شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند؛ لە دەرەوەی پەرلەمان بڕیار لەسەر کات و شێوازی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەدرێت.
دوێنێ، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، لە وەڵامی پرسیاری “راستە رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوبات، پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوە؟” روونیکردەوە، لە دەرەوەی پەرلەمان بڕیار لەسەر کات و شێوازی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران دەدرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رەتیکردەوە، کێشەی ئێستای پرۆسەی سیاسیی عێراق، تەنیا پۆستی سەرۆککۆمار و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بێت و گوتی، لایەنە شیعییەکانیش ناکۆکییەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیران هەیە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر هەردوو پۆستەکە، لە ماوەی رابردوودا، کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت هەبووە، کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیش هەبووە؛ کۆبوونەوەیەکی دیکەی پارتی و یەکێتیش بەڕێوەدەچێت، هەروەها کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی و لایەنە عێراقییەکانیش دەبێت.
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان لەسەر هەردوو پۆستەکە بگەنە رێککەوتن، چونکە ئەگەر دانیشتنی پەرلەمانیش بەڕێوچوو، بەبێ رێککەوتن ناتوانرێت سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت.

