رۆژنامەی ھەولێر

كۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەكردنی فەرهەنگی عێراقی بۆ ناوە جوگرافیەكان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەكشەممە 2026.2.8، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، كۆبوونەوەی ” لیژنەی ئامادەكردنی فەرهەنگی عێراقی بۆ ناوە جوگرافیەكان “كە پڕۆژەیەكی نیشتیمانییە لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە بە هەماهەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تایبەتە بە هەموو پارێزگاكانی عێراق، لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەری گشتیی دام دەزگا پەیوەندیدارەكانی سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، تیشك خرایە سەر پڕۆژەكە كە تۆماركردن و كۆكردنەوەی تەواوی داتا و زانیاری و ناوەكانی سەرجەم شوێنە مێژوویی، جوگرافی ، مرۆییەكانە لە سنووری هەر پارێزگایەك و دەستنیشانكردنیەتی بە ساتانداردی جیهانی، بۆ ئەو مەبەستەش ئەرك و كاری لیژنەی ناوبراو لە شیکردنەوەیەکی جوگرافی شوێنەكان و بەکارهێنانی سیستەمی زانیارییە جوگرافییەکان و تۆماركردنیان ڕوونكرایەوە و ئەندامانی لیژنەكە ڕاسپێردران بەهەماهەنگی یەكتر لەمڕۆوە دەست بە ئامادەكاری و كارەكانیان بكەن بۆ دانانی نەخشە و دەستنیشانكردن و دیاریكردنی شوێنە مێژووی، كلتووری، گشتیەكان لە سەنتەری شار و سنووری سەرجەم قەزا، ناحیە ، كۆمەڵگا و گوندەكان.

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر ئاماژەی بەگرنگی و پێویستی پڕۆژەكەدا و جەختی لەوە كردەوە، پێویستە لیژنەی ناوبراو بەشێوەیەكی زانستیی و بەووردی كار لەسەر كۆكردنەوە و تۆماركردنی داتا و زانیاریەكان وەكو خۆی و بەشێوەیەكی ستاندارد لە بارەی ناوی شاخ و دەشتایی و ڕووبار و چەم و دۆڵەكان و هەموو ئەوانەشی كە تایبەتن بە شوێنە جوگرافیەكان لە ڕووی مێژووی دروست بوونیان و هەڵكەوتە و ناوچە شوێنەوارییەكان و یەكە كارگێڕییەكانیانەوە بكات.