رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆدەبێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کارنامەی دانیشتنی داھاتووی پەرلەمانی بڵاوکردەوە و بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، دەڵێت: گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە، نەھاتنەپێشەوەی یەکێتی وایکردووە بارودۆخەکە بگاتە ئەم دۆخەی ئێستا، ئەمە لە کاتێکدایە پارتی دەیەوێت کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ھەڵبژێردرێت کە سەنگ بۆ ئەو پۆستە بگەڕێنێتەوە.

سەرکردەیەکی باڵای پارتی، ئاشکرای کرد: ھیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی نەکراوە لە‌بەرانبەر پێدانی پۆستێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکێتی پۆستی سەرۆککۆمار بداتە پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆیە ئەو دەنگۆیانەی ھەن، دوورن لە ڕاستی و ھیچ پێشنیازێکی وەھا بۆ یەکێتی نەکراوە.
بەشێک لە میدیاکانی یەکێتی لە زاری ‌سەرچاوەیەکی ئاگادار و باڵای ناو حزبەکەیان بڵاویانکردووەتەوە، گوایە پارتی ڕازی بووە بەوەی، وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم لە بەرانبەر دەستبەرداربوونی یەکێتی لە پۆستی سەرۆککۆمار بە حزبەکەیان بدات، بەڵام سەرکردە پلە باڵاکەی پارتی ڕەتیکردەوە ھیچ ڕێککەوتنێکی لەمجۆرە لەگەڵ یەکێتی کرا بێت.
دوای کشانەوەی نەوزاد ھادی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری نوێی عێراق، ئێستا دکتۆر فوئاد حوسێن کاندیدی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ ئەم پۆستە، ھەرچەندە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ـی مانگی ڕابردووی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق ڕێکخست، بەڵام دواجار کۆبوونەوەکە لەسەر داوای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١ـی شوباتی ٢٠٢٦، کاتژمێر ١١:٠٠ـی پێشنیوەڕۆ، دانیشتنی ژمارە (٧)ـی خولی پێنجەمی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت، بەپێی کارنامە بڵاوکراوەکە، دانیشتنەکە لە دوو بڕگەی سەرەکی پێکدێت، بڕگەی یەکەم سوێندخواردنی دەستووریی ژمارەیەک پەرلەمانتاری نوێ کە وەک جێگرەوەی ئەو پەرلەمانتارانە دیاریکراون کە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە یان پۆستی وەزارییان وەرگرتووە و بڕگەی دووەم بریتییە لە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی کۆماری عێراق.
دیاریکردنی ئەم وادەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار دوای ئەوە دێت، کە چەندین جار دانیشتنەکە بەھۆی نەبوونی ڕێککەوتنی سیاسی لەنێوان لایەنەکان دواخرابوو، تاوەکو دەرفەتی زیاتر بدرێت بە لایەنەکان بۆ گەیشتن بە سازان و دیاریکردنی کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە. ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیار بوو لە کۆبوونەوەی سێشەممەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، سەرۆککۆمار ھەڵبژێردرێت، بەڵام لەسەر داوای یەکێتیی نیشتمانی کۆبوونەوەکە دواخرا.
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: گفتوگۆکان تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە، ھەمووان شایەتی ھەوڵەکانی پارتین بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پرسی سەرۆککۆمار، بەڵام نەھاتنەپێشەوەی یەکێتی وایکردووە بارودۆخەکە بگاتە ئەم دۆخەی ئێستا.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: پارتی دەیەوێت کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ھەڵبژێردرێت کە سەنگ بۆ ئەو پۆستە بگەڕێنێتەوە، چونکە وەک ئەو دەڵێت: ئەم پۆستە پشکی تەنیا حزبێک نییە و ھی ھەموو کوردە، دەبێت پێگەی سەرۆککۆمار بەھێز بێت، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی کورد و عێراقیشدایە.
دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەشڵێ: ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەنە ڕێککەوتن، لایەنە عێراقییەکانی دیکە دێنە ناو ھاوکێشەکە و ئەوەش بۆ کورد باش نابێت.