کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، دوای چوار ڕۆژ کۆتایی بە کارەکانی ھێنا، شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندەکە بەشدار بوو و لەو کۆڕبەندەدا لەگەڵ سەرۆک و بەرپرس و نوێنەری باڵای کۆمەڵێک وڵاتی جیھان کۆبوویەوە. شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، کۆڕبەندی داڤۆس ھاوکار دەبێت کە کۆمپانیا جیھانییەکان زیاتر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوای کۆتایی ھێنان بە سەردانەکەی بۆ داڤۆس، ڕایدەگەیێنێت، داڤۆس بە ھاوئاھەنگیی و ھاوبەشی بەھێزترەوە جێ دەھێڵین.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “فەیسبووک” نووسیوویەتی: ئەمساڵیش کۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس بە ھاوئاھەنگیی و ھاوبەشی بەھێزترەوە جێ دەھێڵین و پەیامی نەگۆڕمان بریتییە لە گفتوگۆ لەبری شەڕ و ناکۆکی، ماف لەبری پشتگوێخستن، وەبەرھێنان لەبری نادڵنیایی.
ماوەی سێ ڕۆژ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی جیھانی داڤۆس چەندین دیداری گرنگی لەگەڵ بەرپرس و کەسایەتییە دیارەکانی جیھان ئەنجامدا، تێیدا باسی گەشەکردنی ھەرێمی کوردستان و جەختکردنەوە لە پاراستنی مافی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە، وڵاتان بە گرنگییەوە باسیان لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ مەسرور بارزانی کردووە، ھەروەھا بانگھێشتیشیان کردووە تا لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی وڵاتەکانیان بکات.
ھەرێمی کوردستان بەھۆی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەڵکەوتە جوگرافیایەکەی وای کردووە وڵاتان و سەرکردە جیھانییەکان ھاوشێوەی وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ شاندی ھەرێمی کوردستان بکەن. بە بڕوای شارەزایانی ئابووری، کوردستان شوێنێکی ئارام و لەبارە بۆ وەبەرھێنان، دەتوانێت سەرنجی کۆمپانیاکانی جیھان بۆ وەبەرھێنان لە کوردستان ڕابکێشێت، بۆیە کۆڕبەندی داڤۆس ھاوکار دەبێت کە کۆمپانیا جیھانییەکان زیاتر ڕوو لە ھەرێم بکەن، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس ئەو پەیامەی بەڕوونی بە وڵاتانی جیھان گەیاند، ھەروەھا وێنەی ڕاستەقینەی کوردیان نیشانی وڵاتانی جیھان دا کە ھەرێمی کوردستان پێویستە گرنگی زیاتر پێ بدرێت.
ھەر چەندە کوردستان دەوڵەت نییە، بەڵام سەرۆکی حکوومەت بەلێھاتووی و زیرەکی خۆی توانی بەشێوەیەکی زۆر باش یاری لەناو کۆڕبەندەکەدا بکات و زۆرێک لە بەرپرسانی جیهان ببینێت، کە ئێمە گەڵێکین زوڵمان لێکراوە، مافمان خوراوە، پێویستە ڕێز لە مافەکانی گەلی کوردستان بگیرێت.
ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەم کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس لە سویسرا بەڕێوەدەچێت کە تێیادا سەرۆکی دەیان وڵات و وەبەرھێنەر و کەسایەتییە دیارەکانی جیھان بەشداری دەکەن کۆڕبەندەکە یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧١ دامەزرا و سەرووی ھەزار کۆمپانیای بەناوبانگی جیھان تیایدا ئەندامن، ئامانجی سەرەکی کۆڕبەندەکە ئابووری ئازاد و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەباری وەبەرھێنانە لە ھەموو وڵاتانی جیھان.
مەھدی خەلیل، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ڕەنگە بەشداری کردن لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس زۆر زەحمەت نەبێت، بەڵام گرنگی دان بەو کەسانەی کە لە کۆڕبەندەکە بەشداری دەکەن ئەوە زۆر گرنگە، سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان و کۆمپانیا جیھانییەکان لەو کۆڕبەندە زۆر گرنگیان بە ھەرێمی کوردستاندا، داڤۆس جێگەی کۆبوونەوەی خاوەن بەرژەوەندی ئابوورییە، زۆر کێشەی ئابووری لەو کۆڕبەندە باس کران، بەشداری شاندی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، گرنگییەکی زۆر ھەیە، لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە بۆ بووژانەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان گرنگە.
