سلێمان تاشان – ههولێر
مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ مانگێکی خۆش نەبوو بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و لەو مانگەدا کورد بەرەوڕووی تاوانی گەورە بوویەوە و جارێکی دیکە ماڵ و حاڵی شێوا و خوێن ڕژا، بەڵام ئەمە درێژەی نەخایاند و هەر زوو شەڕ و ئاڵۆزی وململانێکان بۆ ڕێککەوتن و ئاشتی گۆڕدران.
رۆژی هەینی ٣٠ کانوونی دووەم ڕێککەوتنێک لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا واژۆ کرا و ڕێککەوتنەکەش کۆتایی بە هەموو بارگرژی و ئاڵۆزییەکان هێنا و ئاوێک بە ئاگری شەڕداکرا.
پێکهێنانی فیرقەیەک کە سێ لیوای هەسەدە لەخۆ دەگرێت، کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە سەنگەرەکانی پێشەوە، چوونەناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بۆ سەنتەری حەسەکە و قامشلۆ، دەستپێکردنەوەی تێکەڵکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان و پێکهێنانی لیوایەک بۆ هێزەکانی کۆبانێ لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب، گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان، مافی مەدەنی و خوێندن بە زمانی کوردی، تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و خۆسەر بە یەکتر کۆمەڵێک خاڵ بوون کە دوای ڕێککەوتنەکە ڕاگەیەنران.
لە سەرەتای مانگی شوباتەوە دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە کراوە. هێزی ناوخۆی سووریا سەرەتا چوونە حەسەکە و پاشان بەرەو قامشلۆ ڕۆیشتن و تەنانەت پارێزگارێکی کورد بۆ حەسەکە دەستنیشان کرا و ڕۆژی هەینیش شاندێکی وەزارەتی بەرگری لە حەسەکە لەگەڵ هەسەدە کۆبوویوە و خەریکە قۆناغەکانی دیکەی ڕێککەوتن جێبەجێ دەکرێن.
رووداوە نوێیەکانی سووریا بەشێک لە خەڵکی دڵخۆش و بەشێکی دیکەی نیگەران کرد، کەسانێک لەوە نیگەران بوون چۆن دەکرێ شەڕڤانێکی کچ و چەکدارێکی ڕیشنی بیردۆگم لە تەنیشت یەکتر بەرگری لە ئاسایشی سووریا بکەن و چۆن دەکرێ سوپایەکی پێشکەوتنخواز تێکەڵ بە سوپایەک بکریت کە هێشتا لە سەرەتاییتریین بنەماکانی مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان تێناگات و هێشتا بە بیری سەدەکانی ناوەڕاست دەژیت، ئەمە بەدەر لەو ڕوانگە شۆڤێنییەی لە دژی کورد و مەزهەب و ئایینە جیاوازەکان لەئارادان و ڕیشەیەکی قووڵی لە کۆمەگەی سووریادا هەیە.
راستە دۆخەکە لە سووریا تا ڕادەیەک جێگیرە و شەڕەکە کۆتایی هاتووە و قۆناغێی نوێی سیاسی لەو وڵاتە هاتووەتە کایەوە بەڵام هێشتا ئاسۆی سیاسی و دەستەبەری مافەکانی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بە ناڕوونی ماوەتەوە. هێشتا دەستەکان لسەر دڵن و گومانەکان لە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانی جەنگ نەڕەویونەتەوە، هەرچەندە ئەوەی ڕوویداوە تەنیا بە ڕەزامەندیی دیمەشق و قامشلۆ نەبووە بەڵکوو ئەمریکا و فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەش بەشدار بوون و هەرێمی کوردستانیش هەر لەسەرەتاوە خەمخۆرێکی سەرەکی پرسی کورد لە ڕۆژئاوا بووە و ڕۆڵی گێڕاوە لە کۆتاییهێنان بە جەنگ و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان بە پشتبەستن بە دانوستان. هیچ کەسێک هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی بۆ بەرگریکردن لە کوردی ڕۆژئاوا و پاراستنی مافەکانی کورد و هەوڵەکانی بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی شەڕی کورد و عەرەب لە لایەک و هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی و خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان بۆ پاڵپشتی لە ڕۆژئاوا لەبیر ناکەن.
حکوومەتی دیمەشق ئەگەر نیەتی خراپ نەبێت ئەوا دەبێت هەنگاوی زۆر گەورە بنێت چونکە لە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژووییدایە و ناکرێ قسەکانی هیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتە دیموکراتیکەکان بێت بەڵام کردەوەکەی هی دەستەی تەحریر شام و داعش بێت.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سەردانی ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ هەولێر پێوەندی بە پرسی ڕۆژئاوای کوردستان هەبوو و جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێم لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبۆوە و تاوتوێی دواین هەنگاوەکانی پەرەسەندنی ڕێککوتنی نێوان کورد و دیمەشقی کرد. وەزیری دەروەی سووریا باسی لە پێوەندیی قووڵی کورد و فەڕەنسا کرد و هیوای خواست ئەوەی بۆ کورد لە باشوور بەدی هاتووە لە ڕۆژئاواش بەدی بهێنرێت.
هەمووان چاوەڕوانن ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات تەنیا ڕووکەش نەبێت و مافەکان و ڕێککەوتنەکان لە دەستووری داهاتووی سووریا ڕەنگ بدەنەوە و ئەگەر هەمووان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون سوووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر هەبیت ئەوا سووریاش دەبێت بۆ هەمووان بێت و پێشگری عەرەبی لابدات و بە ڕوونی مافەکان بۆ هەمووان بچەسپێنرێن.

