رۆژنامەی ھەولێر

ساڵی ٢٠٢٦ بۆ توركیا ساڵێكی خراپ دەبێت لەڕووی ئابوورییەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

بەگوێرەی بۆچوون و شڕۆڤەی شارەزایانی بواری ئابووریی، ساڵی ٢٠٢٦ بۆ توركیا لەڕووی ئابوورییەوە زۆر خراپ دەبێت و رەنگە لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار، دووچاری دابەزینێكی بێوێنە ببێتەوە، ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گوزەرانی خەڵك دەبێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی توركیا بڵاوی كردوەتەوە، لەمساڵدا هەڵاوسانی ئابووریی لە ٢٠٪ جێگیر دەكەن، هەوڵیش دەدەن نرخی خۆراك كەم بكەنەوە، بەڵام بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، ئەگەر هەڵاوسانیش كەم ببێتەوە، بەو مانایە نییە گوزەرانی خەڵك باش دەبێت.
میدیاكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن بڵاویان كردووەتەوە، وەبەرهێنەری بیانی لە توركیا نەماوە، وەبەرهێنەرەكان ئامادە نین پارەكانیان لە توركیا خەرج بكەن، چونكە توركیا ئارام نییە و لەڕووی ناوەخۆییەوە كێشەی زۆرە، بەتایبەت دەستگیركردنی سیاسییەكان كاریگەریی زۆری لەسەر وەبەرهێنەرەكان هەیە و توركیا بەجێدەهێڵن.
لە هەموو وڵاتێك وەبەرهێنەری بیانی كاریگەریی زۆری لەسەر ئابووریی وڵات دەبێت، یەكێك لە كێشە هەرە گەورەكانی توركیا، نەمانی ئەو وەبەرهێنەرە بیانییانەیە، چونكە ملیارات دۆلاریان لەگەڵ خۆیان بردووە و بانكەكانی توركیاش دۆلاریان كەمە، ئەمەش وای كردووە، رەوشی ئابووریی باش نەبێت.
وەبەرهێنەرە بیانییەكانی توركیا روویان لە یۆنان كردووە، چونكە ئەوێیان پێ باشە بۆ وەبەرهێنان و قازانجی زیاتر.
لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار زۆر دابەزیوە، یەك دۆلار زیاترە لە ٤٠ لیرە، بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاودەكرێتەوە، ترس هەیە لیرەی توركی زۆر دابەزێت، بەجۆرێك لەگەڵ پارەی ئێران جیاوازییەكی ئەوتۆی نەبێت، چونكە وەبەرهێنەری بیانی رۆیشتوون و هەروەها بەهۆی گرانی خۆراك و هەموو شتێك، رێژەی گەشتیار بۆ توركیا كەمی كردووە.
پێشبینییەكان بۆ ئەوەن لەمساڵدا، یەك دۆلار ٦٠ لیرەی توركی تێپەڕێنێت، چونكە هەموو ساڵێك لیرە لەبری ئەوەی بەرز ببێتەوە، بەپێچەوانەوە بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێت، بۆ ٢٠٢٦یش بەهەمان شێوەیە و دابەزینێكی گەورە تۆمار دەكات.
یەكێك لە كێشە هەرە گەورەكانی توركیا، مووچەی خانەنشینانە، كە كەمترین مووچەی خانەنشین ٢٢ هەزار لیرە دانراوە، ئەمەش هەرایەكی گەورەی دروست كردووە، چونكە خانەنشینان داوا دەكەن، كەمترین مووچەیان ٤٠ هەزار لیرە بێت، ئەوكات دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بكەن.
حكوومەت بەفەرمی رایگەیاندووە ناتوانن مووچە لەوە زیاتر بەرز بكەنەوە، چونكە هەڵاوسانی ئابووری زیاد دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی خۆراك لە ئێستا گرانتر بێت، بۆیە مووچە وەكوو ئەوەی پێشنیار كراوە دەهێڵنەوە.