خەلیل، گوتیشی: کوردستان شوێنێکی ئارام و لەبارە بۆ وەبەرھێنان، دەتوانێت سەرنجی کۆمپانیاکانی جیھان بۆ وەبەرھێنان لە کوردستان ڕابکێشێت، سەرۆکی حکوومەت لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس ئەو پەیامەی بەڕوونی بە وڵاتانی جیھان گەیاند، ھەروەھا وێنەی ڕاستەقینەی کوردیان نیشانی وڵاتانی جیھان دا کە ھەرێمی کوردستان پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێت، لە ھەمان کاتدا پەیامێک بوو بۆ وڵاتانی جیھان، بەتایبەتی وڵاتانی دەوروبەر، کە کوردستان ڕۆژبەڕۆژ پێش دەکەوێت، ئەمریکا بە چاوێکی دیکە تەماشای کوردستان دەکات، بۆیە عێراق، وڵاتانی دەوروبەر دەبێت بە چاوێکی دیکە تەماشای ھەرێمی کوردستان بکەن.
د. نیاز عەبدی، شارەزای ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە کۆڕبەندەکەدا بە سەدان سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان و کەسانی شارەزا و کاریگەر بەشدار بوون، بە داوەتێکی فەرمی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بەشدار بوو لە کۆڕبەندەکە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان گرنگی خۆی ھەیە، لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە، سەرۆکی حکوومەت چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگی ھەبوو لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی کاریگەر وەکو کەسێکی شیاو کارێزمایەکی باش لەگەڵ سەرکردەکانی جیھان گفتوگۆی کرد، بۆیە ئەو کۆڕبەندە گرنگی خۆی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە.
ئەو شارەزایەی ئابووری، زیاتر گوتی: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ژمارەیەک سەرمایەدار و وەبەرھێنەر و خاوەن کۆمپانیای لەگەڵ خۆی بردە داڤۆس و لەوێ ماڵی کوردستانیان کردەوە، ئەوەش بۆ ئەوە بوو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیایە بیانییەکان بە ھەموو سێکتەرە جیاکانەوە فراوانتر بکەن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت سەرۆکی حکوومەت بە سیاسەتی حەکیمانەی خۆی توانیویەتی پێوەندییەکی زۆر باش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ وڵاتان دروست بکات، لە ھەموو کۆنفرانسە جیھانیەکانیش ھاوشان لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان بەشدارە، بۆیە یەکێک لە دەسکەوتەکانی کابینەی نۆیەم ئەوەیە پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان بەھێزتر کرد، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی ھەبوو بۆ ئەوەی پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر بەھێز بێت، ئەو جموجۆڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گۆڕانکاریی گەورەی سیاسییدا تێپەڕ دەبێت.
د. نیاز عەبدی، شارەزای ئابووری، ئەوەشی گوت: ئێستا کوردستان ئارامترین ناوچەیە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ھەموو پێکھاتەکان پێکەوە بە ئازادانە دەژین، ئەوەش سەرنجی وڵاتانی زیاتر ڕاکێشاوە، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان کاریگەری ھەبوو لەسەر لەناوبردنی داعش، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان باڵانسی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگرتووە، ھەروەھا دەتوانێت ڕۆڵێکی نێودەوڵەتی بگێڕێت بۆ ھێوربوونەوەی ئەو دۆخەی کە ئێستا لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ھەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان، بۆیە ئەو حسابەی بۆ ھەرێم دەکرێت بۆ ھەندێک لە وڵاتان ناکرێت، ھەروەھا دەرفەتێکی باشە کە وەبەرھێنەرانی جیھان ڕوو لە ھەرێم بکەن، ئەوەش ئابووری کوردستان زیاتر پێش دەخات، ئەوەش بۆ ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان گرنگە.

