆژ کار دەکەین بۆ خزمەتکردنی قوتابییان و لاوان، بەڵام کارێکی زۆر پیرۆزە و باوەڕمان بە تواناکانی خۆمان ھەیە، لە ھەمان کاتدا سەرکردایەتی خۆمان لەگەڵ ئێمە ھاوکارە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زۆر باش خزمەتی ھەر دوو توێژی قوتابییان و لاوان بکەین.
سەرۆک بارزانی ھاوکار و پاڵپشتی ئێمەیە
سکرتێری یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: دوای یەکگرتنەوەی ھەر دوو ڕێکخراو بۆ پیرۆزبایی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووینەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری ئێوە دەکەم، بەس لەسەر ئەو بنەمایە کاری باش بکەن، زیاتر خزمەتی قوتابییان و لاوان بکەن، سەرەڕای ئەوەش لە ھەر شوێنێک ئێوە کێشەیەکتان بۆ دروست بوو، یان پێویستان بە من بوو، بڵێن سەرۆک ھاوکار و پاڵپشتی ئێمەیە.
بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشەی قوتابییان و لاوان دەکەین
شڤان محەممەد، سکرتێری یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەسەر خەتین بۆ چارەکردنی کێشەی قوتابییان و لاوان، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووینەوە، ھەروەھا بەردەوام لەگەڵ ھەر دوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا لەسەر خەتین، بۆیە قوتابییان و لاوان ھەر کێشە و گرفتێکیان ھەبێت خۆمان نەداوەتە پاش و بەردەوام بەدواداچوونمان کردووە بۆ چارەکردنی کێشەکەیان، بۆیە ھەوڵی جددی دەدەین ببینە نوێنەری ڕاستەقینەی سەرجەم قوتابییان و لاوان، پاش یەکگرتنەوەی ئەو دوو ڕێکخراوە بە دەیان کێشەی قوتابی و لاوانمان گەیاندووەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و چارە کراون، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان زیاد ببن.
بەڵێن بە قوتابییان و لاوان دەدەن
سکرتێری یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، دەشڵێ: بەڵێن بە قوتابییان و لاوان دەدەین، داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی ئەوان بین، لە ھەر شوێنێک ھەر قوتابی و لاوێک پێویستی بە ئێمە بێت بە خۆشحاڵییەوە خزمەت دەکەین و کار بۆ چارەکردنی کێشەکەی دەکەین، لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ بەرنامە و پڕۆژەی گرنگمان ھەیە، ئەوەش بۆ زیاتر خزمەتکردن و ئاسانکردنی کاروباری قوتابییان و لاوانە لە ھەرێمی کوردستان.
لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی جیھانی پەیوەندیمان ھەیە
شڤان محەممەد، سکرتێری یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد: لە دوو ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئەندامین، لەوانە یەکێتی لاوانی دیموکراتی جیھانی و ڕێکخراوی لاوانی سیاسی ئەوروپی، بەردەوام لەگەڵ ئەو دوو ڕێکخراوە پەیوەندیمان ھەیە، ئەوانیش لە زۆر شت ھاوکار و پاڵپشتی ئێمەنە، لەوانە گەیاندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بە جیھان، چونکە بەشێک لە ئەندامانی ئەو دوو ڕێکخراوە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپانە، یان ئەندامی سیاسی و سەرکردەی وڵاتانن، بۆیە بەردەوام لەگەڵ ئەو دوو ڕێکخراوە پەیوەندیمان ھەیە، ھەروەھا بەردەوام لەگەڵ وڵاتان لە پەیوەندیداین، بۆ ئەوەی بۆ زەماڵەی خوێندن ھاوکاری قوتابییانی ئێمە بکرێت، بۆیە ھەر شتێک پێویست بێت و لە بەرژەوەندی قوتابییان و لاوانی ئێمەدا بێت لە ھەر شوێنێکی ئەم جیھانە بێت ھاوکار دەبین، ھەر ئەوەش وای کردووە ھەر قوتابی و لاوێک کێشەیەک یان ھەر داواکاریەکی ھەبێت لە دەرگای ڕێکخراوەکەمان بدات، بۆ ئەوەی کێشەکەی بۆ چارە بکەین.

