ڕائیب جادر – هەولێر
ڕۆژی ھەینی ٦٢ـــەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بێت، بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی جیھان ئەوە دەسەلمێنێت کە ھەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی حیساب بۆ کراوە و پێگەی کوردستان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە، ئەوەش بەھێزی پێگەی دیپلۆماسی ھەرێمی کوردستان نیشان دەدات و لەلایەن وڵاتانەوە ڕێزی لێ دەگیرێت.
سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە، نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گەیشتە ئەڵمانیا، لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا دەیان دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی باڵای وڵاتان و بەشداربووان ھەبوون، لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق کرا، ھەروەھا باس لە ھەرێمی کوردستان و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی کرا، ئەمڕۆش بە دەیان دیداری دیکەی گرنگی دەبێت.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە ساڵانە بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان بەڕێوەدەچێت، دەرفەتێکە بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەبارەی پرسی ئاسایش و سەقامگیری و کێشە جیھانییەکان و تاوتوێکردنی ڕێگەچارە بۆ کێشە و ئاڵۆزییەکان.
کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایش لە جیھاندا و تێیدا سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسە ھەستیارەکانی ئاسایشی جیھاندا دەکەن، ئەم ساڵ کۆنفرانسەکە لە ١٣ـی شوبات دەستی پێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ یەک شەممە بەردەوام دەبێت، لە ساڵی ١٩٦٣ لەنێوان ئەندامانی ناتۆ دەستیپێکردوو و لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەرگای بۆ ھەموو وڵاتانی جیھان کردەوە تاوەکو پرسە ئەمنی و سیاسییەکانی جیھان بەچڕی و وردی و ڕەخنەگەرانە بخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە، کۆنفرانسەکە ساڵانە بە مەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگی زیاتری جیھانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە جیھانییەکان بەڕێوەدەچێت و دەرفەتێکیشە بۆ کەسانی بەرپرس لەو بوارە، تاکو بیروڕاکانیان ئاڵۆگۆڕ بکەن و پەیوەندی بەھێزتر دروست بکەن، ھەرچەندە کۆنفرانسەکە شوێنی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانە لەسەر بابەتە ئەمنییەکان و ھیچ بڕیارێکی تێدا نادرێت، بەڵام لەبەر گرنگییەکەی بە داڤۆسی ئاسایش ناودەبرێت، واتە گرنگی میونشن بۆ ئاسایش وەک گرنگی داڤۆسە بۆ ئابووری.
سەعدون جەبار، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەرێمی کوردستان ساڵانە بەشداری کۆنفرانسەکە دەکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری پێگە و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە بێگومان جێگەی تێڕوانینی زڵھێزەکانە، لە ھەمان کاتدا بەشداری کورد لەو کۆنفرانسەدا ئەوە دەگەیەنێت کە کورد ڕۆڵی کارای ھەیە لە ئاسایشی جیھانی، لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەو ڕۆڵە وای لێ کردووە کە لە ھەر شوێنێکی جیھان گۆنگرەیەک، یان کۆنفرانسێک بەو ناوە ببەسترێت، نوێنەری کورد تێدا بەشدار بێت.
ئەو شرۆڤەکارە، دەشڵێ: کۆنفرانسی میونشن کە ساڵانە دەکرێت، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەلی کوردستان کە سەرکردایەتی کورد لەو کۆنفرانسەدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیھان کۆدەبێتەوە و دیداری گرنگیان دەبێت، ئەوە گرنگی خۆی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، دەتوانن پشتگیری زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەست بھێنن، بۆیە پێشوازیکردن لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە و بەرپرسانی وڵاتان نیشانەی بەھێزی پێگەی دیپلۆماسیی ھەرێمی کوردستانە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا و ئەمریکا زۆر گرنگە، ھەر لەبەر ئەوەش کۆمەڵگەی نێودەڵەتی پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکات، لە ھەمان کاتدا وەکو پارێزەرێکی جیھانی تەماشای ھەرێم دەکرێت.
