رۆژنامەی ھەولێر

كۆتایی بە كەمیپنی” هەولێر ” بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان هێنرا

ئەمرۆ شەممە 2026.1.31، دوای 10 ڕۆژ لە بەردەوامی كۆكردنەوەی هاوكاری و یارمەتی بۆ خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كۆتای بە کەمپینى هەولێر هێنا و وێڕای دەستخۆشى لە لاوان و گەنجانی خۆبەخشانى کەمپینەکە و دەزگای خێرخوازی بارزانی و قەیرانەكانی پارێزگا لە بەرامبەر هەوڵ و ماندووبون و كارەكانیان لە كەمپینەكە، ساتیشی ڕۆڵی كارای هاونیشتیمانیان و خەڵکی هەولێر و سەرجەم ئەو كەس و لایەن و بازرگان و كۆمپانیایەنە كرد كە پشتیوانی و پشتگیری و پاڵپشتی كەمپینەكەبوون.

گوتیشى: ” ماوەی ئەو 10 ڕۆژەی کەمپینەكە بەردەوام بوو، هەردوو ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان سەر بە پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرپەرشتی کۆی پرۆسەکەیان کردووە و لەو ماوەیەشدا، سەرباری ئەوەی کە ( 1 ملیار و 700 ملیۆن دینار) کۆ کراوەتەوە، ( 504 تۆن ) کەل و پەل و پێداویستی کۆ کراونەتەوە، كە ئەویش ( 325 تۆن ) یان خۆراکی وشکە و هەروەها ( 147 تۆن ) یان پێداویستی ناوماڵ بوون وەک دۆشەک، بەتانی، بالیف و ئەو کەرەستانەی کە پێویستن. هەرچی دەرمان کەرەستەی تەندروستیشە ( 32 تۆن ) بوون و. کۆی گشتیشیان ( 126 تڕێلە) بوون کە لە ڕێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کراون.

ڕاشیگەیاند: “ئەم کەمپینە، ئەرکێکی نەتەوایەتی، نیشتمانی، ئەخلاقی و مرۆڤایەتییە. بە خۆشحاڵییەوە لە گشت بەشەکانی کوردستانەوە هاوکاری و کۆمەك بۆ برا و خوشکانمان لە رۆژئاوا کۆ کرایەوە و سوپاس بۆ بەشداربووانی کەمپینەکە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن كە لە گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی بار و دۆخی کوردانی ڕۆژئاوا و هاندانی خەڵک بەشداربوون لەم کەمپینەدا.

ئاماژەی بەوەشدا، خەڵکی هەولێر هەمیشە بەخشندە و میهرەبانە بوونە و ئەمجارەش بەیەكەوە هاوكار و پاڵپشتی خوشك و برایانمان بوون لە ڕۆژئاوای كوردستان، وێرای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ گەیاندنی کۆمەك و هاوکاریەكان، سوپاسی هەموو ئەو هاونیشتمانییان و كەس و لایەنانەشی كرد كە هەریەك بە گوێرەی توانای خۆی هاوكاری و یارمەتی پێشکەش بە کوردانی رۆژئاوای کوردستان كردووە، هەروەها سوپاسی مامۆستایانی ئاینی و هەموومان كۆمپانیا و بازرگانانی كرد بۆ هاوکار و پشتیوانیەكانیان.

لەكۆتایشدا، لەوەڵامی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت، بە خۆپیشاندانی پشتگریی رۆژئاوا، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: ” خۆپیشاندان دەبێ لە چوارچێوەی رێسای دیاریکراو و بە شێوازێکی مەدەنی بەڕێوە بچێت، نەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناڕێک. ئێستاش کە بەخۆشحاڵییەوە لە ڕۆژئاوای كوردستان رێککەوتنی ئاشتی کراوە، چیدی پێویست بە خۆپیشاندان ناکات. هیوادارین ئەو رێککەوتنە بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ بکرێت و کوردانی رۆژئاواش بە مافەکانی خۆیان بگەن و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر ناوچەکەیان و هەموو سووریادا بکێشێت” .

هەروەها هەوڵەکانی سیناتۆری کۆماریی ئەمریکا ‘لیندزی گراهام’ی بە کارێکی گرنگ وەسف کرد و گوتی: ” گەلی کورد هەرگیز دۆستەکانی خۆی لە بیر ناکات. ئێمە هیوادارین پرۆژە یاساکەی ببێتە یاسا و چیدی گەلەکەمان دووچاری ستەم نەبێتەوە”.

جێگەی باسە، ڕۆژی پێنجشەممە 2026.1.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، دوای کۆبوونەوەی 2026.1.21 دیوانی پارێزگا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، لەبەردەم پاركی شانەدەر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كەمپینی هەولێری بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.