دوێنێ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت پێشوازیکرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “هەژماری من”. لە کۆبوونەوەکەدا دوایین هەنگاوەکانی پڕۆژەکە و ئاستەنگە تەکنیکییەکانی بەردەم بانکەکان تاوتوێ کران.
بەپێی دوایین ئامارەکان کە لە کۆبوونەوەکەدا خرانە ڕوو، تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون. بۆ مووچەی ئەم مانگەش، نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری منەوە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
لە بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی کە تا ئێستا خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەکردووە یان کارتی بانکییان بۆ دەرچووە و تا ئێستا وەریان نەگرتووەتەوە.
وەزیری دارایی، ڕایگەیاند: ڕێکاری توند بەرامبەر ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە کەمتەرخەمن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەت ئەو بانکانەی کێشەی نەبوونی سەنتەری پەیوەندی، کەمیی ئامێرەکانی ATM و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانیان هەیە.
سەبارەت بە بانکی بازرگانی عێراقی TBIئاماژە بەوە کرا کە بەهۆی کێشە تەکنیکییە بەردەوامەکان، دانەنانی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە قەزا و ناحیەکان، و کەمیی خزمەتگوزاری لە سەنتەری پارێزگاکان، بڕیاردرا ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە بوون، بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەگوازرێنەوە بۆ بانکێکی تری ناو پڕۆژەکە هەروەها هەر بانکێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت، لە پڕۆژەی هەژماری من دوور دەخرێتەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی تۆمارکردنی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان کرا کە لە کۆی 455 هەزار سوودمەند، تا ئێستا زانیاریی 438 هەزار کەس وەرگیراوە و زیاتر لە 354 هەزار کەسیان بە تەواوی تۆمار کراون.
هەروەها باس لە دەستپێکردنی پرۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیاران کرا، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە، تاوەکو لەمەودوا شایستە داراییەکانی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە وەربگرن.

