رۆژنامەی ھەولێر

لە پارێزگای دهۆک ٣٥٧ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا جێبەجێ کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە پارێزگای دھۆک ٣٥٧ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە بوارە جیاجیاکاندا جێبەجێ کراون، لە ئێستاشدا زەوی بۆ ٨٥ پڕۆژەی نوێی ستراتیژی لە ھەموو کەرتەکاندا تەرخان کراوە.

لە پارێزگای دھۆک تا ئێستا ٣٥٧ پڕۆژەی وەبەرھێنان لە بوارە جیاجیاکاندا جێبەجێ کراون و زەویش بۆ ٨٥ پڕۆژەی نوێی ستراتیژی لە ھەموو کەرتەکاندا تەرخان کراوە. بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێت، بە مەبەستی بەھێزکردنی ژێرخان و ئابووری ناوچەکە، پلانی گەورە بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکە داڕێژراون.
دکتۆر ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنان لە پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ٨٥ پڕۆژە دابین کراون و لە پلانماندایە لە ساڵی ٢٠٢٦ وەک ساڵی ٢٠٢٥، نزیکەی ٤٠ بۆ ٤٥ پڕۆژە ئامادە بن بۆ مۆڵەتپێدان و دەستبەکاربوون، پڕۆژەکانیش جیاوازن، لە پلانی ئەمساڵماندا گرنگی زیاتر دەدەینە سێ کەرتی سەرەکی، ئەوانیش پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیارین، پڕۆژەکان بەگوێرەی سروشتی ھەر ناوچەیەک دروست دەکرێن.
لە ھەنگاوێکی گرنگدا بۆ گەشەپێدانی ئابووری پارێزگای دھۆک، لەمساڵدا ١١٧ پڕۆپۆزەڵی پڕۆژە لەلایەن وەبەرھێنەرانەوە پێشکەش کراون و پەسەند کراون، ئەم شاڵاوەی پڕۆژانە سیمایەکی جوانتری بە پارێزگای دھۆک بەخشیوە و ھەلی کاری بۆ دەیان گەنج ڕەخساندووە و جووڵەی خستووەتە ناو بازاڕەوە.