ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
٢٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستاندا تێپەڕ دەبێت و لە ماوەی ڕابردوو ئەم فیدراسیۆنە چالاكیی جۆراجۆری کردووە، بەرپرسانی دامەزراوەیش دووپاتی دەكەنەوە كە پێكەوە کار دەکەن بۆ پێشخستنی وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانی لە كوردستان.
بیرۆكەی دامەزراندنی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، ساڵی ٢٠٠٥ هاتە ئاراوە و وەكوو پڕۆژەیەك پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران كرا؛ رێکەوتی ١٢ی شوباتی ٢٠٠٦، ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئەو كات بە فەرمی ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی فیدراسیۆن دا و لەو كاتەوە تا ئێستا، ھەرێمی كوردستان خاوەنی ئۆرگانێكی فەرمی تایبەت بە شاخ و شاخەوانییە.
لە راگەیێنراوێكدا فیدراسیۆنەكە ئاماژەیان بەوە داوە كە ئێستاکە، شاخەوانی لە كوردستاندا گەیشتووەتە قۆناغێكی نوێ و ھەنگاوە گرنگەكانی بەرەوپێشچوون نراون. بەشی تەكنیك و فێركاری فیدراسیۆن، لە ڕێگەی پڕۆژە و خول و سیمینارەكانەوە، بووەتە پێشەنگی پێشخستنی ئەم بواریە. هەروەها ئەندامێتی UIAA لەم ساڵیادەدا، دەستكەوتێكی مەزن و مایەی شانازییە بۆ سەرجەم شاخەوانانی كوردستان. خەون و ئامانجی فیدراسیۆن دروستكردنی كۆمەڵگایەكی تەندرووستە، یاسایی و میللیكردنی وەرزشەكانی شاخ و شاخەوانییە، پەرەپێدانی فەرھەنگی سوودوەرگرتن لە سرووشت، و گەشەپێدانی شاخەوانییەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو لەسەر بنەمای ستانداردەكانی UIAA، هەروەها پەروەردەكردنی مامۆستا و ڕاھێنەری شاخەوانیی كە ئێستا بووە بە ڕاستییەكی دیار و ھەستپێكراو.
هەر لە راگەیێنراوێكدا فیدراسیۆنەكە هاتووە كە، بۆ یەكەم جار لە مێژووی گەلەكەمان لە باشووری كوردستاندا وڵاتەكەمان بووە خاوەنی مامۆستا و ڕاھێنەری شاخەوانی، كە شانازییەكی گەورە و دەستكەوتێكی بەنرخە.
هەروەها گەشتی ئێكسپدەیشن و هیمالیاوانییە سەركەوتووەكان لەلایەن تیمەكانی فیدراسیۆنەوە، بوونەتە سەرمایە و ژێرخانێكی پتەو بۆ شاخەوانییەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو لە كوردستاندا. ئێستا دەتوانین بڵێین شاخ و شاخەوانی لە كوردستاندا ڕێڕەویەكی ڕوون، یاسایی و زانستی وەرگرتووە و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو پێشەوە دەچێت. ئەم ھەنگاوانە ژێرخانێكی پتەون بۆ داھاتووی شاخەوانی . پلان و ستراتیژی ئێمە یەكدەستكردنی فێركاری شاخەوانی لە سەرتاسەری هەرێمدا و پەروەردەكردنی شاخەوانان لەسەر بنەمای ستانداردەكانی UIAAە، كە بە هیوا لە داھاتوویەكی نزیكدا بەرجەستە دەبێت. پلان و ستراتیژی ئێمە ئەوەیە كە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان، خول و فێركاری شاخەوانی یەكدەست و بە بنەمای ستانداردەكانی UIAA پەروەردە بكرێن، پلانێك كە چەند ساڵە كاری دەكرێت و ھەوڵ دەدرێت لە داھاتوویەكی نزیك، وێنەیەك لە شاخەوانی مۆدێرن و سەلامەت لە سەرزەمینی واقیع، لە سەرتاسەر كوردستانی باشور بەرجەستە بكرێت.
فیدراسیۆنەكە دەڵێت لەم یادە دا، دەخوازین شاخەوانان و گرووپەكان، بۆ مسۆگەركردنی پارێزراوی و سەلامەتی خۆیان و هاوڕێكانیان، بە ئاگادارییەوە سرنج بە زانستەكانی شاخەوانی و ناسینی مەترسییەكانی ناو سروشت بدەن و پشت بە بنەما و ستانداردە باوەڕپێكراوەكانی ئەم بوارە ببستن. لەم ئاراستەیەدا، فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئامانجانە، ھەموو ھەوڵ و ھەنگاوەكانی خۆی دەخاتە گەڕ و دووپات دەكاتەوە.
لە راگەیێنراوێكدا فیدراسیۆنەكە پیرۆزبایی لە سەرجەم شاخەوانانی كوردستان دەكات و ھیوای سەركەوتن و بەرەوپێشچوون بۆ ڕەوتی شاخەوانی دەخوازیت. دووپاتی دەكاتەوە كە ھەمیشە جەخت لەسەر شاخەوانییەكی ستاندارد و مۆدێرن لە كوردستان دەكەینەوە.

