رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پشتگیرییەکانی ئەڵمانیا بۆ گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان دەکات

لە درێژەی دیدارەکانیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خاتوو ڕیم ئه‌له‌بالی ڕادۆڤان، وەزیری فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆژە و هاوکارییەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدانی مرۆیی و پشتگیریکردنی چاکسازی. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕۆڵی ئەڵمانیا لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان و باشترکردنی ژێرخانی خزمەتگوزارییەکان دووپات کردەوە، بەتایبەتی سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ هاوکاری و پشتگیریکردنی خوشک و برایانی ئێزدی.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها جەختی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و کولتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە. لای خۆیەوە، خاتوو ڕادۆڤان جەختی لە بەردەوامیی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی کردەوە و دەستخۆشیی لە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پەرەپێدانی بوارە جیاوازەکانی گەشەپێدان.