گیانەکەم لییا،
تاقانەی ڕۆح و بینایی چاوەکانم،
ئەمڕۆ چل ڕۆژە، چل شەوی تاریکە کە ناتوانم دەست بە پرچی خاوتدا بێنم، باوکانە بتلاوێنمەوە و پێت بڵێم: “شەوت شاد، کچەکەم”.
دەزانم لەم چل ڕۆژەدا چەند جار سەیری دەرگاکەت کردووە و چاوەڕێ بوویت گوێت لە دەنگی ئۆتۆمبێل و قەدەمی پێیەکانم و زەنگی مۆبایلەکەم بێت و بڵێی: “دایە، بابە هاتەوە”.
ئاخەر دەڵێن: باوک قەڵای بەهێز و سایە و سێبەری کیژانە.
ئازیزی بابە،
دەزانم چەند جار بە بێدەنگی لە ژێر لێفەکەتدا گریاویت، تا دایکت هەست بە دڵپڕیت نەکات و ڕۆندکی چاوە گەشەکانت نەبینێت.
کیژۆڵەکەم، هەر فرمێسکێکی تۆ لەم دونیای ئەبەدییەدا ڕۆحی من دەهەژێنێت.
لییای ژیر و زیرەکم،
بیرتە باسم لە جەواهیر لال نەهرۆ دەکرد؟ ئەو لە پشت “میلەکانی زیندان”ەوە نامەی بۆ کچەکەی دەنووسی و مێژووی جیهانی بۆی شی دەکردەوە. بەڵام باوکی تۆ لە پشت «پەردەکانی مەرگ»ەوە بۆت دەنووسێت.
هەموو ڕۆژێ ئەزموونەکانی ژیانت دێنمەوە پێش چاو، بۆ ئەوەی لە تەڵە و داوان بتپارێزم. جیاوازییەکە ئەوەیە: زیندان دەرگای دەکرێتەوە، بەڵام مەرگ ڕێگای گەڕانەوەی نییە.
بۆیە، کچەکەم، دەبێت گوێم لێ بگریت:
تۆ ئێستا تەنها “لییا” نیت؛ تۆ میراتگری هەموو ئەو خۆشەویستی و هیوا و ئاواتە وەدینەهاتوانەی منیت.
کچەکەم، دونیای بێ باوک سەختە، بەڵام مەرگ حەقیقەتی ژیانی هەموو مرۆڤ و زیندەوەرێکە. بۆیە ئەوانەی مەرگی ئازیزانیان دەبینن، دەبێ خۆڕاگرتر بن. نابێ مەرگی ئازیزان هەرگیز بیانڕوخێنێت یان ئەژنۆیان بلەرزێنێت.
کچەکەم،
ڕەنگە خەڵک بە چاوی بەزەیی سەیرت بکەن، بەڵام هەرگیز ڕێگە مەدە ئەو نیگایانە بتشکێنن. تۆ شیاوی ئەوەی هاوسۆزت بن، بەڵام تۆ بەهێزیت و شیاوی بەزەیی پێداهاتنەوە نیت؛ چونکە بەزەیی شیاوی کەسانێکە لاواز و دەستەوستان.
تۆ چیایەکی لە ورە و بەهرەی، و دەریایەکی لە هیوا و ئاواتی ڕوون.
هەر کاتێک هەستت کرد پشتت خەریکە لە ژێر بارستایی ژیان دەچەمێ، بیرت بێت تۆ کچی (نەهرۆ)یت. تۆ هەتیو نیت؛ هێز و ڕۆحی منت لە جەستەیدایە. تۆ شێرەژنێکی بچکۆلەیت کە چارەنووس زوو گەورەی کردووە.
فێربە، کچەکەم…
فێربە کتێبی ژیان بخوێنیتەوە. زیرەکی تەنها ئەوە نییە نمرەکانت بەرز بن؛ زیرەکی ئەوەیە کاتێک ژیان ڕێگەت لێ بەرتەسک دەکاتەوە، وەکوو ئاو تاشەبەردەکان ببزوێنیت، خلۆریان بکەیتەوە و ڕێگای خۆت بەرەو دەریا بکەیتەوە.
وەک شاژنێک هەستیتەوە و تاجی سەرت ڕاست بکەیتەوە. مەهێڵە دڵپاکییەکەت ببێتە هۆی ئەوەی فریوت بدەن، و مەهێڵە ئازارەکانت ببنە هۆی ئەوەی دڵڕەق بیت. وەک ئاو بە: نەرم و ڕوون، بەڵام بەهێز؛ هێزێک کە دەتوانێت بەردیش شەق بکات.
تاقانەکەم،
لە چلەی باوکتدا، بەڵێنم پێ بدە کە هەرگیز خۆت بە تەنیا نەزانیت. سوێند بەو خاکەی باوەشی پیا کردووم، من لەگەڵ هەموو هەناسەیەکی تۆدا دێم و دەچم. من ئەو هێزەم کە لە دەمارەکانتدا دەگەڕێت.
کاتێک بڕیارێکی گرنگ دەدەیت، کاتێک دەترسیت، دەست بخەرە سەر دڵت؛ ئەو لێدانە خێرایە، ئەوە منم پێت دەڵێم:
”نەترسە، لییا .. بابە لە پشتتە”.
سەربەرز بە، باڵابەرز بە.
وا بژی کە ڕۆژێک هاتیتەوە لام، بە شانازییەوە بڵێم:
”ئەوەتا لییا … ئەوەتا ئەو کچەیەی مەرگیش نەیتوانی لە باوکی داببڕێت”.
خۆشم دەوێیت،
زیاتر لەوەی وشەکان بتوانن هەڵیبگرن.
هاودەنگ فارووق
24/01/2026
ڕانیە