نیاز کەریم، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بەشداریکردنی بەرپرسانی ھەرێم لە کۆنفرانسی ساڵانەی میونشن، زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، چونکە لە پەڕاوێزی ئەو کۆنفرانس و کۆڕبەندانەدا ھەمیشە کۆبوونەوەی زۆر گرنگ دەکرێن، وەکو بینیشمان لە نێوان سەرۆک و بڕیاربەدەستانی وڵاتان چەندین کۆبوونەوەی گرنگ کراون، ھەرێمی کوردستان وەکو کاراکتەرێکی نادەوڵەتی ئەکتیڤ و کارا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە بەرقرارکردنی ئاسایش و تێکشکاندنی داعش، بۆیە یەکێک دەبێت لە داڕێژەرانی پلانی سەقامگیریی جیھان، چونکە بوونی داعش ھەڕەشەیەکی جیددی بوو لەسەر ئاسایشی جیھان، ئێستاش ھەندێک شانەی نووستووی داعش ھەر ماون، فکرەی داعش ھەر ماوە، ھەڕەشە لە ئاسایشی جیھان دەکەن، کە لێرەو لەوێ خەڵکانێک ھەن دەیانەوێت ئاسایشی جیھان تێک بدەن، ھەر لەبەر ئەوە پێگەی ھەرێمی کوردستان وەکو پێگەیەکی گرنگ، بەشداری سەرۆکی ھەرێم بە دڵنیایەوە لەلایەن وڵاتانەوە بە گرنگی دەخوێندرێتەوە بۆ بەرژەوەندی ھاوبەش، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەو چاوپێکەوتنانەی لە پەڕاوێزی کۆنفڕانسەکە کراون، گرنگن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بۆ زیاتر ئالوگۆڕکردن و ڕێککەوتن لەسەر بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان، ھەروەھا ھەماھەنگی ھاوبەش، ئەمەش بۆ بەرقرارکردنی ئاشتییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە ھەرێمی کوردستان بە بەڵگە لەسەر زەوی سەلماندوویەتی کە ڕۆڵی لە سەقامگیری ئاسایشی ناوچەکە ھەیە و قوربانی زۆری لە جەنگی دژی تیرۆر داوە، ئێستاش خۆشبەختانە کورد بەشێوەیەکی دراماتیکی لە کۆڕبەندە ھەرە گەرمە سیاسییەکان بەشداری دەکات، بە دڵنیاییەوە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە.
د. توانا عەزیز، شارەزا لە کاروباری نێودەوڵەتی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە کۆنفرانسە گرنگەکان لەسەر ئاستی جیھان لەڕووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئارامی، ئەمەش بەناوی ئاساییشەوە دەکرێت، کۆنفرانسەکە لە پاڵ ئەوەشدا دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان فراوانتر بکەن، ساڵانە کە ھەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت توانیویەتی بە ڕێگای ئەو شاندانەی لەسەر ئاستی باڵا بەشدار دەبن پەرە بە پەیوەندییە دیبلۆماسی، سیاسی، ئابووریی و سەربازییەکانی خۆی بدات، بەشداری نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی میونشن سەلمێنەری زیندوویەتی و کارایی ھەرێمی کوردستانە، جگە لەوەش بەشداری ھەرێمی کوردستان لە بۆنە و لوتکەکاندا ئەزموونێکی نوێ بۆ سیستەمی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان دێنێتە ئاراوە.
ئەو شارەزایە، ڕوونیشیکردەوە: کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە زیاتر لە نیو سەدەیە لە میونشنی ئەڵمانیا ڕێکدەخرێت، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕێککەوتنی وڵاتانی زلھێز و ھێزە باوەڕپێکراوەکانی وڵاتان ھەیە، ئەوەی لەو کۆنفرانسە باس کرا بابەتی تەناھی و ئاساییشی ناوچەیی و جیھانی بوو، بەڵام گرنگتر لەوە ئەو کۆبوونەوانە بوون کە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا کران، بێگومان بەشداری ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی خاوەن پێگەی جوگرافی و سەربازی و تەناھی لە ناوچەکە گرنگی خۆی ھەیە.
ھەدار محەممەد، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کورد گرنگییەکی حەتمی لە ناوچەکەدا ھەیە، پێشتریش کارەکتەرێکی بنچینەیی بوو لە کۆتاییھێنان بە ئەفسانەی داعش، بۆیە ھەرێمی کوردستان بە بەڵگە لەسەر زەمیندا سەلماندوویەتی ڕۆڵی لە سەقامگیری ئاسایشی ناوچەکە ھەیە و قوربانی زۆری لە جەنگی دژی تیرۆر داوە، ئێستاش خۆشبەختانە کورد بەشێوەیەکی دراماتیکی لە کۆڕبەندە ھەرە گەرمە سیاسییەکان بەشداری دەکات، بە دڵنیاییەوە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە، بۆیە ئەگەر خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان بەگشتی بکەین ئەمە بەڵگەیە بۆ کاریگەری ڕۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستان لە سەقامگیری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە جێگەی تێڕوانینی زلھێزەکانە، ئەو جۆرە مامەڵەیەی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم دەکرێت لەو کۆنفرانسە دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە یاریکەرێکی سەرەکین و بەگرنگییەوە لە تێڕوانینی سەرۆکی ھەرێم لەبارەی ڕووداوەکانەوە دەڕوانن.
ئەو چالاکوانە، ئەوەشی گوت: کۆنفرانسی میونشن کە بایەخێکی زۆر بە جێئۆپۆلیتیکی وزە دەدات، ھەلێکی زێڕینە بۆ سەرۆکی ھەرێم تا تواناکانی کوردستان لە گواستنەوەی وزەی ناوچەکە و کەنداو بۆ بازاڕەکانی جیھان بخاتەڕوو، کە ڕێڕەوێکی خێرا و پارێزراو و ھەرزانە، ئەمەش وڵاتانی زلھێز ھان دەدات وەبەرھێنانی زیاتر و پاڵپشتیی سیاسیی بەھێزتر بۆ ھەرێمی کوردستان دابین بکەن.

