رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکوومەت پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق کرد

باڵیۆزی ئەرمینیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پيزانینی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی مافەکانی پێکهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی شوبات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڕۆبین سۆگۆیان باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە و ئاماژە بە کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس درا.

باڵیۆزی ئەرمینیا پيزانینی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی مافەکانی پێکهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان دەربڕی .

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکان لەپێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری، هەروەها دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و هەوڵ و گفتوگۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئاڵوگۆڕ کرا.